Daily Archives: نیسان 22, 2019

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پانێڵێکی دەربارەی مەترسیەکانی ماددەی هۆشبەر ئەنجامدا

لە ژێر چاودێری پ.ی .د .کاوە شێروانی سەرۆكی زانكۆی پۆڵیتەكنیكی هەولێر ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ٢٠١٩/٤/٢٢ پانێڵێک لە پەیمانگەی تەکنیکی سۆران لە ژێر ناونیشانی (چۆنیەتی پاراستنی کۆمەڵگە لە مەترسیەکانی تەشەنەکردنی ماددە هۆشبەرەکان) بەڕێوە چوو.

پانێڵەکە بە بەشداری هەریەکە لە (مقدم بەختیار كریم-بەرپرسی بانكی زانیاری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی هەرێم، جواد سوار محمد-بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤ لەسۆران، هەروەها نزار احمد یحیی مامۆستا لەپەیمانگەی تەکنیکی سۆران) بەڕێوەچوو، کە تیایدا باس لە ماددەی هۆشبەر و لێکەوتەکانی کرا کە لە ئێستادا یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکانی جیهان و کوردستانە بەتایبەتی لە دەڤەری سۆران بەهۆی شوێنی جوگرافی، کە هاوسنورە لەگەڵ ئێران و تورکیا کە بە سەرچاوەی بڵاو بوونەوەی ماددەکە ناسراون.

ئامانج لە ئەنجامدانی پانێڵەکە هۆشیار کردنەوە و خستنەڕووی کۆمەڵێک زانیاری بوو لەسەر ماددە هۆشبەرەکان، جۆرەکانی، بازرگانی کردن، زیانەکانی هەروەها هۆکاری سەرهەڵدانی ماددە هۆشبەرەکان.

دواتر را و سەرنج و تێبینیەکانی ئامادەبووان دیبەیتەكەیان زیاتر دەوڵەمەند كرد، لە كۆتاییدا ڕاگرایەتی پەیمانگەی تەكنیكی سۆران سوپاس و پێزانینی ئاراستەی رێكخەر و ئەندامانی دیبەیتەكە كرد.