بروسكەی پیرۆزبایی سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینیەوە

بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی ۲۰۲۰ـی زاینییەوە بەناوی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیانی ئازیزی زانكۆکەمان دەکەین.

هیوادارین ساڵی نوێ ساڵی بەدیهێنانی خەونەکان و هاتنه‌دی هیوا و ئاواته‌كانی گه‌له‌كه‌مان بێت و ساڵی كۆتایی هێنان بێت به‌ناخۆشی و قه‌یران و كێشه‌كان له‌ناوچه‌كه‌.

ئێمە لەکاتێکدا پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەین، دەستكەوت و شانازییەكانی ئەمساڵی زانكۆمان زۆرن، كە بەری رەنج و ماندوونی هەموو لایەکمانە، ئاستی زانستی زانكۆكەمانی گەیاندووەتە ئاستی زانكۆكانی ناوچەكە و بەردەوام پەیوەندی ئەكادیمی و لێكتێگەیشتننامەی زانستی لەگەڵ زانكۆ جیهانییەكان دەبەستین.

ئومێدیشمان وایە ساڵی داهاتوو، بە هەوڵ و هیمەتی ئێوە ساڵی بەرەوپێش چوون و گەشەی زیاتری رەوتی زانستی و ئەكادیمی بێت لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی نیشتمان و بەدیهێنانی ژیانێكی سەردەمیانە بۆ ڕۆلەکانی گەلەکەمان.

‎دووبارە ساڵی نوێتان پیرۆزبێت

۳۱/۱۲/۲۰۱۹

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی چەرمۆ رێککەوتنێکی ئەکادیمیان واژۆ کرد

ئێوارەی رۆژی سێ شەممە رێککەوتی ۱۷ـی دیسەمبەری ۲۰۱۹ لە سەرۆکایەتی زانکۆ، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و سەرۆکی زانکۆی چەرمۆ پ.د. سەڵاح رەزا سعید رێکەوتنێکی ئەکادیمیان واژۆ کرد.

رێکەوتنەکە خۆی لە چەند بوارێکدا دەبینێتەوە ئەوانیش:

هاوکاری و هەماهەنگی لە کردنەوەی خوێندنی باڵای هاوبەش (دبلۆمی باڵای ئەکادیمی، ماستەر و دکتۆرا) بەسوود وەرگرتن لە کۆی ستافی هەردوولا.

هەروەها دابینکردنی کورسی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵای ئەکادیمی، ماستەر و دکتۆرا) بۆ ستافی هەردوو زانکۆ بەپێی هەبوونی بواری پسپۆڕی لەهەر زانکۆیەکدا.

هاوکاری کردن لەڕووی بەکارهێنانی تاقیگە و ئامێرەکانی توێژینەوەی زانستی و ئاسانکاری بۆ بەکارهێنانیان لەلایەن توێژەر و قوتابیانی خوێندنی باڵا لەهەردوو زانکۆ.

رێکەوتنەکە چەند خاڵێکی دیکەی پەیوەست بە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان زانکۆکان تێدایە کە لەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و ساڵانە نوێدەکرێتەوە بە پێی پێویستی و ویستی هەردوو زانکۆ.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر تاقیکردنەوەی دیاری کردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی رادەگەیەنێت

لە چوارچێوەی ئامادەکاری بۆ کردنەوەی خولەکانی فێرکاری زمانی ئینگلیزی بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا و نازناوی زانستی، سەنتەری زمان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پرۆسەی دەستپێکردنی تۆمارکردنی ناو بە مەبەستی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاست ڕادەگەیەنێت.

ناونوسین لە ڕۆژی ١٦/١٢/٢٠١٩ وە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی دوو ھەفتە بەردەوام دەبێت.

بۆ خۆتۆمارکردن کلیک لــێـــرە بکە.