Daily Archives: نیسان 20, 2024

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر یەکەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی ڕێکخست

رۆژی شەممە 20ی نیسانی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر یەکەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی بەهاوبەشی لەگەڵ پۆرتڤلکۆلیجی ئەمریکی لە کالیفۆرنیا و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزای مێرگەسۆر لەژێر ناونیشانی “وانەوتنەوە و تەکنەلۆژیا لە سەدەی بیست و یەکدا، دەرفەت و ئاستەنگەکان” بەرێوەچوو.

لەم سیمپۆزیۆمەکەدا هەریەکە لە د. کارزان کەریم خواڕەحم نوێنەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، غەفوور مەلا سوار قائیمقامی قەزای مێرگەسۆر ، د. ئەمیر چالی نوێنەر و راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و قوتابییانی زانکۆ ئامادەبوون.

لە وتارێکدا کە بە زمانی ئینگلیزی و کوردی پێشکەشی کرد د. ئیدریس هەرکی سەرۆکی زانکۆ بە گرنگییەوە باسی لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکیی و سیمپۆزیۆمە و دەستخۆشی لە رێکخەران و بەشداربووانی سیمپۆزیۆمەکە و قسەکەرە نێودەوڵەتییەکان کرد.

دواتر دەستکرا بە پێشکەشکردنی بەرنامەی سیمپۆزیۆمەکە، و گفتوگۆ کرا لەبارەی پەرەسەندنی ڕۆڵی تەکنەلۆژیا لە پەروەردەدا، لەگەڵ دەستنیشانکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی پەروەردەکاران دەبنەوە. هەروەها خستنەڕووی ئەو دەرفەتانەی کە تەکنەلۆژیا فەراهەمی کردوون بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی وانەوتنەوە و ئەزموونی فێربوون لە سەردەمی مۆدێرندا، کە هەموو ئەوانەی سەرەوە لە دوو تەوەردا باسکرا ئەوانیش:

یەکەم/ پەرەپێدانی توانای مامۆستاکانمان و گونجاندنی لە پڕۆسەی وانەوتنەوە لە سەدەی بیست و یەکدا.

دووەم/ ڕووبەڕوبوونەوەی ئاستەنگەکانی وانەوتنەوە لە قۆناغی تەکنەلۆژیادا، گۆڕینیان بۆ دەرفەت.

لە کۆتایی مەراسیمەکە سوپاس و پێزانین بەخشرایە بەڕێوەبەری پانێڵ و پانێلیستەکان.

هەر لە مەراسیمەکەدا بروانامە بەخشرایە 11 قوتابی پەیمانگەکەمان، کە لە ماوەی رابردوودا بۆماوەی 8 هەفتە لەگەڵ قوتابیانی زانکۆیەکانی ئوردن و ئەمریکا بە یەک تیم و بە شێوەیی ئۆنلاین بە سەرپەرشتی رێکخراوی (IREX)ی نێودەوڵەتی کاریان کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەو ئاڵەنگارییەکانی هەنوکەیەکانی جیهان کە ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندیە ئەکادیمیەکانی پەیمانگەکەمانە لە ئاستی نێودەوڵەتی دابەشکرا.

 

نوێنەری زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتی چین دەکەن

بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییە ئەکادیمی و کولتوورییەکان و هەماهەنگی زانکۆ لەگەڵ کەرتی تایبەت و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان وە هەروەها لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە سیستەمی خوێندنی پیشەیی بۆ ئاگاداربوون لە پێشکەوتنەکانی وڵاتی چین لەو بوارەدا، پ.ی.د.یونیس خالد خۆشناو وەک نوێنەری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە هاوڕێیەتی نوێنەرانی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی کوردستان  بۆ ماوەی چواردە ڕۆژ لە چین دەبن کە لە 10 ی نیسان تاکو 24ی نیسان نوێنەری هەر پێنج زانکۆ پۆلی تەکنیکییەکانی کوردستان لەو وڵاتە دەمێننەوە.

 لەو سەردانەدا نوێنەری زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە چەندین سیمیناردا دەکەن وسەردانی چەند کۆلێژ و زانکۆیەکی ئەو وڵاتە دەکەن لەگەڵ سەردانی چەند کارگەیەکی پێشکەوتوو بۆ وەرگرتنی ئەزموونی وڵاتی چین و ئاگاداربوون لە چۆنییەتی پێکەوە گرێدانی کەرتی تایبەت و خوێندنی پیشەیی.

 ئەم سەردانە بە هەماهەنگی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژنەوەی زانستی و کۆنسوڵخانەی چین لە هەولێر و وەزارەتی بازرگانی چین ڕێکخراوە بە مەبەستی پتەوکردنی هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی نینگبۆ لە شاری نینگبۆ وە زانکۆی ئیڕۆنیوتیکی فڕۆکەوانی لە شاری چەندوو لە وڵاتی چین بۆ پتەوکردنی پەیوەندی ئەکادیمی و پیشەیی و کەلتوری بە ناونیشانی: (Seminar for Vocational Education Teachers in Developing Countries 2024) شیاوی باسە شاندی زانکۆکانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی نینگبۆ پێشوازییان لێ کرا.