بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر یەکەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی ڕێکخست

رۆژی شەممە 20ی نیسانی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر یەکەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی بەهاوبەشی لەگەڵ پۆرتڤلکۆلیجی ئەمریکی لە کالیفۆرنیا و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزای مێرگەسۆر لەژێر ناونیشانی “وانەوتنەوە و تەکنەلۆژیا لە سەدەی بیست و یەکدا، دەرفەت و ئاستەنگەکان” بەرێوەچوو.

لەم سیمپۆزیۆمەکەدا هەریەکە لە د. کارزان کەریم خواڕەحم نوێنەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، غەفوور مەلا سوار قائیمقامی قەزای مێرگەسۆر ، د. ئەمیر چالی نوێنەر و راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و قوتابییانی زانکۆ ئامادەبوون.

لە وتارێکدا کە بە زمانی ئینگلیزی و کوردی پێشکەشی کرد د. ئیدریس هەرکی سەرۆکی زانکۆ بە گرنگییەوە باسی لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکیی و سیمپۆزیۆمە و دەستخۆشی لە رێکخەران و بەشداربووانی سیمپۆزیۆمەکە و قسەکەرە نێودەوڵەتییەکان کرد.

دواتر دەستکرا بە پێشکەشکردنی بەرنامەی سیمپۆزیۆمەکە، و گفتوگۆ کرا لەبارەی پەرەسەندنی ڕۆڵی تەکنەلۆژیا لە پەروەردەدا، لەگەڵ دەستنیشانکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی پەروەردەکاران دەبنەوە. هەروەها خستنەڕووی ئەو دەرفەتانەی کە تەکنەلۆژیا فەراهەمی کردوون بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی وانەوتنەوە و ئەزموونی فێربوون لە سەردەمی مۆدێرندا، کە هەموو ئەوانەی سەرەوە لە دوو تەوەردا باسکرا ئەوانیش:

یەکەم/ پەرەپێدانی توانای مامۆستاکانمان و گونجاندنی لە پڕۆسەی وانەوتنەوە لە سەدەی بیست و یەکدا.

دووەم/ ڕووبەڕوبوونەوەی ئاستەنگەکانی وانەوتنەوە لە قۆناغی تەکنەلۆژیادا، گۆڕینیان بۆ دەرفەت.

لە کۆتایی مەراسیمەکە سوپاس و پێزانین بەخشرایە بەڕێوەبەری پانێڵ و پانێلیستەکان.

هەر لە مەراسیمەکەدا بروانامە بەخشرایە 11 قوتابی پەیمانگەکەمان، کە لە ماوەی رابردوودا بۆماوەی 8 هەفتە لەگەڵ قوتابیانی زانکۆیەکانی ئوردن و ئەمریکا بە یەک تیم و بە شێوەیی ئۆنلاین بە سەرپەرشتی رێکخراوی (IREX)ی نێودەوڵەتی کاریان کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەو ئاڵەنگارییەکانی هەنوکەیەکانی جیهان کە ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندیە ئەکادیمیەکانی پەیمانگەکەمانە لە ئاستی نێودەوڵەتی دابەشکرا.