Monthly Archives: تشرینی یه‌كه‌م 2022

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نۆتینگهام وێرکشۆپێکی دوو رۆژە بەڕێوەدەبەن

بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، وێرکشۆپی بەنێودەوڵەتیکردنی ستراتیژییەتی خوێندنی باڵا، پرۆگرامی خوێندن، وڕاهێنان وپەروەردەی پیشەیی و تەکنیکی بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی نۆتینگهامی بەریتانی لە 18 و 19ـی ئۆکتۆبەری 2022 ڕێکخست.

وێرکشۆپەکە بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان بەڕێوەچوو کە پێکهاتبوو لە چوار بابەتی گرنگ لە لایەن پسپۆڕ و پرۆفیسۆرەکانی زانکۆی نۆتینگهام بەڕێزان پ.د. جولیەت ثەندلانە، پ. د. ڤۆڵکەر ویدکایند، و جۆشوا هاکینز بەشێوەی ئۆنلاین پێشکەشکران.

بابەتەکان تایبەت بوون بە بەرەوپێشەوەچوونی ستراتیژییەتی بەنێودەوڵەتیکردن لە جیهانی دوای کۆڤید-19 ، بنیاتنانی هاوبەشییەکی پەروەردەیی سەرکەوتوو، چەمکە سەرەکییەکان و سەرنجەکانی بەنێودەوڵەتیکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن، و کێشە دیبەیتەکانی چوارچێوەی لێهاتوویی و پرۆگرامی پیشەیی وکارکردن. هەروەها چەند بابەتێکی جیاواز باسی لێوە کرا وەک بەرچاوڕوونییەک لەسەر جۆر و ئاستی نێودەوڵەتیبوونی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر .

ئەم وێرکشۆپە لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتی لە نێوان هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و نۆتینگهام کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ واژوو کرا بەڕێوەچوو.

شایەنی باسە کە زانکۆی نۆتینگهام لە پلەی هەژدەهەمینە لەسەر ئاستی بەڕیتانیا و ١٣٠هەمینە لەسەر ئاستی جیهان بە پێی ڕێزبەندی

 Times Higher Education.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەرفەتی خوێندنی وەرزێك(سمستەرێك) دەدات بە قوتابیان لە زانكۆی بێڵێفدی ئەڵمانی و ڤرۆچتسوافی پۆڵەندی


دوای ئەوەی زانكۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە ماوەی رابردوودا یاداشتی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ هەردوو زانكۆی بێڵێفیڵد بۆ زانست و تەکنەلۆژیا و زانکۆی ڤرۆچتسواف بۆ زانست و تەکنەلۆژیا واژوو كرد و لە چوارچێوەی چالاكیەكانی ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان بە ئامانجی بە نێودەوڵەتی كردنی زانكۆ، دەرفەتی خوێندن بۆ یەک وەرز (سمستەر) بۆ قوتابییانی قۆناغی دووەم و سێیەمی کۆلێژەکانی زانکۆمان دەڕەخسێنێت لە هەردوو زانکۆی ناوبراو کە پێکهاتووە 5 کورسی بۆ هەر زانکۆیەک.


بۆ بەشداری كردن لەم پڕۆگرامە پێویستە قوتابی ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدابێت:
١-پێویستە قوتابی قۆناغی (دووەم یان سێیەم)ـی كۆلێژەکان بێت.
٢-پێویستە قوتابی ئینگلیزی زۆر بەباشی بزانێت و یەکێک لە بڕوانامەکانی (تۆفڵ/ B2) یان (ئایڵتس/ ئاستی 5-6)ـی هەبێت.
٣-گشت خەرجیەكان لەسەر ئەستۆی قوتابیە.
٤-قوتابی دەبێت وەكالە و كەفالە بکات و بەڵێننامە پڕ بكاتەوە كە دوای تەواوكردنی خوێندن بگەرێتەوە.
٥- لیژنەیەك پێك دێت بۆ هەڵسەنگانی قوتابیانی بەشداربوو.

٦- رۆژی 20/10/2022 دواکاتە بۆ پێشکەش کردن.
قوتابی ئارەزوومەند بە گوێرەی ئەم مەرجانە لە ڕێگەی ئەم لـــیـــنـــــــکـــــەوە دەتوانێت بەشداری بكات.

لە رۆژی جیهانی ئیفلیجی مێشکدا بەشی چارەسەری سروشتی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی چەند چالاکییەک ئەنجام دەدەن

بە بۆنەی رۆژی جیهانی ئیفلیجی مێشک
(Cerebral Palsy day)
بەشی چارەسەری سروشتی لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری ئایلان هەڵسان بە ئەنجامدانی چەند چالاکییەک لە سەنتەری شاری هەولێر.

چالاکی یەکەم بریتی بوو لە پێشاندن و روونکردنەوەی کاریگەری چارەسەری سروشتی لەسەر چەند منداڵێکی تووشبوو بە ئیفیلیجی مێشک کە تیایدا رۆڵی چارەسەری سروشتی لە باشتربوونی بارودۆخی تەندروستییان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بەشێوەیەکی پراکتیکی روونکرایەوە.

لە چالاکیەکی دیکەدا قوتابیانی قۆناغی چوارەمی بەشی چارەسەری سروشتی لە کۆلێژی ناوبراو بەسەرپەرشتی سەرۆکی بەش د. مهدی خالد قادر سەردانی باغی شار و بازاری قەیسەریان کرد و ژمارەیەکی زۆر لە بڕۆشەری وشیارکردنەوە و رۆشنبیری سەبارەت بە رۆڵی چارەسەری سروشتی لە باشترکردنی بارودۆخی تووشبووانی نەخۆشی ئیفلیجی مێشک بەسەر هاونیشتمانیان و دوکاندار و کاسبکاران دابەشکرا.

شیاوی باسە ساڵانە لەم رۆژەدا بەشی چارەسەری سروشتی لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر چالاکی هاوشێوە لە چەند شوێنێکی دیاریکراو لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان ئەنجامدەدەن بە مەبەستی زیاتر خزمەتکردن و وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە نەخۆشییەکە و چۆنیەتی هاوکاریکردنی تووشبووان.


زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نۆڵج یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژوو دەکەن

رۆژی دووشەممەر رێکەوتی 10ـی ئۆکتۆبەری 2022 سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی پێشوازی کرد لە سەرۆکی زانکۆی نۆڵج پ.ی.د. کیهان زرار غفور و شاندی یاوەری.

لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ کرا دەربارەی دروستکردنی پەیوەندی زانستی لە نێوان هەردوو زانکۆ و ئەنجامدانی چالاکی هاوبەش هەروەها هاندانی دەرچووانی پەیمانگە تەکنیکییەکانی سەر بەزانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەمەبەستی درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆی نۆڵج.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە لایەن بەڕێزان سەرۆکی هەردوو زانکۆ واژووی لەسەر کرا کە خۆی لە چەند خاڵێکی گرنگ دەبینێتەوە وەک:

یەکەم/ زانکۆی نۆڵج و زانکۆی پۆلیتەکنیی هەولێر هەماهەنگی دەکەن بۆ ئەنجامدانی چالاکی هاوبەش لەشێوەی سیمینار وۆرکشۆپ وسیمپۆزیۆم وکۆنفرانسی زانستی.

دووەم/ هەردوو لا هەماهەنگی دەکەن لەبواری تایبەت بە پرۆگرامەکانی خوێندن و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی پێواژۆی بۆڵۆنا لە بەشە زانستیەکاندا.

سێیەم/ دەرچوانی زانکۆی پۆلیتەکنیی هەولێر ئەگەر خوازیاربن لە کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆی نۆڵج درێژە بە خوێندن بدەن، ساڵانە بەرێژەی15% داشکاندنیان بۆ دەکرێت ئەگەر دەرچووەکە سێیەمی سەرئاستی بەش بوو ئەوا سوودمەند دەبێت لە داشکاندنەکە بە ڕێژەی 25% لە هەموو ساڵەکانی خوێندن بەشەکە.

چوارەم/ دەرچوانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر جگە لەم داشکاندنە سوود لەو داشکاندنانەش وەردەگرن کە ساڵانە حکومەتی هەرێم یان زانکۆی نۆڵج یان هەرلایەنێکی دیکەی پەیوەندیدار دەریان دەکەن.

پێنجەم/ قوتاپی سوودمەند لەم داشکاندنە بۆ هەر قۆناغێک تەنها یەک جار سوودمەند دەبێت ، واتە ئەگەر قوتابیەک ساڵێک بە هەرهۆکارێک بە کەوتوو هەژمارکرا ، بۆساڵی داهاتوولە هەمان قۆناغ دووبارە سوود لە داشکاندنەکە وەرناگرێت.

شەشەم/ دەرچووی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆئەوەی سوود مەند بێت لەم داشکاندنە پێویستە لەکاتی وەرگرتنی فۆرم ، نووسراوی پشتگیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشکەش بە زانکۆی نۆڵج بکات.

حەوتەم/ ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە بۆ دوو ساڵی خوێندن 2023-2022 و 2024-2023 کاری پێدەکرێت لە حاڵەتی ڕەزامەندی هەردوو لایەن دەکرێت بۆ ساڵانی ئایندە لێکتێگەیشتنەکە هەموار و نوێبکرێتەوە.