زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نۆڵج یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژوو دەکەن

رۆژی دووشەممەر رێکەوتی 10ـی ئۆکتۆبەری 2022 سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی پێشوازی کرد لە سەرۆکی زانکۆی نۆڵج پ.ی.د. کیهان زرار غفور و شاندی یاوەری.

لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ کرا دەربارەی دروستکردنی پەیوەندی زانستی لە نێوان هەردوو زانکۆ و ئەنجامدانی چالاکی هاوبەش هەروەها هاندانی دەرچووانی پەیمانگە تەکنیکییەکانی سەر بەزانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەمەبەستی درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆی نۆڵج.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە لایەن بەڕێزان سەرۆکی هەردوو زانکۆ واژووی لەسەر کرا کە خۆی لە چەند خاڵێکی گرنگ دەبینێتەوە وەک:

یەکەم/ زانکۆی نۆڵج و زانکۆی پۆلیتەکنیی هەولێر هەماهەنگی دەکەن بۆ ئەنجامدانی چالاکی هاوبەش لەشێوەی سیمینار وۆرکشۆپ وسیمپۆزیۆم وکۆنفرانسی زانستی.

دووەم/ هەردوو لا هەماهەنگی دەکەن لەبواری تایبەت بە پرۆگرامەکانی خوێندن و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی پێواژۆی بۆڵۆنا لە بەشە زانستیەکاندا.

سێیەم/ دەرچوانی زانکۆی پۆلیتەکنیی هەولێر ئەگەر خوازیاربن لە کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆی نۆڵج درێژە بە خوێندن بدەن، ساڵانە بەرێژەی15% داشکاندنیان بۆ دەکرێت ئەگەر دەرچووەکە سێیەمی سەرئاستی بەش بوو ئەوا سوودمەند دەبێت لە داشکاندنەکە بە ڕێژەی 25% لە هەموو ساڵەکانی خوێندن بەشەکە.

چوارەم/ دەرچوانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر جگە لەم داشکاندنە سوود لەو داشکاندنانەش وەردەگرن کە ساڵانە حکومەتی هەرێم یان زانکۆی نۆڵج یان هەرلایەنێکی دیکەی پەیوەندیدار دەریان دەکەن.

پێنجەم/ قوتاپی سوودمەند لەم داشکاندنە بۆ هەر قۆناغێک تەنها یەک جار سوودمەند دەبێت ، واتە ئەگەر قوتابیەک ساڵێک بە هەرهۆکارێک بە کەوتوو هەژمارکرا ، بۆساڵی داهاتوولە هەمان قۆناغ دووبارە سوود لە داشکاندنەکە وەرناگرێت.

شەشەم/ دەرچووی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆئەوەی سوود مەند بێت لەم داشکاندنە پێویستە لەکاتی وەرگرتنی فۆرم ، نووسراوی پشتگیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشکەش بە زانکۆی نۆڵج بکات.

حەوتەم/ ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە بۆ دوو ساڵی خوێندن 2023-2022 و 2024-2023 کاری پێدەکرێت لە حاڵەتی ڕەزامەندی هەردوو لایەن دەکرێت بۆ ساڵانی ئایندە لێکتێگەیشتنەکە هەموار و نوێبکرێتەوە.