Monthly Archives: تشرینی دووه‌م 2022

سەرۆکی زانکۆ بەشداری لە رێوڕەسمی خستنە بواری جێبەجێکردنی (بۆردی راوێژکاری لە نێوان ئەکادیمیا و کەرتی تایبەت) دەکات

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 30ـی نۆڤەمبەری 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی بەشداریکرد لە رێوڕەسمی خستنە بواری جێبەجێکردنی بۆردی راوێژکاری لە نێوان ئەکادیمیا و کەرتی تایبەت کە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە راگەیەندرا.

رێوڕەسمەکە بەئامادەبونى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى و بەشدارى نوێنەرى ژمارەیەکى بەرچاو لە کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان یەکەمین کۆبونەوەی ڕاوێژکاری لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازی بەڕێوەچوو.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: ئەم هەنگاوە سەرەتای شۆڕشێکی نوێیە لە ڕیفۆرمی خوێندن و پەرەپێدانی هێزی کار و توانا مرۆییەکان، گرنگە هەموو هاوبەشەکانمان لە پەرلەمان و حکومەت و کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕۆشنبیران پشتیوان و هەماهەنگمان بن.

مەبەست لە دامەزراندنى بۆردی ئەکادیمیاو کەرتى تایبەت و پیشەسازی بۆ دروستکردنى هەماهەنگییە لە نێوان زانکۆکان و ناوەندەکانى خوێندن لەگەڵ کەرتى تایبەت و کەرتى پیشەسازى کوردستان، کە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان رۆڵێکی گرنگیان دەبێت تیایدا بەو پێیەی کە ئەم زانکۆیانە لەئێستادا وەڵامدەرەوەی بازاڕی کارن.

ئەرکی بۆردەکە ڕوپێوی کردنی بەردەوامە بۆ پێداویستییەکانی بازاڕی کار و گۆڕانکارى کردنە لە ناوەرۆکى پرۆگرامى خوێندن و کردنەوەی بەش و پرۆگرامی نوێی پەیوەندیدار لەگەڵ بازاری کار ، هەروەها پێداچونەوە دەکات بۆ ئەو بەشانەى کە لە زانکۆکان داخوازییان لەسەر نەماوە و گۆڕینیان بە بەشى دیکەى پەیوەندیدار بە ئاراستەی گەشەکردنی ئابوری وڵات.

ئامانجێکی دیکە لە پرۆژەکە وەرگرتنی ڕاو سەرنج و تێڕوانینەکانی کەرتی تایبەت و پیشەسازییە لەبارەى هەماهەنگی زیاتر بۆ ئامادەکردنی هێزی کاری کوردستان لەبەر ڕۆشنایی پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابوری هەرێمی کوردستان. بۆ ئەوەی خوێندن لە زانکۆکان ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانى بازاڕى کارو ئاراستەی گەشەکردنى ئابوری بێت و گەنجانی وڵاتەکەمان بۆ ئەو سکیڵ و کارامەییانە ئامادەبکرێن کە پێویستن بۆ بازاڕى کار.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر 5 کورسی خوێندنی ماستەر لە کۆماری چین رادەگەیەنێت

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر (5) کورسی (ماستەر) لە بواری زمانی ئینگلیزی بۆ ماوەی دوو ساڵ رادەگەیەنێت.

بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە نووسراوی ژمارە 11216 لە 28/11/2022 وە بە پێی نووسراوی رەزامەندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی/ بەڕێوبەرایەتی نێردراوان ژمارە 21258 لە 22/11/2022 ئاگاداری فەرمانبەرانی گشت کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەربە زانکۆکەمان دەکاتەوە کە بە پێی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی

China Three Gorges

پێنج کورسی خوێندن لە بواری زمانی ئینگلیزی تەرخانکراوە لە چوارچێوەی پلانی 2023ـی پەسەندکراوی زانکۆمان.

کورسیەکان بەشێوەی (پارشیاڵ سکۆلەرشیپ)ـە واتا تەنها شوێنی حەوانەوە و خەرجی خوێندن لەسەر زانکۆی ناوبراو دەبێت و خەرجی رۆژانە و هاتوچۆ لەسەر پاڵێوراو دەبێت.

تێبینی:

*دۆکیومێنتەکان بەپێی مەرجەکانی پێشکەش کردن لە رێنمایی ژمارە (5)ـی ساڵی (2021)ـی پێدانی مۆڵەتی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەبێت.

*پێشکەشکردن لەرێگای بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ دەبێت.

*دوا کات بۆ پێشکەشکردن کۆتایی دەوامی فەرمی رۆژی 12/12/2022 ـە.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی لە کونسوڵی روسیا لە هەولێر دەکات

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 30ـی نۆڤەمبەری 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی پێشوازی لە کونسوڵی روسیا لە هەولێر ماکسیم روبن کرد.
لەم دیدارەدا یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و بەرێوبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ ئامادەبوون، سەرۆکی زانکۆ کورتەیەکی دەربارەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کونسول باسکرد هەروەها دواتر کونسوڵی روسیا باسی لە پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان کوردستان و وڵاتەکەی کرد لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆکرا دەربارەی دروست کردنی پەیوەندی لە نێوان زانکۆمان و کونسوڵخانەی روسیا لە هەولێر هەروەها لەرێگەی ئەوانیشەوە زانکۆمان پەیوەندی لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتی روسیا دروست بکات بەمەبەستی سود وەرگرتن لە توانا زانستییەکانی هەردولا.
هەروەها کونسوڵی روسیا لە لای خۆیەوە بەڵێنی دا کە پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوانمان بدەن و بۆ ئەم مەبەستەش داوای کرد کە نامەیەکی فەرمی پێشکەش بە کونسوڵخانە بکرێت و ئەوانیش وەک کونسوڵخانە ئاراستەی زانکۆکانی وڵاتەکەیان بکەن تاکو لە داهاتوودا پەیوەندی دروست بکرێت بۆ سود وەرگرتن لە توانا زانستییەکانی یەکتر.

سەرۆکی زانکۆ خەڵات و رێزلێنانی بەخشییە 9 قوتابی بەشدار لە پێشبڕکێی ساڵانەی کۆمپانیای هواوی

رۆژی سێشەممە رێکەوتی 29ـی نۆڤەمبەری 2022 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی د. نجیب و راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر پ.ی.د. بۆتان مجید احمد، راگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری پ.د. ایاد زکی، بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆمان پ.ی.د. هێمن کاکەخان و د. جمال بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمپانیای هواوی لە عێراق مەراسیمی رێزلێنان بۆ 9 قوتابی زانکۆمان لە بەشەکانی ئەندازیاری تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندن و ئەندازیاری سیستەمی زانیاری بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا کە سەرۆکی هەردوو بەشی زانستی ئەندازیاری سیستەمی زانیاری و ئەندازیاری تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندن، بەرپرسی سەنتەری ئەکادیمیای هواوی-(ئای.سی.تی) لە زانکۆکەمان م. شیرین و بەرپرسی نوسینگەی (ی. ق. ک) ـی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئامادەیبوون خەڵات و رێزلێنان بەخشرایە 9 قوتابی سەرکەوتوو لە پێشبڕکێیەکانی کۆمپانیای هواوی 2022 کە ساڵانە ئەنجام دەدرێت.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا مامۆستا سالار احمد رسول سەرۆکی بەشی ئەندازیاری تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندن لە دوای بەخێرهێنان کورتەیەکی لەسەر مێژوو و کار و چالاکییەکانی بەشەکەیان پێشکەش کرد پاشان سەرۆکی زانکۆ د. ئیدریس لە وتەیەکدا پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە قوتابیانی سەرکەوتوو و قوتابیانی زانکۆمان بەگشتی کرد، هەروەها سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی سەرۆکایەتی و ستافی بەشەکان کرد، دواتر د. بۆتان لە پەیامی پیرۆزباییەکەیدا باسی دەستکەوتەکان و پێشووەچوونەکانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر کرد و پیرۆزبایی و دەست خۆشی ئاراستەی قوتابیانی سەرکەوتوو کرد.

دواتر پەیامی (ی.ق.ک) لە لایەن حسێن تۆڤی پێشکەشکرا و پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکەوتوان کرد، هەروەها قوتابیانی سەرکەوتوو وتەیەکی سوپاسگوزارییان ئاراستەی سەرۆکی زانکۆ و راگر و سەرۆک بەش و مامۆستایانی کۆلێژەکانیان کرد کە بەردەوام پاڵپشتیان دەکەن و هانی قوتابیان دەدەن بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستییان.

شیاوی باسە لە ئاستی یەکەمدا لەسەر ئاستی عێراق 60 قوتابی هەڵبژێردران کە خۆشبەختانە 8 قوتابی لە بەشی ئەندازیاری تەکنەلۆجیای و گەیاندن و (1) قوتابیش لە بەشی ئەندازیاری سیستەمی زانیاری لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر بوو.

لە ئاستی دووەمی پێشبڕکێیەکەدا 2 لە قوتابیەکانی بەشی ئەندازیاری تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندن سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و هاوڕێ لەگەڵ 4 قوتابی دیکەی زانکۆکانی عێراق بریارە بۆ بەشداربوون لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست سەفەری وڵاتی (سەڵتەنەی عومان) بکەن و بەشدار بن لە راوندی سێیەمی پێشبڕکێکە کە بڕیارە لە 20ـی دیسەمبەری 2022 بەڕێوەبچێت، کە تیایدا ژمارەیەک قوتابی دیکە هەڵدەبژێردرێن بۆ بەشداری کردن پێشبڕکێی کۆتایی لەسەر ئاستی جیهان.

1 2 3 6