سەرۆکی زانکۆ بەشداری لە رێوڕەسمی خستنە بواری جێبەجێکردنی (بۆردی راوێژکاری لە نێوان ئەکادیمیا و کەرتی تایبەت) دەکات

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 30ـی نۆڤەمبەری 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی بەشداریکرد لە رێوڕەسمی خستنە بواری جێبەجێکردنی بۆردی راوێژکاری لە نێوان ئەکادیمیا و کەرتی تایبەت کە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە راگەیەندرا.

رێوڕەسمەکە بەئامادەبونى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى و بەشدارى نوێنەرى ژمارەیەکى بەرچاو لە کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان یەکەمین کۆبونەوەی ڕاوێژکاری لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازی بەڕێوەچوو.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: ئەم هەنگاوە سەرەتای شۆڕشێکی نوێیە لە ڕیفۆرمی خوێندن و پەرەپێدانی هێزی کار و توانا مرۆییەکان، گرنگە هەموو هاوبەشەکانمان لە پەرلەمان و حکومەت و کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕۆشنبیران پشتیوان و هەماهەنگمان بن.

مەبەست لە دامەزراندنى بۆردی ئەکادیمیاو کەرتى تایبەت و پیشەسازی بۆ دروستکردنى هەماهەنگییە لە نێوان زانکۆکان و ناوەندەکانى خوێندن لەگەڵ کەرتى تایبەت و کەرتى پیشەسازى کوردستان، کە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان رۆڵێکی گرنگیان دەبێت تیایدا بەو پێیەی کە ئەم زانکۆیانە لەئێستادا وەڵامدەرەوەی بازاڕی کارن.

ئەرکی بۆردەکە ڕوپێوی کردنی بەردەوامە بۆ پێداویستییەکانی بازاڕی کار و گۆڕانکارى کردنە لە ناوەرۆکى پرۆگرامى خوێندن و کردنەوەی بەش و پرۆگرامی نوێی پەیوەندیدار لەگەڵ بازاری کار ، هەروەها پێداچونەوە دەکات بۆ ئەو بەشانەى کە لە زانکۆکان داخوازییان لەسەر نەماوە و گۆڕینیان بە بەشى دیکەى پەیوەندیدار بە ئاراستەی گەشەکردنی ئابوری وڵات.

ئامانجێکی دیکە لە پرۆژەکە وەرگرتنی ڕاو سەرنج و تێڕوانینەکانی کەرتی تایبەت و پیشەسازییە لەبارەى هەماهەنگی زیاتر بۆ ئامادەکردنی هێزی کاری کوردستان لەبەر ڕۆشنایی پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابوری هەرێمی کوردستان. بۆ ئەوەی خوێندن لە زانکۆکان ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانى بازاڕى کارو ئاراستەی گەشەکردنى ئابوری بێت و گەنجانی وڵاتەکەمان بۆ ئەو سکیڵ و کارامەییانە ئامادەبکرێن کە پێویستن بۆ بازاڕى کار.