Daily Archives: تشرینی دووه‌م 15, 2022

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی پاکوانی ئیندۆنیزی دەکات

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 15ـی نۆڤەمبەری 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی لە ئۆفیسی خۆی پێشوازی لە پ. د. هێندرۆ ڕاگری کۆلێژی بازرگانی و ئابووری لە زانکۆی پاکوانی ووڵاتی ئەندەنوسیا کرد.

لە دیدارێکدا کە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی ئامادەیبوو، شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە پێشکەوتنی کوردستان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەروەها شاندەکە داوایان لە سەرۆکی زانکۆ کرد کە کار بکرێت بۆ دروست کردنی پەیوەندی لە نێوان هەردوو زانکۆ لەڕێگەی واژووکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن بەو ئامانجەی کە لە داهاتوودا هەردوولا هاوکاری و هەماهەنگ بن لە ئەنجامدانی چالاکی زانستی بە هاوبەشی.

سەرۆکی زانکۆ بە تایبەتی پیرۆزبایی لە دوو دەرچووی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات

لە درێژەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی بە تایبەتی پیرۆزبایی لە دوو دەرچووی خاوەن پێداویستی تایبەت سۆریاز ازاد حسن لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر و هێلين ھونەر عبد لە کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە کرد.

سەرۆکی زانکۆ لە دوو دیداری جیادا هەوڵ و ماندووبوونی قوتابییەکانی بەرز نرخاند، هەرچەندە خاوەن پێداویست تایبەتن بەڵام ئەوە نەبووەتە رێگر لە بەرەوپێش بردنی خۆیان لە بواری خوێندن و بەسەر سەرجەم ئاستەنگ و ئاڵنگاریییەکاندا سەرکەوتوون و توانیویانە خوێندن تەواو بکەن، کە ئەمەش بۆ قوتابییانی ئاسایی دەبێتە نمونەی باڵا.

هەر بەم بۆنەیەوە سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس موژدەی ئەوەی دا کە لە چوارچێوەی هەست کردن بە بەرپرسیاری بەرامبەر بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بڕیارە بۆ ئەمساڵی خوێندن لە بەشی سیستەمی زانیارییە کارگێڕییەکانی پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر گرووپێکی تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت(نابیست) بکرێتەوە کە چەند قوتابییەکی نابیستی قۆناغی یەکەم لە زانکۆمان درێژە بە خوێندن بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوبەری تۆماری گشتی سەرۆکایەتی زانکۆ و راگری پەیمانگەی ناوبراو راسپێردراون بۆ جێبەجێ کردنی کارەکان و دەستکردن بە خوێندن بە زووترین کات.