Daily Archives: تشرینی دووه‌م 29, 2022

سەرۆکی زانکۆ خەڵات و رێزلێنانی بەخشییە 9 قوتابی بەشدار لە پێشبڕکێی ساڵانەی کۆمپانیای هواوی

رۆژی سێشەممە رێکەوتی 29ـی نۆڤەمبەری 2022 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی د. نجیب و راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر پ.ی.د. بۆتان مجید احمد، راگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری پ.د. ایاد زکی، بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆمان پ.ی.د. هێمن کاکەخان و د. جمال بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمپانیای هواوی لە عێراق مەراسیمی رێزلێنان بۆ 9 قوتابی زانکۆمان لە بەشەکانی ئەندازیاری تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندن و ئەندازیاری سیستەمی زانیاری بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا کە سەرۆکی هەردوو بەشی زانستی ئەندازیاری سیستەمی زانیاری و ئەندازیاری تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندن، بەرپرسی سەنتەری ئەکادیمیای هواوی-(ئای.سی.تی) لە زانکۆکەمان م. شیرین و بەرپرسی نوسینگەی (ی. ق. ک) ـی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئامادەیبوون خەڵات و رێزلێنان بەخشرایە 9 قوتابی سەرکەوتوو لە پێشبڕکێیەکانی کۆمپانیای هواوی 2022 کە ساڵانە ئەنجام دەدرێت.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا مامۆستا سالار احمد رسول سەرۆکی بەشی ئەندازیاری تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندن لە دوای بەخێرهێنان کورتەیەکی لەسەر مێژوو و کار و چالاکییەکانی بەشەکەیان پێشکەش کرد پاشان سەرۆکی زانکۆ د. ئیدریس لە وتەیەکدا پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە قوتابیانی سەرکەوتوو و قوتابیانی زانکۆمان بەگشتی کرد، هەروەها سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی سەرۆکایەتی و ستافی بەشەکان کرد، دواتر د. بۆتان لە پەیامی پیرۆزباییەکەیدا باسی دەستکەوتەکان و پێشووەچوونەکانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر کرد و پیرۆزبایی و دەست خۆشی ئاراستەی قوتابیانی سەرکەوتوو کرد.

دواتر پەیامی (ی.ق.ک) لە لایەن حسێن تۆڤی پێشکەشکرا و پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکەوتوان کرد، هەروەها قوتابیانی سەرکەوتوو وتەیەکی سوپاسگوزارییان ئاراستەی سەرۆکی زانکۆ و راگر و سەرۆک بەش و مامۆستایانی کۆلێژەکانیان کرد کە بەردەوام پاڵپشتیان دەکەن و هانی قوتابیان دەدەن بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستییان.

شیاوی باسە لە ئاستی یەکەمدا لەسەر ئاستی عێراق 60 قوتابی هەڵبژێردران کە خۆشبەختانە 8 قوتابی لە بەشی ئەندازیاری تەکنەلۆجیای و گەیاندن و (1) قوتابیش لە بەشی ئەندازیاری سیستەمی زانیاری لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر بوو.

لە ئاستی دووەمی پێشبڕکێیەکەدا 2 لە قوتابیەکانی بەشی ئەندازیاری تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندن سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و هاوڕێ لەگەڵ 4 قوتابی دیکەی زانکۆکانی عێراق بریارە بۆ بەشداربوون لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست سەفەری وڵاتی (سەڵتەنەی عومان) بکەن و بەشدار بن لە راوندی سێیەمی پێشبڕکێکە کە بڕیارە لە 20ـی دیسەمبەری 2022 بەڕێوەبچێت، کە تیایدا ژمارەیەک قوتابی دیکە هەڵدەبژێردرێن بۆ بەشداری کردن پێشبڕکێی کۆتایی لەسەر ئاستی جیهان.