سەرۆکی زانکۆ بە تایبەتی پیرۆزبایی لە دوو دەرچووی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات

لە درێژەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی بە تایبەتی پیرۆزبایی لە دوو دەرچووی خاوەن پێداویستی تایبەت سۆریاز ازاد حسن لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر و هێلين ھونەر عبد لە کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە کرد.

سەرۆکی زانکۆ لە دوو دیداری جیادا هەوڵ و ماندووبوونی قوتابییەکانی بەرز نرخاند، هەرچەندە خاوەن پێداویست تایبەتن بەڵام ئەوە نەبووەتە رێگر لە بەرەوپێش بردنی خۆیان لە بواری خوێندن و بەسەر سەرجەم ئاستەنگ و ئاڵنگاریییەکاندا سەرکەوتوون و توانیویانە خوێندن تەواو بکەن، کە ئەمەش بۆ قوتابییانی ئاسایی دەبێتە نمونەی باڵا.

هەر بەم بۆنەیەوە سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس موژدەی ئەوەی دا کە لە چوارچێوەی هەست کردن بە بەرپرسیاری بەرامبەر بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بڕیارە بۆ ئەمساڵی خوێندن لە بەشی سیستەمی زانیارییە کارگێڕییەکانی پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر گرووپێکی تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت(نابیست) بکرێتەوە کە چەند قوتابییەکی نابیستی قۆناغی یەکەم لە زانکۆمان درێژە بە خوێندن بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوبەری تۆماری گشتی سەرۆکایەتی زانکۆ و راگری پەیمانگەی ناوبراو راسپێردراون بۆ جێبەجێ کردنی کارەکان و دەستکردن بە خوێندن بە زووترین کات.