سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی لە کونسوڵی روسیا لە هەولێر دەکات

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 30ـی نۆڤەمبەری 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی پێشوازی لە کونسوڵی روسیا لە هەولێر ماکسیم روبن کرد.
لەم دیدارەدا یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و بەرێوبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ ئامادەبوون، سەرۆکی زانکۆ کورتەیەکی دەربارەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کونسول باسکرد هەروەها دواتر کونسوڵی روسیا باسی لە پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان کوردستان و وڵاتەکەی کرد لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆکرا دەربارەی دروست کردنی پەیوەندی لە نێوان زانکۆمان و کونسوڵخانەی روسیا لە هەولێر هەروەها لەرێگەی ئەوانیشەوە زانکۆمان پەیوەندی لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتی روسیا دروست بکات بەمەبەستی سود وەرگرتن لە توانا زانستییەکانی هەردولا.
هەروەها کونسوڵی روسیا لە لای خۆیەوە بەڵێنی دا کە پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوانمان بدەن و بۆ ئەم مەبەستەش داوای کرد کە نامەیەکی فەرمی پێشکەش بە کونسوڵخانە بکرێت و ئەوانیش وەک کونسوڵخانە ئاراستەی زانکۆکانی وڵاتەکەیان بکەن تاکو لە داهاتوودا پەیوەندی دروست بکرێت بۆ سود وەرگرتن لە توانا زانستییەکانی یەکتر.