Monthly Archives: تشرینی یه‌كه‌م 2022

سەرۆکی زانکۆ بڕوانامەی دەرچوون دەبەخشێتە بەشداربووانی خولی پێنجەمی پێداگۆجی

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 10ـی ئۆکتۆبەری 2022 لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی و پ.ی.د. ژاڵە بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و شاندی یاوەری مەراسیمی بەخشینی بڕوانامە بە دەرچووانی خولی پێنجەمی پێداگۆجی لە سەنتەری پێداگۆجی زانکۆمان بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، میوانان و بەشداربووانی خولەکەی کرد و پیرۆزبایی لە مامۆستایانی سەرپەرشتیار و بەشداربووانی خولی پێنجەمی پێداگۆجی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا د. ئیدریس ئاماژەی بە گرنگی رۆڵی مامۆستایان کرد کە کۆڵەکەی سەرەکی زانکۆکانن و ئەرکێکی گرنگ و قورسیان لەسەرە لە پێگەیاندنی نەوەکانی دوارۆژ هەر بۆیە زانکۆکان بەردەوام پێویستیان بە پێگەیاندنی مامۆستای نوێیە تاکو پرۆسەی خوێندن بەشێوەیەکی دروست بەردەوامی هەبێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە خولەکانی پێداگۆجی پێویستییەکی گرنگی سەردەمیانەن لە دروستکردنی مامۆستای ئاست بەرز بۆ خزمەتکردن و پێگەیاندنی نەوەکانی داهاتووی کوردستان، دووبارە پیرۆزبایی لە سەرپەرشتیاران و دەرچووانی خولەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

پاشان نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. ژاڵە وتەیەکی پێشکەش کرد و تیادا سوپاسی سەرۆکی زانکۆی کرد بۆ بانگهێشت کردنیان بۆ ئەم مەراسیمە هەروەها دەستخۆشی لە سەرپەرشتیارانی خولی پێنجەمی پێداگۆجی کرد و باسی لەگرنگی گەشەپێدانی بەردەوام و پێگەیاندنی زانستی کرد لەڕێگەی بنیاتنانی ستافە زانستی و ئەکادیمیەکان لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و ئاماژەی بە چەند خاڵێکی گرنگ دا ئەویش بە پێگەیاندنی مامۆستای زانکۆ دەستپێدەکات چونکە مامۆستا زنجیرەی سەرەکیە لە نێوان قوتابی و زانیاری ئەکادیمی بۆ ئەو مەبەستەش مامۆستا پێویستی بە ئامادەکاری و پەرەپێدانی زانستی هەیە تاکو ببێتە کەسێکی بەرهەمهێنەر و سودبەخش بۆ رۆڵەکانی نیشتمان بە پلەی یەکەم، کەواتە پێداگۆجی دەبێتە هۆکارێکی بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی، هەروەها پێداگۆجی رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە دروستکردنی مامۆستای توێژەر نەک مامۆستا بەتەنها یان توێژەر بەتەنها، مامۆستای توێژەر دەستپێشخەر و نوێخوازە و کۆڵنادات بەرامبەر ئاڵنگارییەکان.

شیاوی باسە خولی پێنجەمی پێداگۆجی لە 2/2/2022 دەستی پێکرد تاکو 31/7/2022 کە تیایدا 35 هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا بەشداربوون کە لە لایەن 9 مامۆستای سەرپەرشتیارەوە خولەکە دەوترایەوە.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وێرکشۆپێکی تایبەت بە ئەلیکترۆنی کردنی تۆماری قوتابییان بەڕێوەبرد

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 10ـی ئۆکتۆبەری 2022 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ، بەڕێوبەرایەتی تۆماری گشتی وێرکشۆپێکی تایبەت بە ئەلیکترۆنی کردنی تۆماری قوتابییان لە کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان بەڕێوەبرد.

وێرکشۆپەکە لە لایەن م. شیلان مامۆستا لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر پێشکەش کرا، تیایدا بەوردی باسی لە داتابەیسی تایبەت بە ئەلیکترۆنی کردنی تۆماری کۆلێژ و پەیمانگەکان کرد و چۆنیەتی زیادکردنی داتا و زانیارییەکانی بۆ ئامادەبووان روونکردەوە.

شیاوی باسە ئەم داتابەیسە لە لایەن مامۆستای ناوبراوەوە دروست کراوە کە بەهۆیەوە یەکەی تۆماری کۆلێژ و پەیمانگەکان دەتوانن بەشێویەکی سەردەمییانە زانیارییەکانی تایبەت بە قوتابییانی زانکۆمان هەڵبگرن و نوێی بکەنەوە.

کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە بێ بەرامبەر چارەسەری ئاژەڵ و پەلەوەرەکانی دەڤەرەکە دەکات

لە دەست پێشخەرییەکدا بەشی تەکنیکی ڤێتێرنەری لە کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە رۆژانە بێ بەرامبەر چارەسەرى ئاژەڵ و پەلەوەری خاوەن ئاژەڵ و پەلەوەرەکانی شارۆچکەی شەقڵاوە و دەوروبەری دەکات.

مامۆستایان و قوتابیانی بەشی تەکنیکی ڤێتێرنەری وەک هاوکارییەک بۆ خاوەن ئاژەڵ و پەلەوەرەکان بێ بەرامبەر چارەسەری ئاژەڵ و پەلەوەرەکانی سنوورەکە دەکەن و  بەمەش قوتابییان زیاتر سوود وەردەگرن لە جێ بەجێ کردنی ئەرک و وانە پراکتیکییەکان.

بۆ یەکەمجار سێ قوتابی زانكۆی پۆلیتەكنیكی ھەولێر بۆ وەرزێك (سمستەرێك) لە زانكۆی بێڵیفێڵدی ئەڵمانی دەست بە خوێندن دەکەن

لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی بەنێودەوڵەتی کردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دوا بەدوای واژووکردنی رێککەوتننامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆمان و زانکۆی بێڵیفێڵد بۆ زانست و تەکنەلۆژیا لە میانەی پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی قوتابییان، سێ قوتابی قۆناغی سێیەمی بەشی بازاڕگەری نێودەوڵەتی و زمان و تەکنیکی ژمێریاری لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر دەستیان بە خوێندن کرد بۆ ماوەی یەک سمستەر و لە مانگی 1ـی 2023 کۆتایی پێدێت.


بڕیارە پرۆگرامەکە لە ساڵانی داهاتووش بەردەوام بێت و ئەمەش زیاتر دەرفەت دەدات بەقوتابییانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ زیاتر ئاشنابوون بە سیستەمی خوێندن و کەلتوری وڵاتانی ئەوروپی هەروەها ئاشنای ئەزموونی کردارەکی(پراکتیکی) زانکۆی ناوبراو دەبن.


شیاوی باسە بەمزووانە ناو نووسین دەستپێدەکات بۆ پێشکەشکردن بۆ سمستەری داهاتوو کە بڕیارە لە مانگی 3ـی ساڵی 2023 دەستپێبکات.
بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بکەن بە ئیمەیڵی:
[email protected]