زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نۆتینگهام وێرکشۆپێکی دوو رۆژە بەڕێوەدەبەن

بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، وێرکشۆپی بەنێودەوڵەتیکردنی ستراتیژییەتی خوێندنی باڵا، پرۆگرامی خوێندن، وڕاهێنان وپەروەردەی پیشەیی و تەکنیکی بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی نۆتینگهامی بەریتانی لە 18 و 19ـی ئۆکتۆبەری 2022 ڕێکخست.

وێرکشۆپەکە بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان بەڕێوەچوو کە پێکهاتبوو لە چوار بابەتی گرنگ لە لایەن پسپۆڕ و پرۆفیسۆرەکانی زانکۆی نۆتینگهام بەڕێزان پ.د. جولیەت ثەندلانە، پ. د. ڤۆڵکەر ویدکایند، و جۆشوا هاکینز بەشێوەی ئۆنلاین پێشکەشکران.

بابەتەکان تایبەت بوون بە بەرەوپێشەوەچوونی ستراتیژییەتی بەنێودەوڵەتیکردن لە جیهانی دوای کۆڤید-19 ، بنیاتنانی هاوبەشییەکی پەروەردەیی سەرکەوتوو، چەمکە سەرەکییەکان و سەرنجەکانی بەنێودەوڵەتیکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن، و کێشە دیبەیتەکانی چوارچێوەی لێهاتوویی و پرۆگرامی پیشەیی وکارکردن. هەروەها چەند بابەتێکی جیاواز باسی لێوە کرا وەک بەرچاوڕوونییەک لەسەر جۆر و ئاستی نێودەوڵەتیبوونی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر .

ئەم وێرکشۆپە لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتی لە نێوان هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و نۆتینگهام کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ واژوو کرا بەڕێوەچوو.

شایەنی باسە کە زانکۆی نۆتینگهام لە پلەی هەژدەهەمینە لەسەر ئاستی بەڕیتانیا و ١٣٠هەمینە لەسەر ئاستی جیهان بە پێی ڕێزبەندی

 Times Higher Education.