Monthly Archives: نیسان 2019

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پانێڵێکی دەربارەی مەترسیەکانی ماددەی هۆشبەر ئەنجامدا

لە ژێر چاودێری پ.ی .د .کاوە شێروانی سەرۆكی زانكۆی پۆڵیتەكنیكی هەولێر ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ٢٠١٩/٤/٢٢ پانێڵێک لە پەیمانگەی تەکنیکی سۆران لە ژێر ناونیشانی (چۆنیەتی پاراستنی کۆمەڵگە لە مەترسیەکانی تەشەنەکردنی ماددە هۆشبەرەکان) بەڕێوە چوو.

پانێڵەکە بە بەشداری هەریەکە لە (مقدم بەختیار كریم-بەرپرسی بانكی زانیاری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی هەرێم، جواد سوار محمد-بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤ لەسۆران، هەروەها نزار احمد یحیی مامۆستا لەپەیمانگەی تەکنیکی سۆران) بەڕێوەچوو، کە تیایدا باس لە ماددەی هۆشبەر و لێکەوتەکانی کرا کە لە ئێستادا یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکانی جیهان و کوردستانە بەتایبەتی لە دەڤەری سۆران بەهۆی شوێنی جوگرافی، کە هاوسنورە لەگەڵ ئێران و تورکیا کە بە سەرچاوەی بڵاو بوونەوەی ماددەکە ناسراون.

ئامانج لە ئەنجامدانی پانێڵەکە هۆشیار کردنەوە و خستنەڕووی کۆمەڵێک زانیاری بوو لەسەر ماددە هۆشبەرەکان، جۆرەکانی، بازرگانی کردن، زیانەکانی هەروەها هۆکاری سەرهەڵدانی ماددە هۆشبەرەکان.

دواتر را و سەرنج و تێبینیەکانی ئامادەبووان دیبەیتەكەیان زیاتر دەوڵەمەند كرد، لە كۆتاییدا ڕاگرایەتی پەیمانگەی تەكنیكی سۆران سوپاس و پێزانینی ئاراستەی رێكخەر و ئەندامانی دیبەیتەكە كرد.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر .. کۆتایی بە خولێکی تۆپی پێی بچوککراوە هات

لە درێژەی کار و چالاکیەکانی بەڕێوبەرایەتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆێ پۆلیتەکنیکی هەولێر ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 21/4/2019 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ، لە یاریگای پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر کۆتایی بە خولی تۆپی پێی بچووککراوەی مامۆستایان و فەرمانبەران هات.

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و ڕاگرانی پەیمانگە تەکنیکی سۆران، خەبات و کارگێڕی هەولێر، یاری کۆتایی خولی تۆپی پێی بچووککراوە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران ئەنجام درا لە نێوان تیپی پەیمانگەی تەکنیکی خەبات و تیپی پەیمانگەی تەکنیکی سۆران.

لە کاتی ئاسایی یاریەکەدا هەردوو تیپ یەکسان بوون، بۆیە یاری کەوتە لێدانی یەکلا کەرەوە، لە ئەنجامدا تیپی پەیمانگەی تەکینیکی سۆران سەرکەوتنی بەدەست هێنا و بۆ دووەم ساڵی لەسەر یەک بووە پاڵەوانی خولەکە.

لە کۆتاییدا لە لایەن سەرۆکی زانکۆ و ڕاگرانی ئامادەبوو خەڵات بەسەر یاریزان و ناوبژیاوانی یاریەکە و ڕێکخەرانی خول دابەش کرا.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمینارێکی بۆ د. ئیسماعیل بێشکچی رێکخست

ئەمڕۆ پێنج شەممە ۱۸ نیسانی ۲٠۱۹ لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە نوسەر و روناکبیر و مامۆستایانی زانکۆ و بەرپرسانی حیزبی و حوکمی سیمینارێکی تایبەتی لەژێر ناوی (هزری نەتەوەیی لە دیسکۆرسی پەروەردە و خوێندنی باڵا) بۆ دکتۆر ئیسماعیل بێشکچی نووسەر و رۆشنبیری تورک سازکرد و تیایدا تیشکی خستەر سەر گرنگی هەستی نەتەوایەتی لە پەروەردە و خوێندنی باڵادا

لەسەرەتای مەراسیمەکەدا پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر کاوە شێروانی، سەرۆکی زانکۆی پۆلی تەکنیکی هەولێر، لە وتەیەکدا رایگەیاند: بەخێرهاتنی گەرمی دکتۆر ئیسماعیل بێشکچی دەکەین و سازدانی ئەو سیمینارە بۆ بەڕێزیان رێگا نیشاندەر دەبیت بۆ گرنگیدان و بەهێزکردنی هەستی نەتەوەی لەناو سێکتەرەکانی خوێندن و نەوەکانی داهاتوودا”.

وتیشی: دکتۆر ئیسماعیل ئەو کەسایەتیەیە کە ۱۷ ساڵی تەمەنی خۆی لە زیندان بەسەر بردووە تەنیا لەپێناو مرۆڤایەتی و پێشخستنی یەکسانی و مافی گەلان، جگە لەوەی دەیان خەڵات و رێزلێنان و بڕوانامەی فەخری وەرگرتووە، ئەمڕۆش لێرەدا بەکۆمەڵێک بیرو رای نوێ و تازە ئێمە ئاشنا دەکات بە هەست و هزری نەتەوایەتی و بێگومان ئێمەش لە سێکتەری خوێندن سودی لێوەردەگرین”.

دوای دەستپێکردنی سیمنارەکە، دکتۆر ئیسماعیل بێشکچی لە سیمینارەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە بەردەوام هزری نەتەوەیی لەگشت بەشەکانی تر جیابکرێتەوە تەنانەت لە زانست و تەکنۆلۆژیاشدا، چونکە ئەوانە مرۆڤ دوردەخەنەوە لەئامانجەکانی بۆیە هزری نەتەوەیی لەسەرووی هەموو شتێک بێت، بەڵام تەنیا زانست و زانیاری دەتوانێت ئێمە رزگار بکات لەو کێشانەی کە هەمانە بە پشت بەستن بە هزری نەتەوەیی”.

بێشکچی هەر لە سیمنیارەکەدا وتیشی: زانست لە رابردوو لەگەڵ ئێستادا زۆر جیاوازی هەیە بەتایبەتیش لە سەردەمی دەسەڵاتی کڵێسا لە وڵاتانی رۆژئاوا کە هەوڵەکان بۆ زانست سنورداربوون و کڵێسا رێگەی نەدەدا بە ئاسانی مرۆڤ دوای زانست بکەوێت، وانە خوێندن لە کڵێساکان زۆر توندبوو لەگەڵ ئەوشدا لەکۆتاییدا خوێندن لە کڵێساکان بەکارەسات کۆتایی هات و دەرگایەکی نوێ بەڕووی زانستدا کرایەوە”.

رونیشیکردەوە، جیهان سودی لەو ئەزموونە وەرگرت بەوەی ئەبێت زانست و هزری نەتەوەیی ئاینی جیاوازیان هەبێت بەڵام بەیەکەوە پەیوەست بن لە هەندیک خاڵدا لەوانە گرنگیدان بە هزری تاک لەناو سێکتەرەکانی خوێندندا تا قوتابی و فێرخوازان بتوانن گەشەی هزری نەتەوەیی پەیوەست بکەن بە هزری نیشتیمان و زانست لە وڵاتدا واتا وانیشان بدرێت لە پێناو خۆشویستن و بوونی هزری نەتەوە فێرخوازان پەنا بۆ زانست و پێشکەوتن ببەن”.

لە رابردوودا جیاوازی زۆری رەگەز پەرستی هەبوو لەنێوان سپی پێست و رەش پێستەکاندا هەبوو لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئەفریقا ئەوەش زانستی بەرەو دواوە برد و هزری نەتەوەیشی لە بیری رەش پێستەکاندا داماڵی کاتێک وایان هەست دەکرد شوێنێک نیە بۆ ئەوان وەک نیشتیمان تا بتوانن تیایدا بژین بۆیە دەبوو هزری نەتەوەیی کاریگەری راستەوخۆی هەبێ لەسەر دواکەوتنی وڵاتان”.

لە بەشێکی دیکەی سیمنارەکەیدا ووتی هەڵبژاردنی باراک ئۆباما وەک سەرۆکی ئەمریکا وایکرد کە پاڵەوانێک دروستبێت کە لەلایەن گەل و کۆمەڵگەوە دروستکرابوو ولاتاکە بەرەو ئاراستەیەکی تر ببات لەژێر ناوی بەرپرسیاری، ئەوەش بۆ هیندستان و باشوری ئەفریقیا هەر راستە و لەوێش ناکۆکی و رەگەز پەرستی هەبووە بەڵام دواجارا هەموویان لەژێر ناوی نیشتیماندا کۆتاییان بەوە هێناوە لەرووی دەسەڵات و میدیاوە بەڵام ئێستاش وەک تاک کاریگەریەکانی هەرماوە، یەکێک لەوانەی بەردەوام جەنگا بۆ ئەو بابەتە ماهاتما غاندی و ماندێلا بوون کە ئامادەنەبوون لەسەر رەگەز و رەنگی پێستی خۆیان واز لە نەتەوە و هزری نیشتیمانی بهێنن”.

هەروەها لەکۆتایی سیمینارەکەدا دکتۆر ئیسماعیل بێشکچی وتی” ئێمە پێویستمان بە هزری سەربەخۆ هەیە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا وەک تورکیا و عێراق و ئێران و سوریا هەرچەندە ئەستەمە کە ئێمە خاوەن هزری سەربەخۆبین بەڵام نابیت بوەستین و دەبێت هەوڵی بۆ بدەین”.

لەکۆتایی سیمینارەکەدا کۆمەڵیک پرسیار لەلایەن ئامادەبووان ئاراستەی دکتۆر ئیسماعیل بێشکچی کران کە تایبەت بوون بە هزری نەتەوەیی ناوبراو تەواوی پرسیارەکانی وەڵام دایەوە و کۆتایی بە سیمینارەکە هێندرا

دواتریش خەلاتی رێزلێنانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلی تەکنیکی هەولێر لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر کاوە شێروانی سەرۆکی زانکۆ بە دکتۆر ئیسماعیل بێشکچی بەخشرا.

پڕۆفایل

دکتۆر ئیسماعیل بێشکچی لەدایکبووی ٧ی کانوونی دووەمی ١٩٣٩یە، لە ناوچەی ئیسکسلیپی لە نزیک پارێزگای کۆرم سەر بە چۆرووم لە خێزانێکی تورک و بە دین حەنەفی لەدایکبووە،

کەسایەتی کۆمەڵناسی تورکە کە ماوەیەکی زۆر تەنھا غەیرە کوردێک بوو کە ھەموو ژیانی تەرخان کردوە بۆ پشتیوانی لە دۆزی کورد لە تورکیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. ھەر بۆیە نازناوی “ساری ھۆجا”ی بە تورکی لێنراوە، کەبە مانای “مامۆستا قژ زەردەکە دێت. بێشکچی ئەندامی فەخری دامەزراوەی ئۆپنەو

لەساڵی ١٩٦٢ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی تەواو کردووە لە زانکۆی ئانکارا، دوایی لە زانکۆی ھونەر و ئەدەبی سەر بە زانکۆی ئەتاتورک لە ئەرزەرووم وەک یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە کۆمەڵناسی کاری کردووە. ئیسماعیل بێشکچی بە یەکێک لەو تورکانە دادەنرێت ھەمیشە لەگەڵ بەدەستھێنانی مافی کورد بووە و بە دۆستێکی کوردیش دادەنرێت تەنانەت لەسەر وتارەکانیشی لەسەر کورد براوە بۆ دادگا

یەکەم تێزی لەسەر عەشیرەتێکی کۆچەری کوردی بە ناوی “عەلیکان” پێشکەش بە زانکۆی ئەنقەرە ئەکات کە دوای چەندین ساڵ لە زیندانی لەلایەن زانکۆی بۆغازئیچی ئەستەنبوڵەوە لە ساڵی ٢٠١٣دا دکتۆرای فەخری لەسەر وەر ئەگرێت

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە وۆرکشۆپی بۆلۆنا پرۆسێس دەکات

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشدارییان لە وۆرکشۆپێکی سێ ڕۆژەی تایبەت بە بۆلۆنا پرۆسێس و جێبەجێکردنی کردنی سیستەمی ئی سیتی ئێس کرد کە لە لایەن یونسکۆ لە ڕۆژانی 15_17/4/2019 رێکخرا بوو


شاندەکە پێکهاتبوون لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی د.نجیب تۆما، مامۆستا کۆڤان عمر بەڕێوبەری پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن لە سەرۆکایەتی زانکۆ و د بهمن عمر ‎سەرۆکی بەشی ئەندازیاری شارستانی لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر، بەشدارییان کرد لە وۆرکشۆپی تایبەت بە بۆلۆنا پرۆسێس، کە لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆ لە هۆتێلی کریستاڵ لە هەولێر، بە سەرپەرشتی شارەزایەکی پێشکەوتوو لە بواری بۆلۆنا پرۆسێس پرۆفیسۆر ئان کاترین جێگری سەرۆکی بەدواداچوونی گروپی بۆلۆنا لە زانکۆی پیزا لە ئیتالیا بە بەشداری حەوت لە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانی کوردستان و عێراق.

لە وۆرکشۆپەکەدا نوێترین هەنگاوەکانی جێبەجێ کردنی بۆلۆنا پرۆسێس و سیستەمی ئی سی تی ئێس باسکرا لە ولاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، وە باس لە هەنگاوەکانی جێ بەجێ کردنی پرۆسەکە کرا و لە ئێستادا زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر یەکێکە لەو زانکۆیانەی هەرێمی کوردستان کە کار لەسەر جێبەجێ کردنی سیستەمەکە دەکات و گۆڕینی ڕیفۆرمی خوێندن دەستی پێکردووە و لە گشت کۆلێژ و پەیمانگاکانی سەر بە زانکۆکە.

لە کۆتایی وۆرکشۆپەکە بەرێز خالید خۆشناو بەرپرسی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە رێکخراوی یونسکۆ لە هەولێر بڕیاری دا کە وۆرکشۆپی داهاتوو لە سلێمانی ئەنجام دەدرێت.