Monthly Archives: نیسان 2019

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژووری بازرگانی هەولێر کۆرسێکی تایبەت بە بزنسیان کۆتایی پێهێنا

رۆژی یەکشەممە ۷ نیسانی ۲٠۱۹ کۆتایی هات بە خولێکی پێنج رۆژەی تایبەت بە بزنس لەژێر ناونیشانی چۆن دەبیت بە خاوەن کاری خۆت؟

( How to start your own business?)

کە لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژووری بازرگانی وپیشەسازی هەولێر و بە سپۆنسەری رێباز فاوندەیشن لە هەولێر لەژێر ناوی خولی (پێشەنگ) کرابووەوە بڕوانامە بەسەر بەشدربوواندا دابەش کرا

لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوون و ئامانجی خولەکە مامۆستا زانیار جەبار مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی پۆلی تەکنیکی هەولێر و هاوکات مامۆستای خولەکە رایگەیاند”. خولی پێشەنگ ماوەی پێنج رۆژی خایاندا بە بەشداری ۲٥ دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان و وانەکان بە پراکتیکی و تیۆری وترانەوە بۆ ئەوەی قوتابیان بتوانن ببن بە خاوەنکار و سەرمایە و بزنسی خۆیان و راهێنانی پێویستیان وەرگرت”.
وتیشی” خولەکە لەلایەن زانکۆی پۆلی تەکنیکی هەولێر و ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بەڕێوەدەبرا بە سپۆنسەر و پشتیوانی رێباز فاوندەیشن لە شاری هەولێر و ئەمڕۆش بڕوانامەی متمانە پێکراو دەبەخشرێتە بەشداربوان “.

هەر لەبارەی خولەکەوە دکتۆر نەجیب تۆما یاریدەدری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رایگەیاند” کاری ئێمە وەک زانکۆ تەنیا ئەوە نیە بروانامە دوای دەرچوون بدەین بە خوێندکار و قوتابیان بەڵکو ئێمە لەدەرەوەی زانکۆش کاردەکەین هەلی کار بۆ دەرچووان بدۆزینەوە و پشتیوانی کەرتی تایبەت بکەین هاوشانی کەرتی گشتی، بۆ ئەوی بتوانن پشت بەخۆیان ببەستن و دەستی کاریان هەبێت لە بازاردا”.
رونیشیکردەوە” سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلی تەکنیکی هەولێر بەردەوام دەبێت لەم جۆرە خول و راهێنانە بۆ بەهێزکردنی توانای تاک و دەرچووان تا بتوانن زیاتر گرنگی بە کۆمەڵگا و ژێرخانی وڵات بدەن لە بوارە جیاجیاکاندا و هیوای سەرکەوتن بۆ بەشداربووان دەخوازین و سوپاسی رێباز فاوندەیشن دەکەین کە پشتیوانی پرۆژەکەیان کرد”.

هەر لە مەراسیمەکەدا عمر محمد راوێژکاری سەرۆکی یەکێتی ژووری بازرگانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند” هەموو ئەوانەی بەشداری خولەکەیان کردووە لەبەر ئەوەی لەلایەن دوو دامەزروەی گرنگ متمانە و بڕوانامەیان پێدراوە ئەوا دەتوانن ببن بەئەندامی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکان، و هەموو ئاسانکاریەکیشیان بۆدەکرێت بۆ کارەکانیان”.

دواتر هیوا عبدالقادر بەرێوەبەری پرۆژەی ئایندەی گەش رایدگەیاند:” هەریەک لەوانە دەتوانن لەرێگای بانکەکانی ئێمە بەناوی بانکی ئایندەی گەش قەرزی بچووک وەرگرن و پڕۆژەی بچوکی خۆیان پەرەپێبدەن و بیکەن بە بزنسی خۆیان و ئامادەیی هەموو هاوکارییەکی ماددی و مەعنەوین بۆ بەشدربووانی خولەکە”.
وتیشی” سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەکەین بۆئەو هەنگاوە و گرنگیدان بە کەرتی تایبەت”.


لەکۆتایی مەراسیمەکەدا لە لایەن د. نجیب تۆما یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ ، عمر محمد راوێژکاری سەرۆکی یەکێتی ژووری بازرگانی هەرێمی کوردستان ، هیوا عبدالقادر بەرێوەبەری پرۆژەی ئایندەی گەش و بەرێوبەری پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن لە سەرۆکایەتی زانکۆ مامۆستا کۆڤان حسین بروانامەی باوەرپێکراو بەخشرایە بەشداربوانی خولەکە.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بڕوانامەی رێزلێنانی بەخشیە زیاتر لە ۱٠٠ پرۆفیسۆر و دکتۆر و مامۆستا

لە رێورەسمێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ ـی ئایاری ۲٠۱۹ لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بڕوانامە و رێزلێنان بەخشرایە زیاتر لە ۱٠٠ پرۆفیسۆر و دکتۆر و مامۆستا و ۸ بەرپرسی دڵنیایی جۆری سەربەزانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.
لەسەرەتای رێورەسمەکەدا بەرپرسی دڵنیایی جۆری سەرۆکایەتی زانکۆ بەخێرهانتی ئامادەبووانی کرد.

دواتر لە وتەیەکدا سەرۆکی زانکۆی پۆلی تەکنیکی هەولێر پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر کاوە شێروانی بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و رایگەیاند: من پێشتر خۆم بەرپرسی دڵنیایی جۆری بووم لەسەرۆکایەتی زانکۆ بۆیە لە گرنگی و کاریگەری ئەو بەشە تێدەگەم لەسەر ئاستی کوالێتی خوێندن”.

وتیشی: دەستخۆشی و سوپاس بۆ هەموو ئەو بەرێزانەی لەم بەشەدا لە کۆلێژ و پەیمانگاکان کاردەکەن ماندووبوون و هەروەها پیرۆزباییش لەو بەرێزانە دەکەین کە ئەمرۆ لێرە ئامادەن و ناویان لەو لیستەدایە کە متمانەی دڵنیایی جۆریان بەدەست هێناوە لەسەر بنەمای فیدباکی قوتابیان و زانستخوازی بەردەوام و هەگبەی مامۆستایان.

لە درێژەی ڕێورەسمەکەدا بەرپرسی دڵنیایی جۆری لە سەرۆکایەتی زانکۆ سوپاسی سەرجەم هۆبەکانی دڵنیایی جۆری و فەرمانبەرەکانی کرد لەبەر هەوڵ و ماندووبوونی زۆریان بۆ پێشخستنی کوالێتی خویندن لە کۆلێژ و پەیمانگاکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر”.
وتیشی: پێدانی بڕوانامە و رێزلێنان بەم ژمارە مامۆستایە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی قوتابیان و چالاکیەکانی زانستخوازی بەردەوام و هەگبەی مامۆستایان بۆ هەڵسەنگاندن و لەناویشیاندا دلنیایی جۆری پەیمانگەی تەکنیکی کۆیە بە پلەی یەکەم دێت لەو هەڵسەنگاندن و فیدباکە کە هی ساڵی ۲٠۱۷ـ ۲٠۱۸ واتا ساڵی رابردوو نەک ئەمساڵ”.

لە مەراسیمەکەدا بروانامەی رێزلێنان بەخشرایە ۱٠۷ پرۆفیسۆر و دکتۆر و مامۆستا و هەروەها بەرپرسی ۸ هۆبەی دڵنیایی جۆری لە کۆلێژ و پەیماگاکانی سەربە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی (UTHM)ـی مالیزی دەکات

رۆژی چوار شەممە رێکەوتی 3/4/2019 سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە شێروانی پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی (UTHM)ـی مالیزی کە پێکهاتبوون لە (Assos. Prof. Dr. Amran Harun) و (Dr. Zahrul Akmal) کرد کە ماوەی دوو رۆژە لە هەرێمی کوردستانن.
دواتر شاندی ناوبراو لەگەڵ لێژنەی چالاکییە زانستیەکانی زانکۆ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا کە دوو تەوەری سەرەکی لەخۆ گرتبوو یەکەمیان گفتوگۆ کردن بوو دەربارەی ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە نێوان هەردوو زانکۆ.
تەوەری دووەم گفتوگۆ کردن بوو لەگەڵ بەرێوبەری پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ دەربارەی بەنێونەتەوەییکردنی زانکۆ لەرووی ناردنی قوتابی و مامۆستا بۆ زانکۆکانی وڵاتی مالیزیا.

بەفەرمی.. ناو و ئەدرەسی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەسەر نەخشەی جیهان لە بەکارهێنان و میوانداری کردنی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ئایسک تۆمار کرا

دوای هەوڵ و ماندووبوونی ستافی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ،بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی کوردپۆڵ کە نوێنەری رێگەپێدراوی ئایسکە لە کوردستان، تۆمار کردنی ناو و ئەدرەسی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەسەر نەخشی جیهان لە بەکارهێنان و میوانداری کردنی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ئایسکی ڕاگەیاند،

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وەک یەکەمین ناوەندی ئەکادیمی لەسەر ئاستی هەولێری پایتەخت ناو و ئەدرەسی تۆمار کرا و تێیدا بنکەیەکی فەرمی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ئایسک دەکرێتەوە و بەمەش یەکێک لە هەرە گەورەترین و بەناوبانگترین رێکخراوەکانی بواری مامۆستایان،قوتابیان و گەنجان لەسەر ئاستی جیهان میوان دەبێت لەناو زانکۆمان.

لە نووسینێکی بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی کوردپۆڵ کە لە پەیجی تایبەتی ئاژانسەکەدا بڵاو کراوەتەوە نووسیویەتی “

“بە ناوی ئاژانسی کوردپۆڵ و کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ئایسک / ئۆفیسی کوردستان پیرۆزبایی ئاڕاستەی هەر یەک لە بەڕێزان؛

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە شێروانی ،راگری پەیمانگای تەکنیکی کارگێڕی هەولێر د.برزۆ دزەیی، سەرۆکی بەشی سیستەمی زانیارییەکانی کارگێڕی مامۆستا هاوکار یاسین دەکەین بەبۆنەی بەفەرمی تۆمار کردنی ناو و ئەدرەسی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەسەر نەخشی جیهان لە بەکارهێنان و میوانداری کردنی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ئایسک.

لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا هاتووە “وەک نوێنەری کۆمەڵەی نێودەڵەتی ئایسک هەوڵ دەدەین تەواوی چالاکی و ئیڤێنتە نێودەوڵەتییەکان بەهاوکاری و هەماهەنگی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بکرێت و ببینە هۆکارێک بۆ بەرزکردنەوەی رانکینگی زانکۆ و خزمەتێکی جیاواز پێشکەش بە مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆکە بکەین”.

?چەند کورتە زانیارییەک دەربارەی ئایسک؛

کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ئایسک واتە International Student Identity Card رێکخراوێکی ناحکومی نێودەوڵەتییە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1953 دامەزراوە و تاکە ناسنامەی نێودەوڵەتی و فەرمی دەردەکات بۆ ناساندنی توێژەکانی (قوتابی – خوێندکار، مامۆستا و گەنج)، ئەم ناسنامەیە لە سەرانسەری جیهاندا لە زیاتر لە 132 وڵات کاری پێ دەکرێت و بەردەوام لە گەشە سەندندایە و توانیویەتی پتر لە 150.000 داشکاندن لەو 132 وڵاتە جیهانییە دابین بکات بۆ هەڵگرانی ناسنامەی ئایسک.

ئایسک ISIC لەساڵی 1968ەوە لە لایەن رێکخراوی یونسکۆی (UNISCO)سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێدانراوە و هەر یەک لە رێکخراوی گەشتوگوزاری نێودەوڵەتی (UNWTO) و ئەنجومەنی رۆشنبیری ئەوروپی (ECC) وەک تاکە ناسنامەی فەرمی و نێودەوڵەتی بۆ ئەو توێژانە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و بە جیهانیان ناساندووە.

?لە 132 وڵاتی جیهان کاری پێ دەکرێت

?زیاتر لە 150.000 داشکاندنی جیهانی پێ وەردەگیرێت

?زیاتر لە 300 داشکاندنی ناوخۆیی پێ وەردەگیرێت لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک

?تاکە ناسنامەی نێوەدەوڵەتییە بۆ توێژەکانی مامۆستا و قوتابی و گەنج

?ساڵانە زیاتر لە 5 ملیۆن بەشداربووی تازەی هەیە لە جیهاندا

?لە ساڵی 1953ەوە دامەزراوە و تا ئێستا بەردەوامە

?تا ئێستا زیاتر لە 110 ملیۆن ناسنامە لە جیهاندا دەرچووە.

?بە شێوەیەکی گشتی هەر 7 چرکە ناسنامەیەک دروست دەکرێت لە جیهاندا

?هەموو هەڵگرانی ئایسک بە فەرمی ناسێندراون لە لایەن رێکخراوی یونسکۆ

? ئایسک لە پەیوەندی راستەوخۆدایە لەگەڵ زیاتر لە 1.150 ناوەندی ئەکادیمی لە جیهاندا

?زیاتر لە 6 هەزار بنکەی ئایسک هەیە لە جیهاندا

?لە کوردستان 4 بنکە هەیە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و سۆران

? بینەری ئەم کورتە ڤیدیۆیە بن بە کوردی.

https://youtube.com/watch?v=gOq18qrF0hA%3Fversion%3D3%26rel%3D1%26fs%3D1%26autohide%3D2%26showsearch%3D0%26showinfo%3D1%26iv_load_policy%3D1%26start%3D1%26wmode%3Dtransparent