Monthly Archives: ئازار 2023

پەیامی سەرۆکی زانکۆ بە بۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە سەرجەم مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر کرد و هیوای خواست ئەم مانگە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ کوردستانیان.

ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێرە

بە بۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، بەناوی خۆم و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیانی زانکۆمان دەکەم. لە خوای گەورە داواکارم نوێژ و رۆژوو و نزاکانمان لێ قبوڵ بکات و هاتنی مانگی رەمەزان ببێتە مایەی خێر و خۆشی و ئارامیی زیاتر بۆ کوردستانیان.

خوای گەورە کوردستان لە هەموو نەهامەتییەک بپارێزێت.

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی
سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر

پەیامی پیرۆزبایی بەڕێز ڕاگری پەیمانگە بەبۆنەی جەژنی نەورۆز

بەناوی بەڕێز پ.ی. اومێد ارشد حوێزی ڕاگری پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی ھەولێر. بە بۆنەی سەری ساڵی کوردی (٢٧٢٣) و جەژنی نەورۆزی کوردانەوە، گەرمترین پیرۆزبای ئاراستەی ھەموو گەلی کورد و سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان پەیمانگە دەکەین ھیوای ساڵێکی پڕ لە خۆشی و شادی و کامەرانی بۆ گەل و نەتەوەکەمان دەخوازین

                                                
                           ڕاگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر
                                              ٢٠٢٣⁄٣⁄٢٠   

لە یادی ١٢٠ ساڵەی لە دایکبوونی بارزانی نەمر هەڵمەتی چاندنی ١٢٠ نەمام بەڕێوەچوو


ڕۆژی شەممە ٢٠٢٣/٣/١٨، بەڕێز (م.پاکستان محەمەدامین یوسف) ڕاگری کۆلێژ و ئەنجومەن و مامۆستا و فەرمانبەرانی کۆلێژەکەمان ، بەمەبەستی زیندوو ڕاگرتنی یادی لە دایکبوونی ڕابەری نەتەوەییمان “بارزانی نەمر” هەڵمەتێکی نەمام چاندن بەڕێوەچوو، کە تێدا ١٢٠ نەمام چێندرا.

ئەم یادە مەزنە دەکەینە دەروازەیەک بۆ بەردەوامبوون و سەوزکردنی کۆلێژەکەمان و هاندانی قوتابیان و مامۆستایان بۆ ئەوەی هەرکەسێک لە سنووری خۆی دەست بە سەوزکردن و چاندنی نەمام بکات.

ڕاگەیاندنی کۆلێژی تەکنیکی سۆران ٢٠٢٣/٣/١٨


  

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر بەشداری لە کۆنگرەی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر بەشداری لە کۆنگرەی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی کرد کە لە رۆژانی ١٨-٢٠ی ئاداری ٢٠٢٣ لە هەردوو زانکۆ سوسە و مونتەسیر لە وڵاتی تونس بەڕێوەدەچێت

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کارەکانی کردنەوەی ٥٥ هەمین خولی کۆنگرەی گشتیی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی کرد کە لەژێر چاودێری سەرۆک وەزیرانی تونس، نەجلا بودن رەمەزان دەستی بەکارەکانی کرد.

رێوڕەسمی کردنەوەی کارەکانی کۆنگرەکە کە بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تونس، مونسیف بوکستر بەڕێوەچوو، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر و سەرۆکی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەناوی هەرێمی کوردستانەوە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشداربووانی کۆنگرەکە ئەنجامدا، لەوانە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تونس، مونسیف بوکسیر و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی میسر، محەمەد ئەيمەن عاشوور.

لەو دیدارانەدا شاندی کوردستان لەبارەی پەرەپێدان بە پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان زانکۆکان ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکانیان کرد.

بڕیارە لە میانی کارەکانی کۆنگرەکەدا چەندین بابەتی پەیوەندار بە پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکان تاوتوێی بکرێت، بە تایبەتی لە قۆناغی دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئەمە یەکەم کۆنگرەی یەکێتییەکەیە ئەنجام بدرێت و لەمبارەیەوە باس لە کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کورۆنا کرا، کە بووە هۆی ئەوەی بیر لە بەکارهێنانی سیستەمی ئەلیکترۆنی بکرێتەوە و زیاتر گرنگی بە بەکارهێنانی بدرێت لە بواری خوێندنی باڵادا.

جێی ئاماژەیە، زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر وەک یەکێک لە زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی ساڵانە بە فەرمی بانگهێشتی کۆنگرەی یەکێتییەکە دەکرێت کە هەر خولێکی لەلایەن زانکۆیەکی ئەندام لە یەکێتییەکە میوانداریی دەکرێت.

 

1 2 3 8