Daily Archives: ئازار 18, 2023

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر بەشداری لە کۆنگرەی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر بەشداری لە کۆنگرەی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی کرد کە لە رۆژانی ١٨-٢٠ی ئاداری ٢٠٢٣ لە هەردوو زانکۆ سوسە و مونتەسیر لە وڵاتی تونس بەڕێوەدەچێت

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کارەکانی کردنەوەی ٥٥ هەمین خولی کۆنگرەی گشتیی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی کرد کە لەژێر چاودێری سەرۆک وەزیرانی تونس، نەجلا بودن رەمەزان دەستی بەکارەکانی کرد.

رێوڕەسمی کردنەوەی کارەکانی کۆنگرەکە کە بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تونس، مونسیف بوکستر بەڕێوەچوو، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر و سەرۆکی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەناوی هەرێمی کوردستانەوە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشداربووانی کۆنگرەکە ئەنجامدا، لەوانە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تونس، مونسیف بوکسیر و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی میسر، محەمەد ئەيمەن عاشوور.

لەو دیدارانەدا شاندی کوردستان لەبارەی پەرەپێدان بە پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان زانکۆکان ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکانیان کرد.

بڕیارە لە میانی کارەکانی کۆنگرەکەدا چەندین بابەتی پەیوەندار بە پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکان تاوتوێی بکرێت، بە تایبەتی لە قۆناغی دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئەمە یەکەم کۆنگرەی یەکێتییەکەیە ئەنجام بدرێت و لەمبارەیەوە باس لە کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کورۆنا کرا، کە بووە هۆی ئەوەی بیر لە بەکارهێنانی سیستەمی ئەلیکترۆنی بکرێتەوە و زیاتر گرنگی بە بەکارهێنانی بدرێت لە بواری خوێندنی باڵادا.

جێی ئاماژەیە، زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر وەک یەکێک لە زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی ساڵانە بە فەرمی بانگهێشتی کۆنگرەی یەکێتییەکە دەکرێت کە هەر خولێکی لەلایەن زانکۆیەکی ئەندام لە یەکێتییەکە میوانداریی دەکرێت.