Daily Archives: ئازار 9, 2023

هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی سەڵاحەدین بە هاوبەشی پێشبڕکێیەک لە بواری ئەندازیاری بۆ قوتابیانی شەش زانکۆی کوردستان رێکدەخەن

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 9ـی ئاداری 2023 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیرهەرکی، سەرۆکی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان ئەندزیار عەبدولڕەحمان عەلی کوردە، سەرۆکی ئەی سی ئای کوردستان چاپتەر د. عومەر قەرەنی و راگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر پ.د. ئەیاد زەکی، پێشبڕکێی (Pervious Concrete) بەڕێوەچوو کە بۆ قوتابیانی شەش زانکۆی حکومی کوردستان رێکخرابوو.

دوای وتەی بەخێرهاتن لەلایەن راگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر پ.د ئەیاد سەرۆکی زانکۆ د. ئیدریس وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: “پێشەکی دەمەوێت دەستخۆشی ئەندازیاری شارستانی بکەم لەگەڵ رێکخەرانی ئەم پێشبڕکێیە لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاریی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ، بەڕێزان ئەم جۆرە چالاکییانە بۆ قوتابیان وانەیەکی ترە یاخود بەجۆرێکی تر لە خوێندن دادەنرێت، ئێمە وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەردەم پشتگیری ئەوجۆرە چالاکییانەمان کردووە.

لەکاتی خۆی کە دکتۆرە رەفاهـ پێشنیاری بیرۆکەکەی کردزۆر پشتگیریم کرد، خۆشبەختانە لەمانگی ئاداردا کە مانگی هاندانی ئێمەی کوردستانییانە توانییان ئەم پێشبڕکێیە ئەنجام بدەن.

ئومێدەوارین ئەو ئاهەنگ و چالاکییانە بەردەوام بن، بۆیە ئەمڕۆ بە بۆنەی یادەکانی ئادار و ئەنجامدانی ئەم پێشبڕکێیە پیرۆزبایی لە قوتابیان دەکەین هیوای بەردەوامییان بۆ دەخوازم.

هەروەها سوپاسی سپۆنسەرانی ئەم چالاکییە دەکەین و بەخێرهاتنی ئەو 22 گرووپە دەکەین کە لە 6 زانکۆی جیاوازەوە ئەمڕۆ لەگەڵمان بەشدارن هیوای سەرکەوتن بۆ هەموویان دەخوازین، ئومێد دەکەین ئەم پێشبڕکێیە ببێتە هاندانێکی تر بۆ زیاتر فێربوون لە زانستەکانیان بۆ ئەوەی بتوانن لە دواڕۆژدا بە ئاسانی هەلی کار بدۆزنەوە و لەو بوارەی خۆیاندا کار بکەن، دووبارە پیرۆزتان بێت و بەخێر بێن”.

پاشان دەستکرا بە بەرنامەی پێشبڕکێیەکە کە تیایدا ئاستی گرووپەکان لەیەک نزیک بوون، دوای کێبڕکێیەکی زۆر گرووپی قوتابیانی زانکۆی دهۆک و گرووپی قوتابیانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی پلەی یەکەم و دووەمیان بەدەست هێنا.

لێژنەی دادوەرانی پێشبڕکێیەکە پێکهاتبوون لە: د. بەهمەن عومەر تەها و د. رەفاهـ رەشید عەبدولمەجید لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، هەروەها د. دڵشاد خدر بزێنی، د. سیروان خضر مەلا و مامۆستا پەیام ئیسماعیل عبدالرحمن لە زانکۆی سەڵاحەددین.

شیاوی باسە پێشبڕکێیەکە بە سپۆنسەری هەریەکە لە سەندیکای ئەندزیارانی کورستان، کۆمپانیای هێندستیل، کۆمپانیای فۆربریدج، کار گرووپ، کۆمپانیای سیکا، کۆمپانیای ئاڕ ئێم جی و کۆمپانیای بیڵد تێک رێکخرابوو.

لە کۆتاییدا بڕوانامە و خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە سەرپەرشتیار و دادوەران و گرووپەکانی خاوەن پلەی یەکەم و دووەم.

ڤیستیڤاڵی ساڵانەی بەشە زانستییەکانی تەق تەقی سەر بە پەیمانگای تەکنیکی کۆیە بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ (٩ / ٣ / ٢٠٢٣) بەشە زانستییەکانی تەق تەقی سەر بە پەیمانگای تەکنیکی کۆیە دووەمین ڤیستیڤاڵی ساڵانەی (زانستی و کلتور و هونەری) بە ئامادەبووبوونی بەڕێز ڕاگری پەیمانگا و ژمارەیەک لە بەرپرسان ئەنجامدا، کە پێکهاتبوو زیاتر لە (25) چالاکی زانستی کەنیشاندەری تواناو فێربونی زانستی خوێندکاران بوو لەسەرجەم بەشەکان. هەروەها چەندین چالاکی  کلتوری و هونەری دەستی خوێندکاران نمایش کران..