Monthly Archives: شوبات 2023

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە سەرۆکی زانکۆی تەکنیکی ناوەڕاست دەکات

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 28ـی شوباتی 2023 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی پێشوازی کرد لە سەرۆکی زانکۆی تەکنیکی ناوەڕاست پ.د. عبدولمحسن ناجي ئەلمحيسن.

لە دیدارێکدا کە هەر یەکە لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و بەڕێوبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆ ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆی تەکنیکی ناوەڕاست پیرۆزبایی لە د. ئیدریس هەرکی کرد، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و چەپکە گوڵی پێشکەش کرد، لەلای خۆیەوە سەرۆکی زانکۆ زۆر سوپاسی پیرۆزبایی کرد و سەردانەکەی بەڕێزیانی بە گرنگ و پێویست وەسفکرد.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا کۆک بوون لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە بواری زانستی و ئەنجامدانی چالاکی زانستی هاوبەش، بۆ ئەمەش بڕیاردرا لە ماوەی داهاتوودا کۆنفرانسێکی زانستی هاوبەش ئەنجامبدەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا د. عبدولمحسن ناجي داوای کرد هاوکاری زانکۆکەیان بکرێت لەلایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرەوە لەچۆنیەتی جێبەجێکردنی سیستەمی بۆلۆنا پرۆسێس، تاکو سوود لە ئەزموونی زانکۆی پۆلتەکنیکی هەولێر وەربگرن لەوبارەیەوە.

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشدارییان کرد لە ساڵیادی کردنەوەی کونسولخانەی ئەرمینیا لەهەولێر

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 26ـی شوباتی 2023 لەسەر بانگهێشتێکی فەرمی کونسولخانەی ئەرمینیا لە هەرێمی کوردستان، بەنوێنەرایەتی سەرۆکی زانکۆ، یاردەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، بەشدارییان کرد لە دووەمین ساڵیادی کردنەوەی کونسولگەری گشتی کۆماری ئەرمینیا لە هەولێر.

هاوکات شاندەکەی زانکۆ بەشدارییان کرد لە پێشانگایەک کە وێنە و ئەرشیف و بەڵگەنامەی مێژوویی دەربارەی پێکهاتەی نەتەوەکانی کورد، یەزیدی و ئاشوریەکانی لە ئەرمینیا تێدا نمایش کرابوو، ئەمەش وەک لێکچوونێک لەنێوان ئەرمینیا و کوردستان نیشاندرا کە ساڵەهای ساڵە پێکهاتە جیاوزەکان بێ جیاوازی نەریت و ئاین و زمان، پێکەوە دەژین و ئاوێتەی یەکتربوون.

نەتەوەی کورد و ئەرمەن بە درێژایی مێژوو نەهامەتی زۆریان بەسەردا هێنراوە و هەردوو گەل جینۆساید کراون.

شیاوی باسە لە مەراسیمەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵای حکومەت و پارتی سیاسی و کۆنسولەکان ئامادەبوون.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هاوکارییەکانی کەمپینی (لەگەڵتانین) رادەستی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی شوباتی 2023 سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆکی زانکۆ، پ.د.ئیدریس محمد تاهیر هەرکی، کۆمەک و هاوکارییەکانی کەمپینی (لەگەڵتانین)ـی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری رادەستی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد، تاکو ئەوانیش بیگەیەنن بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکان لە شار و ناوچەکانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان.

سەرۆکی زانکۆ و یاوەرانی لەلایەن موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێزخوازی بارزانی بەگەرمی پێشوازییان لێکرا.

لە دانیشتنێکدا، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی بەناوی خۆی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەستخۆشی لە سەرۆک و ستافی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد کە لە ساتەکانی یەکەمی بوومەلەرزەکانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کۆمەکیان گەیاندە لێقەوماوان و راستەوخۆ گەیشتنە شوێنی کارەساتەکە.

هەروەها لەبەرامبەر ئەرک و ماندووبوونیان و بەبۆنەی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان لەدوای چوونیان بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر چەپکە گوڵێکی پێشکەش بە سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد.

دوای رادەستکردنی کۆمەکەکان، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر یاوەرانی، بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: “بەخۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ کۆمەک و هاوکارییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وەردەگرین، دەستخۆشی و سوپاسی ستافی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئەو زانکۆیە دەکەین بۆ روحییەتی هاوکاری و یارمەتیدانیان و متمانەکردنیان بەئێمە، دڵنیابن هاوکارییەکانتان جێگای خۆی دەگرێت و بە بەباشترین شێوە دەگاتە جێگای مەبەست”.

موسا ئەحمەد گوتیشی: “دڵخۆشین فەرمانبەران و مامۆستایان وەک چیایەک لەپشت دەزگاکەی خۆیانن، لەناخی دڵەوە شانازیتان پێوە دەکەین زۆر سوپاستان دەکەین، ئێمەش بەهەستەوە لەخزمەت ئەو خەڵکە خۆشەویستە دەبین کە لێیان قەوماوە، ئەوەی ڕوویدا زیانێکی زۆر گەورەبوو بەداخەوە، دەزگاکەمان وەک ئەرکێکی سەرشانی سەیری دەکات، چونکە بارزانی نەمر موڵکی هەموو شارەکانی کوردستانە بێ جیاوازی لە نێوان پارچەکان، بارزانی دەفەرمووێت (شانازییە مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت)، تا هەست و سۆزی ئێوەمان لەپشت بێت دەتوانین خزمەت پێشکەش بکەین”.

دواتر پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بۆ میدیاکان دوا گوتی: “دوای روودانی بوومەلەرزەکانی تورکیا و سووریا، لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کەمپنێکمان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ لێقەوماوانی ئەو کارەساتە راگەیاند”.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئاماژەدان بە رۆڵی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە گەیاندنی کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە، گوتی‌‌‌‌: “دەستخۆشی لەو دەسپێشخەرییەی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەین کە هەڵساون بە کارێکی پیرۆزی مرۆڤایەتی گرنگ و بەسوود بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی ناوچە جیاوازەکان، کەمپینی (لەگەڵتانین) جێگای دەستخۆشی گشت مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکەمان بوو کە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە بەشدارییان تێدا کرد و کۆمەک و هاوکارییەکانیان گەیاندە دەستی ئێمە، ئێمەش بەوپەڕی شانازییەوە سەرپەرشتیمان کرد و بە ئەرکی سەرشانی خۆمان زانی، کارێکی گرنگە کە دەزگای خێرخوازی بارزانی لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستانیش کاری خێرخوازی مرۆڤایەتیی ئەنجام بدات، لەو کارەساتی بوومەلەرزەیەی کە ڕوویدا بەشێوازێکی تازە هاوکارییەکانی ناوخۆی گواستەوە بۆ دەرەوەی سنووری هەرێم ، ئەو کارە ناودەنێین بە گواستنەوەی خزمەت تا ناو و شۆڕش و دەسکەوتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر پارێزراوبێت”.

پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی ئەم کارەی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە شێوازێکی نوێی شۆڕش و نیشاندانی مرۆڤدۆستی گەلی کورد ناوبرد.

لە روانگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان، سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رۆژی 13ـی شوباتی 2023 کەمپینی (لەگەڵتانین)ـی راگەیاند کە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام بوو کە سەرۆکایەتی زانکۆ و گشت کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان تیایدا بەشدارییان کرد و بڕێکی زۆر پێداویستی و کەلوپەل و سەبەتەی خۆراک و پێخەف کۆکرایەوە، ئەمڕۆش لە مەراسیمێکدا هاوکارییەکان رادەستی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرا.

سەردانی قوتابیانی بەشی پزیشکی کۆلێژەکەمان بۆ تاقیگەی بایۆژین لە سۆران.

ڕۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٢/٢٢
قوتابیانی قۆناغی دووەمی بەشی شیکاری نەخۆشیەکان بە سەرپەرشتی مامۆستایان ( م. سەرکار سەردار، م. دیاری حسن، م. پەیوەند خالید ) سەردانی تاقیگەی بایۆژین لە شاری سۆران کرد.

سەردانەکە بە مەبەستی زیاتر ئاشنابوون بە ئامێرەکان و گووزەران و مامەڵەی ناو تاقیگە بەشێوەیەکی کرداری بوو.

سوپاسی میوانداری کردنی تاقیگەی بایۆژین دەکەین هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.