Monthly Archives: شوبات 2023

سەردانی قوتابییانی بەشی ئافرەتان و لەدایكبوون بۆ ( باخچەی منداڵانی دیانا )

رۆژی سێشەمە بەرواری ٢١/٢/٢٠٢٣ بەسەر پەرشتی مامۆستایان ( رۆژان ئیبراهیم و کاژین علی ) قوتابییانی بەشی ئافرەتان و لەدایكبوون قۆناغی دووەم/ئێواران، سەردانی (باخچەی منداڵانی دیانا) یان کرد لەوانەی پراکتیکی (growth and development)، بۆ زیاتر ئاشناکردنی قوتابییەکانمان بەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەی لە باخچەی منداڵان پێشکەش بە منداڵان دەکرێت.
زۆر سوپاسی بەرێوەبەر و مامۆستایانی باخچەی منداڵانی دیانا دەکەین کە هاوکارمان بوون

کۆتایی هاتن بە خولی فریاگوزاری سەرەتایی(( First Aid ))

رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٢/٢٠ لە هۆڵی (کتیبخانە)ی کۆلێژەکەمان بە ئامادەبوونی ڕاگری کۆلێژ بەڕێز ( م .پاکستان محمدامین یوسف )، قایمقامی قەزای ناوندی سۆران بەڕێز ( رەجەب زبێر حارس ) و بەرێز ( مقدم ئازاد شاکر ) نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران ، کۆتایی بە خولی فریاگوزاری سەرەتایی هات.

لە سەرەتای مەڕاسیمەکەدا ( م. پاکستان محمەدامین ) ڕاگری کۆلێژەکەمان وتەیەکی پێشکەش کرد و سوپاسی مامۆستا و پسپۆرانی کرد کە هەڵسان بە کردنەوەی ئەم خولە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ.

هەروەها بەڕێز قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران ( رەجەب زبێر ) وتەیەکی پێشکەش بە بەشداربووانی خولەکە کرد و سوپاس و دەستخۆشی ئاڕاستەی کۆلێژەکەمان کرد بۆ کردنەوەی ئەم جۆرە خولانە.

لە کۆتاییدا بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولی فریاگوزاری سەرەتایی دابەش کرا ، سوپاس و پێزانین بەخشرا بە ڕاهێنەرانی خول .

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی کار(ئای.ئێڵ.ئۆ) وۆرکشۆپی کارخوازان لەسەر ڕێنمایی پیشەیی رێکدەخات

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 23ـی شوباتی 2023 بە ئـامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ و بەڕێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ و سەرۆک بەشەکانی کۆلێژ و پەیمانگەکان، وۆرکشۆپی بۆ کارخوازان لە سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو.

ئەم وۆرکشۆپە لە لایەن رێکخراوی (ئای. ئێڵ. ئۆ) سەرپەرشتی دەکرێت و لە لایەن زریان جمال خضر/بەرپرسی باڵای پرۆژە لە هەرێمی کوردستان/ڕێکخراوی (ILO) و هێمن هادی پیرداود/ ڕاهێنەر پێشکەش دەکرێت، و ئامانج لێی روونکردنەوەی چۆنیەتی پێشکەشکردنە بۆ دۆزینەوەی هەلیکار لەسەر ڕێنمایی پیشەیی ڕێکخراوی کار بۆ کارخوازان، هەروەها سوودمەندبوونی قوتابیانە لە باشترکردنی کوالیتی و بەردەستبوونی خزمەتگوزارییەکانی دامەزراندن.

وۆرکشۆپەکە یارمەتی قوتابیان دەدات لە بازاڕی کار تێبگەن، ئامانجەکانیان دیاری بکەن، ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و میدیاکانیان دروست بکەن، ئینتەرنێت بەکاربهێنن و لە کۆتاییدا، بە سەرکەوتوویی تێکەڵ بە کۆمپانیا نوێیەکە ببن.

شیاوی باسە ئەم وۆرکشۆپە لە لایەن رێکخراوی کار (ئای. ئێڵ. ئۆ) بۆ قوتابیانی زانکۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستان رێکخراوە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە بەشداری زیاتر لە 600 قوتابی لە قوناغەکانی دوو و چوار بەڕێوەچوو.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی سەڵاحەدین (کۆڕبەندی متمانە و کوالیتی دەستنیشان کردنی نەخۆشیەکان)یان رێکخست

رۆژی پێنج شەممە رێكه‌وتی 23ـی شوباتی 2023 له‌ هۆتێل شیڕاتۆن به‌ ئاماده‌بوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمد تاهیر هەرکی، پارێزگاری هه‌ولێر ئومێد خۆشناو، ڕاوێژكاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان د.كارزان كریم ، ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا د.ئه‌میر چالی، سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ولێری پزیشكی پ.ی.د.نورالدین وێردی و یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆی  پۆلیتەکنیکی هەولێر و سه‌لاحه‌دین- هه‌ولێر و ئەندامانی پەرلەمان کۆڕبەندی دیقه‌ت، متمانە و کوالیتی دەستنیشان کردنی نەخۆشیەکان بەڕێوەچوو.

ئەم کۆڕبەندە لە لایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی سەلاحەددین – هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوی ئێکۆ بۆ پەروەردە و تەندروستی کۆمەڵ ڕێکخرا.

کۆڕبەندەکە بە ساتێک وەستان و گوێکرتن بۆ سروودی نیشتمانی دەستیپێکرد پاشان سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وتەیەکی پێشکەشکرد و تیایدا بەخێرهاتنی میوانان و بەرپرسانی حزبی و حکومی کرد و گووتی:

خۆشحاڵین ئەمڕۆ لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەدین و وەزارەتی تەندروستی لە بەرنامەیەکی تری خزمەتگوزاری کۆمەڵگە لەم کۆڕبەندە پێکەوە کۆبووینەتەوە.

بەڕێزان وەکو لای هەموومان ئاشکرایە زانکۆ جگە لە کاری پێشکەشکردنی مەعریفە و توێژینەوەی زانستی کارێکی تریشی ئەوەیە کە بەردەوام خزمەتگوزاری پێشکەش بە کۆمەڵگە بکات، چ لەڕێگەی کەرتی تایبەت یاخود کەرتی گشتی، چ بە هاوبەشی بێت لەگەڵ رێکخراو و زانکۆکان، خۆشبەختانە ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەماوەی ئەمساڵدا چەندین بەرنامەی لەم شێوەیەمان ئەنجامداوە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە چ بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوەکان چ لەگەڵ زانکۆکان.

بەڕێزان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێکدێت لە شەش کۆلێژ و شەش پەیمانگە و زیاتر لە 42 پرۆگرامی خوێندن لە 132 بەشی زانستی پێشکەش دەکات کە نزیکەی 41 بەشیان تایبەتن بە تەندروستی و پزیشکی، لەو ژمارەیەش 11 بەشیان لە ئێواران و بەیانیان تایبەتن بە شیکاری نەخۆشییەکان.

بەرێزان ئەم بابەتە بابەتێکی گرنگە بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگە، چونکە هەموو تاکێک پێویستی بە پشکنیکی نەخۆشی هەیە، پێمانوایە ئەوەی پەیوەستە بەم بابەتەوە سێ خاڵی گرنگن ئەوانیش چۆنیەتی پێگەیاندنی کادری تاقیگەکان، کوالیتی ئامێرەکان کە لەدەرەوە هاوردە دەکرێن، پێداویستیەکانی تاقیکاری وەک ئەو دەرمان و ماددە کیمیاوییانەی کە لە شیکارییەکاندا بەکاردێن، بۆیە دەبێت ئەم کۆربەندە فۆکس بخاتە سەر ئەم خاڵانە.

ئەوەی پەیوەستە بە زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگەکانەوە چۆنیەتی پێگەیاندنی ئەو کادیرانەیە، دەبێت ئێمە لە زانکۆکان رژد بین لەسەر ئەوەی چۆن ئەو کادیرانە پێدەگەیەنین، هەروەها چۆن بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی راهێنان بەو قوتابیانە دەکەین، بە خۆشحاڵییەوە لە ئێستادا لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بەهاوبەشی ئەم کارە ئەنجام دەدەین ، ئێمە وەک زانکۆ گرنگی تایبەتمان پێداوە و بەرنامەی تایبتیشمان بۆی داناوە.

لە کۆتاییدا دەمەوێت سوپاسی سپۆنسەر و ئەندامانی لێژنەی سەرپەرشتی ئەم کۆڕبەندە بکەم هیوادارین ئەنجامی کۆڕبەندەکە ببێتە هۆکارێکی تر بۆ باشترکردنی کوالیتی دەرچووان و باشترکردنی بەڕێوەچوونی هەموو ئەو پشکنینانەی کە لە تاقیگەکاندا ئەنجام دەدرێت و تاکو بۆ هەموو لایەکمان سوودبەخش بێت و هەموو لایەکیشمان تەندروست باش بین، دووبارە سوپاس و زۆر بەخێربێن. پاشان دەستکرا بە پرۆگرامی کۆڕبەندەکە بە پێشکەشکردنی پرێزنتەیشن و پانێڵەکان.