Daily Archives: شوبات 16, 2023

سەرۆکی زانکۆ سەردانی کۆنسوڵخانەی گشتیی تورکیا لە هەولێر دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەگەڵ شاندێکی یاوەری کە پێکهاتبوو لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆ، سەردانی کۆنسوڵخانەی گشتیی تورکیای لە هەولێر کرد و لەلایەن کۆنسوڵی گشتیی، مەولوود یاقوت و بەرپرسانی کۆنسوڵخانەوە پێشوازیی لێکرا.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی بەناوی خۆی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی ئاراستەی مەلوود یاقوت کرد بەهۆی بوومەلەرزەکەی رۆژی شەشی شوباتی تورکیا و داوای لێخۆشبوونی لە خودا بۆ ئەو کەسانە کرد کە لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستدا و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ برینداران خواست.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر راشیگەیاند، لەسەر ئاستی زانکۆ و گشت کۆلێژ و پەیمانگانی سەربە زانکۆ کەمپینی کۆکردنەوەی کۆمەکیان بۆ لێقەوامان دەست پێکردووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا لە رێگەی لایەنە پەیوەندارەکان لە حکوومەتی هەرێم کۆمەکەکان دەگەیننە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە.

لای خۆیەوە کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر، مەولوود یاقوت سوپاسی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی کرد بۆ سەردانەکەی و دەربڕینی هاوخەمییان بۆ رووداوەکە.

مەولوود یاقوت ستایشی هەڵوێستی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی وڵاتەکەی و جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی تورکیا زۆر سوپاسی بەهاونەوەچوونی حکوومەتی هەرێم و گەلی کوردستان دەکات کە وەک یەکەم حکوومەت کۆمەک و هاوکاری و تیمی فریاگوزاری و تەندروستیی رەوانەی وڵاتەکەی کردووە.

بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان زانکۆکانی هەرێم بەگشتی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەتایبەتی لەگەڵ زانکۆکانی تورکیا تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەبوو و لەمبارەیەوە جەخت لە کارئاسانی بۆ رەخساندنی دەرفەتی خوێندنی باڵا و بەشدارییکردن کە کۆنگرە و کۆنفرانسەکان و سەردانی زانکۆکانی تورکیا کرا.

هاوکات باس لە کێشەی دانپێدانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەلایەن دامه‌زراوه‌ی خوێندنی باڵا لە تورکیا و زانکۆکانی ئەو وڵاتە کرا کە پێشتر وەک دەستەی خوێندنی تەکنیکی دانی پێدانراوە و لەمبارەیەوە جەخت لە هەماهەنگی نزیک بۆ تەواوکردنی ئەم پرسە کرایەوە.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وێرکشۆپێکی بۆ سەرجەم سەرۆک بەشەکانی کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان رێکخست

رۆژی چوار شەممە رێکەوتی 15ـی شوباتی 2023 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و بەرێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ، بەرێوبەرایەتی دڵنیایی جۆری وێرکشۆپێکی بۆ سەرۆکی بەشە زانستییەکانی گشت کۆلێژ و پەیمانگەکان لەژێر ناونیشانی (پەرەپێدانی توانا ئەکادیمی و کارگێڕییەکان) ئەنجامدا کە ئەم بابەتانەی لەخۆ گرتبوو (زمانی جەستە، جۆرێک لە سەرکردایەتی، هەڵسەنگاندنی نووسینی ئاکادیمی ،جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە سیستەمی بۆلۆنا، رێنماییەکانی بەرزکردنەوەی نازناوی زانستی) وە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.

لە دەستپێکی وێرکشۆپەکەدا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد تیایدا بەخێرهاتنی سەرۆک بەشەکانی کرد. لە درێژەی وتەکەیدا پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی ئەنجامدانی چالاکییەکەی بە گرنگ وەسف کرد بۆ بەرزتر کردنەوەی توانای سەرۆک بەشەکان لەرووی کارگێری و زانستی و تەکنەلۆجییەوە، تاکو لە رێگەیەوە پرۆسەی خوێندن و پەروەردەکردن بگاتە ئاستێکی بەرزتر.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ وتی: پۆستی سەرۆک بەش ئەرکێکی پیرۆز و گرنگە، هەروەها خاڵی بەیەک بەستنەوەی قوتابی و مامۆستایە و پێشکەوتنی پرۆسەی خوێندن بەندە بە کارامەیی و لێهاتووی ئەو مامۆستایەی کە لەو ئەرکەدایە، بۆیە هیوادارم ئەم وێرکشۆپە بە دەرفەتێک ببینن و زۆرترین سوودی هەبێت بۆ باشتر بەڕێوەبردنی ئەرکەکەتان.

پاشان بابەتی یەکەم لەژێر ناونیشانی (زمانی جەستە) لە لایەن د. فاضل جاف پێشکەشکرا و بەشێوەیەکی زانستی زمانی جەستە و پەیوەندی و کۆمیۆنیکەیشنە جەستەییەکان وەک جوڵە و ئاماژەکانی چاو، و هێڵەکانی دەم و چاو بەگشتی، و جوڵەی پەل و دەستەکان دەکۆڵێتەوە لە کاتی قسەکردن و گفتۆگۆ کردندا بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە.

لە دوای پشوودانێکی کورت بابەتی دووەم لەژێر ناونیشانی (جۆرێک لە سەرکردایەتی) لە لایەن د. مەهدی خالد قادر پێشکەشکرا کە تیایدا بەشێوەیەکی چڕوپڕ باسی هونەری سەرکردایەتی و تایبەتمەندییەکانی سەرکردەی سەرکەوتووی کرد.
لە کۆتاییدا دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و ئامادەبووان پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لە لایەن بەڕێزان د. فاضل و د. مەهدی وەڵامدرانەوە.

لە رۆژی دووەمی وێرکشۆپەکەدا سێ بابەت پێشکەش کرا کە بەشێوەیەکی زانستی و ورد هەریەک لەم بابەتانە (هەڵسەنگاندنی نووسینی ئەکادیمی) لە لایەن (پ.د.هیمداد عبدالقهار محمد)وە بابەتی دووەم بە ناونیشانی (جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە سیستەمی بۆلۆنا (ئی.سی.تی.ئێس) لە لایەن(پ.ی.د. بۆتان مجید ئاسنگەر).
دوای پشوو بابەتێکی دیکە لەژێر ناونیشانی (ڕێنماییەکانی بەرزکردنەوەی نازناوی زانستی) لە لایەن (پ.ی.د. عەفان عثمان حسین) پێشکەش کران پاشان دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و ئامادەبووان پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لە لایەن بەڕێزان د. هیمداد و د. بۆتان و د. عەفانەوە وەڵام درانەوە.

لە کۆتایی وۆرک شۆپەکە رۆژی دووەمدا بروانامەی رێزلێنان بەخشرایە پێشکەشکارەکان و سوپاسی ماندووبوونیان کرا.

وێنەکانی رۆژی یەکەم:

وێنەکانی رۆژی دووەم:

چالاکی هۆشیار کردنەوەی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بۆ قوتابخانەی (ئامادەیی زاستی گولی زەردی کچان و دواناوەندی کەناری وێژەیی کچان )

ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٠٢٣/٢/١٥ لە رۆژی جیهانی شێرپەنجەی منداڵان دا بەسەرپەرشتی ماموستایانی بەشی شیکاری نەخۆشییەکان (م. هەڤرس عبدی ) و (م.کاژین مطلب ) و (م.دیمەن فاخر ) و (م.شرین جبار) و (م.شریهان حکمت) و قوتابیانی بەشی شیکاری نەخۆشیەکان بەیانیان قۆناغی دووەم ،هەڵسان بە ئەنجامدانی چالاکی هۆشیار کردنەوە لە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بۆ قوتابیان ۆ مامۆستایانی هەردوو قوتابخانە.
لەسەرەتا دەستکرا بە پێشکەش کردنی سمیناری زانستی کە ناوەڕۆکەکەی باس لە هۆکاری دروست بوونی نەخۆشی شیرپەنجە و خۆپاراستن و ناسینەوەی نیشانەکان و دەست نیشان کردنی نەخۆشیەکە و چۆنیەتی چارەسەرکردنی کرا.
پاشان دەستکرا بە دابەش کردنی برۆشۆر و پۆستەر بەسەر قوتابیان و ئەنجامدانی پشکنینی شەکرەی خوین دیاری کردنی کێشی لەش بە حالەتەکانی ئاسایی و نائاسایی و چەندین چالاکی تر.

بە ناوی کۆلێژی تەکنیکی سۆران سوپاسی بەڕێوەبەر و مامۆستایانی هەردوو قوتابخانەکان دەکەین کە زۆر هاوکارمان بوون بۆ ئەنجامدانی چالاکییە.

بەڕێوەچوونی خولی توپی پێی سەرۆکایەتی زانکوی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ قوتابیان

ئەمڕۆ رێکەوتی ٢٠٢٣/٢/١٣ لە یاری یەکەم ، قوتابیانی کۆلێژەکەمان توانیان سەرکەوتن بە دەست بێنێن بەسەر پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی هەولێر، بە لێدانی یەکلاکەرەوە بە لێدانی ٤ گول بەرامبەر ٣ گول.

.ئێمەش وەکو ستافی کۆلێژ پیرۆزباییان لێدەکەین هیوادارین لە یاریەکانی تر سەرکەوتن بەدەست بێنن.