سەرۆکی زانکۆ سەردانی کۆنسوڵخانەی گشتیی تورکیا لە هەولێر دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەگەڵ شاندێکی یاوەری کە پێکهاتبوو لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆ، سەردانی کۆنسوڵخانەی گشتیی تورکیای لە هەولێر کرد و لەلایەن کۆنسوڵی گشتیی، مەولوود یاقوت و بەرپرسانی کۆنسوڵخانەوە پێشوازیی لێکرا.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی بەناوی خۆی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی ئاراستەی مەلوود یاقوت کرد بەهۆی بوومەلەرزەکەی رۆژی شەشی شوباتی تورکیا و داوای لێخۆشبوونی لە خودا بۆ ئەو کەسانە کرد کە لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستدا و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ برینداران خواست.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر راشیگەیاند، لەسەر ئاستی زانکۆ و گشت کۆلێژ و پەیمانگانی سەربە زانکۆ کەمپینی کۆکردنەوەی کۆمەکیان بۆ لێقەوامان دەست پێکردووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا لە رێگەی لایەنە پەیوەندارەکان لە حکوومەتی هەرێم کۆمەکەکان دەگەیننە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە.

لای خۆیەوە کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر، مەولوود یاقوت سوپاسی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی کرد بۆ سەردانەکەی و دەربڕینی هاوخەمییان بۆ رووداوەکە.

مەولوود یاقوت ستایشی هەڵوێستی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی وڵاتەکەی و جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی تورکیا زۆر سوپاسی بەهاونەوەچوونی حکوومەتی هەرێم و گەلی کوردستان دەکات کە وەک یەکەم حکوومەت کۆمەک و هاوکاری و تیمی فریاگوزاری و تەندروستیی رەوانەی وڵاتەکەی کردووە.

بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان زانکۆکانی هەرێم بەگشتی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەتایبەتی لەگەڵ زانکۆکانی تورکیا تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەبوو و لەمبارەیەوە جەخت لە کارئاسانی بۆ رەخساندنی دەرفەتی خوێندنی باڵا و بەشدارییکردن کە کۆنگرە و کۆنفرانسەکان و سەردانی زانکۆکانی تورکیا کرا.

هاوکات باس لە کێشەی دانپێدانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەلایەن دامه‌زراوه‌ی خوێندنی باڵا لە تورکیا و زانکۆکانی ئەو وڵاتە کرا کە پێشتر وەک دەستەی خوێندنی تەکنیکی دانی پێدانراوە و لەمبارەیەوە جەخت لە هەماهەنگی نزیک بۆ تەواوکردنی ئەم پرسە کرایەوە.