Daily Archives: شوبات 15, 2023

نۆهەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئەندازیاری نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک دەستی بەکارەکانی کرد

رۆژی چوار شەممە رێکەوتی 15ـی شوباتی 2023 لە هۆتێلی نێودەوڵەتی هەولێر بە ئامادەبوونی بریکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. عبدالفتاح عبدالرزاق، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر د. علی رشید، جێگری پارێزگاری هەولێر مەسعود کاڕەش، ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆ حکومی و ناحکومییەکان و بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئاسۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لاوەند دزەیی، مەراسیمی کردنەوەی نۆهەمین کۆنفڕانسی ساڵانەى نێودەوڵەتى ئەندازیاری نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک بە پاڵپشتى (ئی ئی ئی تریپڵ-عێڕاق) بەرێوەچوو.

دوای گوێگرتن لە سروودی نیشتمانی عێراق و سرودی نیشتمانی کوردستان سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د. ئیدریس محمد تاهیر هەرکی وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: “میوانە بەڕێزەکان، زۆر خۆشحاڵم بە ئامادەبوونتان لە مەراسیمی نۆهەمین کۆنفڕانسی ساڵانەى نێودەوڵەتى ئەندازیاری لەژێر ناونیشانی (بەرەو ئاراستەیەکی تازە بۆ توێژینەوە و پەرەپێدان لە بواری ئەندازیاری) کە لە لایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی تیشکى نێودەوڵەتى و بە پاڵپشتى (ئی ئی ئی تریپڵ-عێڕاق) ئەنجام دەدرێت.

ئامادەبووانى ئازیز، ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر گرنگییەکی زۆر دەدەین بە توێژینەوەی زانستی بۆ ئەو مەبەستەش کاردەکەین بۆ ئەوەی ساڵانە چەند کۆنفرانسێک ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی مامۆستایان و توێژەرانمان بتوانن ئەنجامی توێژینەوەکانیان لەو کۆنفرانسانە پێشکەش بکەن و بڵاوی بکەنەوە خۆشبەختانە ئەمڕۆش لەگەڵ زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی یەکێکە لەو کۆنفرانسانە.

بەڕێزان ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستی چەند ئامانجێکی هەیە لەو ئەمانجانە بەیەک گەیشتنی پسپۆڕانی بوارێکی تایبەت کە بەیەکەوە توێژینەوەکانیان پێشکەش دەکەن و بیر و را دەگۆڕنەوە و لێک تێگەیشتن لە نێوانیان دروست دەبێت کە ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە داهاتوودا توێژینەوەی هاوبەش ئەنجامبدەن و سەرپەرشتیاری قوتابیانی خوێندنی باڵا بکەن ئەمانە ئامانجی گشتی هەر کۆنفرانسێکی زانستین.

بەڕێزان بۆ ئەم کۆنفرانسەش جگە لەو ئامانجانەی باسم کرد پێویستیەکی سەردەمییە بۆ هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت بە تایبەت چونکە ئەمڕۆ دەبینین ئاوەدان کردنەوەیەکی بەربڵاو هەیە لە بوارەکانی بیناکاری و تەکنەلۆژیا بۆیە ئێمە وا هەست دەکەین ئەنجامدانی ئەم جۆرە کۆنفرانسانە بە تایبەتی لە بواری ئەندازیاری زۆر پێویستە، هیوادارین ئەنجامی توێژینەوەی مامۆستایانی بەشدار لە کۆنفرانس پاڵپشتییەکی دیکە بێت بۆ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت کە بتوانن باشتر و بە تەکنیک و تەکنەلۆژیایەکی باشتر ئەو ئاوەدانیەی کە ئێستا هەیە سودی لێوەربگرن.

دووبارە دەستخۆشی لە لێژنەکانی سەرپەرشتیار و ئامادەکاری کۆنفرانس دەکەین هەروەها سوپاسی سپۆنسەرەکانی کۆنفرانس دەکەین و دووبارە بەخێربێن و زۆر سوپاس.

دواتر بریکاری وەزیری خوێندنی باڵا وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: کۆنفرانسە زانستیەکان لە چەندین ڕوەوە گرنگى و بایەخى خۆیان هەیە، چونکە لەگەڵ ئەوەى وێنەیەکى جوانى زانکۆکان پیشان دەدەن، لەهەمان کاتدا کاریگەرى بەرچاوى لەسەر بزاوت و چالاکى توێژینەوەى زانستى دەبێ، هەروەک ڕێگەیەکیشە بۆ کۆکردنەوەى ئەقڵەکانى کۆمەڵگە بۆ گفتوگۆکردن و خستنەڕو و دواتر چارەسەرکردنى گرفتەکانى کۆمەڵگە.

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بەگرفتەکانى جیاکانى کۆمەڵگە و ئەو ئاڵنگاریانە کرد، کە ڕوبەڕوى هەرێمى کوردستان دەبنەوە، بۆ ئەوەش وتى: هەرێمەکەمان ڕوبەڕوى کۆمەڵێک گرفتى جۆراوجۆر بۆتەوە؛ لەوانە گرفتى (کارەبا، بەبیابانبون، پیسبونى ژینگە، سەرچاوەکانى ئاو، ئاوەڕۆ، ڕێگەوبان) و چەندانى دیکە، هەموو ئەمانەش لە ڕێگەى پێشنیاز و توێژینەوەى ئەندازیاران دەتوانرێ چارەسەریان بۆ بکرێ،

هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕایگەیاند: پێویستە ئەندازیاران کەلتورێک لە کۆمەڵگە بڵاوبکەنەوە کە هاوڵاتیان و تەنانەت دامەزراوە جیاکانى حکومەتیش لەکاتى دروستکردنى خانو و باڵەخانە پشت بەو کەرەستە و پێداویستیانە ببەستن کە کەمتر لەوەرزەکان هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان پشت بەئامێرەکانى گەرمکردنەوە و ساردکردنەوە ببەستن، هیواشى خواست لە دیزاینى خانو و باڵەخانەکاندا ئەندازیاران وردتر ڕەچاوى تایبەتمەندى شارنشینى و کەلتورى شارەکان بکەن.

شیاوی باسە ئەم کۆنفرانسە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت لە رۆژانی 15 و 16/2/2023، کە تیایدا لە ڕێگەى (8) پانێڵێ جیا، توێژەرانی دامەزراوە و رێکخراوی ئەکادیمی و زانکۆکانى (10) وڵاتى جیاوازی جیهان بەشدارن بە پێشکەش کردنی (53) توێژینەوەى زانستى لە بوارە جیاکانى ئەندازیارى کە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت و دوای هەڵسەنگاندن لە گۆڤارە ناوخۆیی و جیهانییەکان بڵاو دەکرێنەوە.