زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وێرکشۆپێکی بۆ سەرجەم سەرۆک بەشەکانی کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان رێکخست

رۆژی چوار شەممە رێکەوتی 15ـی شوباتی 2023 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و بەرێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ، بەرێوبەرایەتی دڵنیایی جۆری وێرکشۆپێکی بۆ سەرۆکی بەشە زانستییەکانی گشت کۆلێژ و پەیمانگەکان لەژێر ناونیشانی (پەرەپێدانی توانا ئەکادیمی و کارگێڕییەکان) ئەنجامدا کە ئەم بابەتانەی لەخۆ گرتبوو (زمانی جەستە، جۆرێک لە سەرکردایەتی، هەڵسەنگاندنی نووسینی ئاکادیمی ،جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە سیستەمی بۆلۆنا، رێنماییەکانی بەرزکردنەوەی نازناوی زانستی) وە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.

لە دەستپێکی وێرکشۆپەکەدا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد تیایدا بەخێرهاتنی سەرۆک بەشەکانی کرد. لە درێژەی وتەکەیدا پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی ئەنجامدانی چالاکییەکەی بە گرنگ وەسف کرد بۆ بەرزتر کردنەوەی توانای سەرۆک بەشەکان لەرووی کارگێری و زانستی و تەکنەلۆجییەوە، تاکو لە رێگەیەوە پرۆسەی خوێندن و پەروەردەکردن بگاتە ئاستێکی بەرزتر.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ وتی: پۆستی سەرۆک بەش ئەرکێکی پیرۆز و گرنگە، هەروەها خاڵی بەیەک بەستنەوەی قوتابی و مامۆستایە و پێشکەوتنی پرۆسەی خوێندن بەندە بە کارامەیی و لێهاتووی ئەو مامۆستایەی کە لەو ئەرکەدایە، بۆیە هیوادارم ئەم وێرکشۆپە بە دەرفەتێک ببینن و زۆرترین سوودی هەبێت بۆ باشتر بەڕێوەبردنی ئەرکەکەتان.

پاشان بابەتی یەکەم لەژێر ناونیشانی (زمانی جەستە) لە لایەن د. فاضل جاف پێشکەشکرا و بەشێوەیەکی زانستی زمانی جەستە و پەیوەندی و کۆمیۆنیکەیشنە جەستەییەکان وەک جوڵە و ئاماژەکانی چاو، و هێڵەکانی دەم و چاو بەگشتی، و جوڵەی پەل و دەستەکان دەکۆڵێتەوە لە کاتی قسەکردن و گفتۆگۆ کردندا بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە.

لە دوای پشوودانێکی کورت بابەتی دووەم لەژێر ناونیشانی (جۆرێک لە سەرکردایەتی) لە لایەن د. مەهدی خالد قادر پێشکەشکرا کە تیایدا بەشێوەیەکی چڕوپڕ باسی هونەری سەرکردایەتی و تایبەتمەندییەکانی سەرکردەی سەرکەوتووی کرد.
لە کۆتاییدا دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و ئامادەبووان پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لە لایەن بەڕێزان د. فاضل و د. مەهدی وەڵامدرانەوە.

لە رۆژی دووەمی وێرکشۆپەکەدا سێ بابەت پێشکەش کرا کە بەشێوەیەکی زانستی و ورد هەریەک لەم بابەتانە (هەڵسەنگاندنی نووسینی ئەکادیمی) لە لایەن (پ.د.هیمداد عبدالقهار محمد)وە بابەتی دووەم بە ناونیشانی (جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە سیستەمی بۆلۆنا (ئی.سی.تی.ئێس) لە لایەن(پ.ی.د. بۆتان مجید ئاسنگەر).
دوای پشوو بابەتێکی دیکە لەژێر ناونیشانی (ڕێنماییەکانی بەرزکردنەوەی نازناوی زانستی) لە لایەن (پ.ی.د. عەفان عثمان حسین) پێشکەش کران پاشان دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و ئامادەبووان پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لە لایەن بەڕێزان د. هیمداد و د. بۆتان و د. عەفانەوە وەڵام درانەوە.

لە کۆتایی وۆرک شۆپەکە رۆژی دووەمدا بروانامەی رێزلێنان بەخشرایە پێشکەشکارەکان و سوپاسی ماندووبوونیان کرا.

وێنەکانی رۆژی یەکەم:

وێنەکانی رۆژی دووەم: