Daily Archives: ئه‌یلول 29, 2021

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە هەڵسەنگێنەرانی سیستەمی بۆلۆنا پرۆسێس دەکات

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 29ـی ئەیلولی 2021 سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی پێشوازی لە هەڵسەنگێنەرانی سیستمی بۆلۆنا پرۆسێس پ.ی.د. اسماعیل و د. ئایدن لە زانکۆی ئاکدەنیز کرد.

هەڵسەنگێنەرەکان لەسەر داوای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە وڵاتی تورکیاوە بانگهێشت کراون بە مەبەستی  بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی سیستەمی بۆلۆنا و رێژەی جێ بەجێ کردنی لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی زانکۆمان کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو دەست بە جێبەجێ کردنی کراوە، بۆ ئەوەی بەرەوپێشچوون و کەموکوریتەکان دەستنیشان بکەن.

دوای کۆبوونەوەی هەڵسەنگێنەران لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان پ.ی.د. یوسف مصطفى رسول و بەرێوبەری پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن م. کۆڤان عمر حسن، شاندی ناوبراو سەردانی کۆلێژی تەکەلۆژیای هەولێریان کرد و لە لایەن راگری کۆلێژ پ.ی.د. بۆتان مجید ئاسنگەر و گشت سەرۆک بەشەکانەوە پێشوازییان لێکرا، لەو سەردانەدا دوو سیمنار پێشکەش کرا و تیایدا هەردوولا سەرنج و تێبینییەکانیان خستەڕوو و خاڵە باش و خراپەکان دەستنیشان کران بەمەبەستی بەرەو پێشچوونی پرۆسەکە بەشێوەیەکی باشتر و خێراتر.

بڕیارە هەڵسەنگێنەرەکان سەردانی کۆلێژەکانی تەکنیکی کارگێڕی و ئەندازیاری هەولێر بکەن، و بە هەمان شێوە هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەکە دەکەن و چاوپێکەوتن لەگەڵ قوتابیان و مامۆستایانی بەشە جیاوازەکان ئەنجام دەدەن کە ئەمەش دەبێتە یارمەتیدەرێکی باش بۆ دەست نیشانکردنی خاڵە باش و نەرێنییەکان کە لەم سیستەکەدا رووبەرووی پرۆسەکە بوونەتەوە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.

هەروەها زانکۆ ئامادەیی دەربڕی بۆ کارکردن لەسەر خاڵە لاوازەکانی پرۆسەکە تاکو بە باشترین شێوە بەردەوامی بە سیستەمی بۆلۆنا بدرێت لە گشت کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان.

بڕیارە دوای سەردانی کردنی شاندەکە بۆ گشت کۆلێژەکانی زانکۆمان کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لێژنەی باڵای بۆلۆنا پرۆسێسی زانکۆ ئەنجام دەدەن و هەموو سەرنج و تێبینی و چارەسەرەکانیان دەخەنە روو بەمەبەستی چارەسەرکردنیان.

halsangenarany bolonga (2)
halsangenarany bolonga (4)
halsangenarany bolonga (5)
halsangenarany bolonga (10)
halsangenarany bolonga (8)
halsangenarany bolonga (9)