Monthly Archives: تشرینی دووه‌م 2019

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی سەلاحەددن پرۆگرامی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا بە یەکەوە دەکەنەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەددین یاداشتی لێکتێگەیشتینی (ئێم ئۆ یو)ی ئەکادیمی لەنێوان هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی سەڵاحەددین بۆ بنیاتنان و پەرەپێدانی هاوبەشی ئەکادیمی.

واژۆکردنی یاداشتەکە بەسەرپەرشتی هەردوو سەرۆک زانکۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر کاوە عەبدولکەریم شێروانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پڕۆفیسیۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین، هەروەها ئامادەبوونی یاریدەدەرانی هەردوو سەرۆک زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی نێودەوڵەتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.

هەر لەو چوار چێوەیەدا زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی سەڵاحەددین رێککەوتنێکیان واژوو کرد کە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا بەیەکەوە بکەنەوە کە لە لایەن مامۆستاکانی هەردوو زانکۆوە سەرپەرشتی قوتابیان بکرێت، بەتایبەتی لەو پسپۆڕییانەی کە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر نیە، بۆ ئەم مەبەستە زانکۆی سەڵاحەددین ئامادەیی دەربڕی کە ماستەر و دکتۆرا بە تایبەتی بۆ مامۆستایانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی بکاتەوە.


واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی (ئێم ئۆ یو)ی ئەکادیمی ، وەک رێکەوتنێکی هاوبەشی ئەکادیمی واییە لەنێوان هەردوو زانکۆ و ئامانجی یاداشتەکە لە چوارچێوەی رێکەوتنێکی دوو لایەنەیە بۆ بنیاتنان، بەرەوپێشبردن و هەماهەنگی ئەکادیمی نێوان هەردوو زانکۆکە، کە تیایدا چەند ئامانجێک لە خۆ دەگرێت.

ناوەڕۆکی یاداشتەکە پێکدێت لە کۆمەڵێک خاڵ لەوانە هەنگاونان بۆ بنیاتنانی هاوبەشی ئەکادیمی بەردەوام لەنێوان هەردوو زانکۆ، بۆ بەستنی کۆنفرانس و وۆرکشۆپ و سیمپۆزیەمی زانستی و ئەکادیمی و هەروەها توێژینەوەی زانستی ، ئاڵوگۆڕی توانا مرۆییەکان و هەروەها سود وەرگرتن لە لایەنی تەکنیکی یەکتر لە ڕووی تاقیگە و ئامێر و ستافی ئەکادیمی و توانای زانستی هەردوولا .

دوای واژوو کردنی یاداشتەکە لە وتەیەکدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. کاوە عبدالکریم شێروانی سوپاسی سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیی  کرد لە بەرامبەر هاوکاری کردن و هەماهەنگی نێوان هەردوولا بۆ بەرەو پێش بردن و بنیاتنانی لایەنی ئەکادیمی و زانستی هەردوو زانکۆکە.

ئامانجی یاداشتەکە بەرزکردنەوەی توانای ئەکادیمی و زانستی نێوان هەردولا و قوتابیان و مامۆستایان و هەروەها زیاتر بەرەوپێشبردنی تواناکانی قوتابیان لە لایەنی تەکنیکی و مرۆیی و راهێنانەکان وبەشێوەیەکی سەردەمی.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێکی یەک مانگی لە سەنتەری توێژینەوەی زانستی رادەگەیەنێت

لە درێژەی کار و چالاکیەکانیدا، لێژنەی چالاکییە زانستیەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی وۆرکشۆپێکی یەک مانگی بۆ گشت ستافی ئەکادیمی کۆلیژ و پەیمانگاکان، کە زیاتر لە هەشت ناونیشان لەخۆ دەگرێت.

گرنگترین بابەتەکانی ئەم وۆرکشۆپە بریتییە لە پێداویستییەکانی توێژەران و مەرجەکانی بەرجەستەکردنی دلنیایی جۆری لە زانکۆکان، سیمینار و چالاکیەکانی ئەم وۆرکشۆپە لەلایەن کەسانی شارەزا پێشکەش دەکرێت، هەروەک لە وێنەکەدا ئاماژەی پێکراوە.

  شوێن: هۆڵی سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر
کاتی دەستپێک لە رۆژانی وۆرکشۆپ کاژێر : ۱۰:۳۰ -۱۲:۳۰

کلیک لێــــرە بکە بۆ خۆ تۆمار کردن:

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمنارێکی بەڕێوەبرد لەژێر ناونیشانیGlobal Solutions Sustainability Challenges

ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتی ۱۹ـی تشرینی دووەمی ۲۰۱۹ لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمنارێکی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی بیروڕا و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەی کۆمەڵگە لەسەر ئاستێکی نێودەوڵەتی بە هەماهەنگی رێکخراوی ئایرێکسی ئەمریکی بەڕێوەچوو ، کە لە لایەن نوێنەری رێکخراوەکە لە هەولێر و ئەردەن پێشکەشکرا.

سیمنارەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک مامۆستا و قوتابیانی زانکۆمان بەڕێوەچوو، بەمەبەستی پێدانی زانیاری و ئاشنابوونی زیاتری ستافی زانکۆ بەم پرۆگرامە نێودەوڵەتییە.

پرۆگرامەکە پشتگیری دەکرێ لە لایەن دەزگای ستیڤن و سپۆنسەر کراوە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە بەڕێوەدەچێت لە لایەن پەیمانگەی ئەسپین و رێکخراوی ئایرێکس بۆ هەر دوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سلێمانی و هەروەها زانکۆی ئەنبار.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمینارێکی بۆ سەرۆکی بۆردی زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت رێکخست

ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ تشرینی دووەمی ٢٠١٩ سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمینارێكی سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردن و بنیاتنانی زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت لەهەرێمی کوردستان بۆ سەرۆکی بۆردی زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت د. محەمەد ئیسماعیل رێکخست.


لە سیمینارەکەدا کە هەریەک لە یاریدەدەری سەرۆکایەتی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی، ژمارەیەک مامۆستا، سەرۆک بەشەکان، بەرێوبەر و فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ و ژمارەیەک لە قوتابیانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئامادەی بوون، سەرۆکی بۆردی زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت باسی لەوەکرد کە ئەوان ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵە دەستیان بە کارەکە کردوە ئێستا نزیکەی ٦٠ لقمان هەیە و بڕیارە بەپێی پلانەکەمان رێژەکە بکەین بە ١٠٠ لق لە شاری هەولێر.

دکتۆر محەمەد ئیسماعیل، سەرۆکی بۆردی زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت، باسی لەوە کرد کە ئەوان هەمیشە هەوڵیانداوە لە بەڕیوەبەر و کارمەند و فرۆشیار و کارگوزارەکانیان، پشت بە دەستی کاری ناوخۆی ببەستن و بەوەش سەدا ٩٩ تیمەکانی ئەو زنیجیرە مارکیتە لە فرۆشتن و کارەمەندکانی تر هەموویان کوردن و ناوخۆیین”.

هەروەها باسی لەوەشکرد، لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوو زۆر شێوازیان بۆ وەرگرتنی کارمەندەکان گرتووەتەبەر، تاکوو گەیشتوون بەو بڕیارەی کە ماوەی چەند ساڵێکە وەرگرتنی کارەمەندان بە چوار جۆرە ئەوانیش بڕوانامە بەرزەکان و پسپۆڕییەکان، بڕوانامەی زانکۆ، بڕوانامەی پەیمانگە و بڕوانامەی ١٢ـی ئامادەیی و ٣ـێی ناوەندی(بە رێژەی جیاواز) بۆیە لەهەرچوار بەشەکە کارەمەند بەپێی پێویست وەردەگرن.

لەکۆتایی قسەکانیدا دکتۆر محەمەد باسی لەوەکرد، کە ئەو هیوادارە لەگەڵ سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەماهەنگی بکات بۆ ئەوەی لەو بەشانەی کە سەربە کارگێڕی و بەڕێوەبردن و بازاڕگەرین هەم کارەمەندەکانیان وەربگرن وهەمیش لە ئەزموون و چۆنیەتی کارکردن سودمەند بن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توانای خۆیان”.

لەکۆتایی سیمینارەکەدا ، دەرگای پرسیار بۆ ئامادەبوان کرایەوە و ژمارەیەک پرسیار لەبارەی زنجیرە مارکیتەکە و کێشە وئاستەنگی وپێشکەوتنەکان ئاراستەی سەرۆکی بۆردی زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت کرا، دواتر خەڵاتی رێزلێنانی تیم مارت بەخشرایە سەرۆکی زانکۆ کە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ لە جیاتی سەرۆکی زانکۆ وەریگرت.