Daily Archives: تشرینی دووه‌م 12, 2019

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە خولێکی راهێنانی پیشەیی و تەکنیکی پەیمانگاکان کرد

ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ تشرینی دووەمی ٢٠١٩ شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەسەرپەرشتی هەریەک لە بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و بەڕێوەبەری رەخساندنی هەلی کار بەشداریان لە خولێکی ڕاهێنانی پیشەیی و تەکنیکی یەک رۆژە کرد لەژێر ناوی (راهێنانی پیشەیی و تەکنیکی پەیمانگاکان) کە رێکخراوی ئایرێکسی ئەمریکی لە هۆتێل شیراتۆن رێکی خستبوو.
خولەکە بۆ ٧ کۆلێژەی تەکنیکی و زانکۆ لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدرابوو و رێکخراوی ئایرێکس ئەرکی ماددی و بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیاری خولەکەی گرتبووە ئەستۆی خۆی.


ئامانجی وێرکشۆپەکە بریتی بوو لە وەرگرتنی بیروڕا و زانیاری لەبارەی ئەو ئامێر و ئامرازانەی کە لەلایەن دام و دەزگاو فەرمانگەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان رۆژانە بەکاردێت.
هەر لە وێرکشۆپەکەدا وردەکاری کارکردنی زانکۆکان و کۆلێژە تەکنیکیەکان و پەیوەندییان بە فەرمانبەر ودەزگاکانی تری حکومەتەوە خرایە روو و باسی لێوەکرا و کۆمەڵێک پێشنیار و تێبینی لە وێرکشۆپەکەدا پێشکەشکران کە تایبەت بوون بە پێشخستنی توانای پیشەیی و تەکنیکی لە پەیمانگاکاندا.

سیمینارێک لەبارەی بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی کارگێڕی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەنجامدرا

ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەریەک لە بەڕێوەبەری دڵنیای جۆری و بەپرسی سەرچاوە مرۆییەکان سیمینارێکی هاوبەشیان سەبارەت بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەنجامدا.

سەرەتای سیمینارەکە مامۆستا کەمال محەمەد عبداللە، باسی لەوەکرد، گۆڕانکاری کردن لە سیستەمی کاغەز بۆ سیستەمی ئەلیکتڕۆنی دەیان سودی بۆ فەرمانبەران و هاوکات مامۆستایان وتەنانەت ئەوانەش هەیە کە سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیک دەکەن بۆ رایکردنی کارەکانیان.

هەروەها وتی: دڵنیای جۆری دەتوانێت سەرجەم کاروبارەکانی بەبێ ئامادەبوونی مامۆستایان ئەنجامبدا ئەگەر سیستەمەکە ئەلیکترۆنی بێت و بەوەش خەرجی زۆر کەمدەبێتەوە و کاتیش بۆ ئیمە و مامۆستایانش دەگەڕێتەوە لە کاتی کارکردن و جگە لەوەی سەرجەم پرۆسەکان خێرادەکات.دواتر لە سیمینارەکەدا مامۆستا هەردی محەمەد حسین بەرپرسی سەرچاوە مرۆییەکان وتی: لە گرنگیەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی زانکۆ ئەوەیە کە فەرمانبەران باشتر دەتوانن بەکارەکانیان رابگەن و خێراتر ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن و هاوکات تواناکانیان زیاتر بەکاردەهێنن بۆ کارکردن و جگە لەوەی هۆکاری سەرەکیە بۆ کەمکردنەوەی خەرجی.


لە سیمینارەکەدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و هەروەها قوتابیانی پەیمانگای ئاگای نا حکومی بۆ زانستەکانی کۆمپیوتەر بەشی تەکنۆلۆژیایی زانیاری ئامادەیی سیمینارەکە بوون.

دواتر هەردوو مامۆستا رێنمایی قوتابیانی پەیمانگای ئاگای نا حکومی بۆ زانستەکانی کۆمپیوتەر بەشی تەکنۆلۆژیایی زانیاری کرد بۆ سەردانیکردنی بەشەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەبارەی چۆنیەتی رایکردنی کارەکانی رۆژانەی زانکۆ لەلایەن فەرمانبەرانەوە.

مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمینارێکی لەسەر حکومەتی ئەلیکترۆنی ئەنجامدا

ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ تسرینی دووەمی ٢٠١٩ مامۆستا ئەرشەد سدیق عبدوڵا مامۆستا لە پەیمانگای تەکنیکی سۆران،  سیمینارێکی تایبەت بە حکومەتی ئەلیکتڕۆنی و کاریگەری لەسەر زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجی لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەنجامدا.

 لە سیمینارەکەدا کە ژمارەیەک لە فەرمانبەری کارگێڕی و بەرپرسی یەکەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و هەروەها مامۆستا و قوتابیانی پەیمانگای ئاگای ناحکومی بۆ زانستەکانی کۆمپیوتەر ئامادەی بوون بە وردی رێگاکان ومیکانیزم و کاریفەری حکومەتی ئەلیکترۆنی لەسەر چۆنیەتی کەمکردنەوەی خەرجی و داهاتی لە فەرمانگەکانی حکومەت لە لایەن مامۆستای ناوبراوەوە رونکرایەوە.

مامۆستا ئەرشەد کۆمەلێک نمونەی بەڵگەداری بۆ ئامادەبووانی سیمینارەکە هێنایەوە تیایدا بەروونی ئەوەی دەرخستبوو کە بەچەند هەنگاوێک حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی خەرجیەکان کەمبکاتەوە و داهاتیش زیاد بکات وەک لە پرۆسەی بایۆمەتری فەرمانبەران و هەروەها بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان و کە سودی بۆ هاوڵاتیان و حکومەت هەبووە، وە دەکرێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجی.

هەر لە سیمینارەکەدا، ئەو مامۆستایەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، باسی لەوەکرد ئەگەر حکومەتی هەرێم بیەوێت داهات زیاد بکات و هەروەها خەڵکیش دڵنیایی پارێزراوی پارەکانیان بن ئەوا پێویستە ماستەر کارد وبزنس کارد و جۆرەکانی بۆ هاوڵاتیان و فەرمانبەران دەربکات وساڵانە لەبەرامبەر نوێ کردنەوەی پارە وەربگرێت بەجۆرێک ئەگەر ساڵانە ٢ ملیۆن کەس کارەتەکەیان هەبێت و بڕی ١٠ هەزار دینار بدەن ئەوا لەماوەی ٤ ساڵدا دەبێت ٤٠ ملیار دینار داهات و کەمترین خەرجیش بۆ حکومەت بەبێ فشار و ماندووبون.

هەروەها باسی لەوەشکرد، هەندێکجار هاوڵاتیان خۆیان خەرجی  زیادە دەکەن بۆ نمونە فۆڕمی پاسپۆرت و فەرمانگەرکان لە وێب سایتی حکومەت هەیە کەچی ئەوان پەنا بۆ کۆمپانیاکان و شوێنەکانی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە دەبەن و کە دەبێت بۆ ئەوەش برێک پارە بدەن کە ئەوە خەرجی زیادەیە.