Daily Archives: كانونی یه‌كه‌م 16, 2023

کونسوڵی گشتی هیندستان سەردانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر دەکات

کونسوڵی گشتی هیندستان سەردانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر دەکات

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 16ی دیسەمبەری 2023، بەرێز مەدان گۆپال کونسولی گشتی هیندستا لە هەولێر و شاندی یاوەری سەردانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆریان کرد و لەلایەن د.طالب محمد شریف ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر و لێژنەی پرۆتۆکۆل بە گەرمی پێشوازیان لێکرا.

لە چوارچێوەی سەردانی کونسۆڵی گشتی وڵاتی هیندستان و بە ئامادەبوونی بەڕێز غفور احمد قائیمقایمی قەزای مێرگەسۆر ژمارەیەک کار و چالاکی لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەڕێوەچوو.

لە پەرتوکخانەی پەیمانگەکەمان گۆشەی پەرتووکی ھیندی لەسەر دەستی کونسوڵی گشتی وڵاتی هیندستان کرایەوە و بە پەرتووکی (زانست- ئەدەبی کەلتوری-پزیشکی-فەرهەنگی-مێژووی… هتد).

دواتر لە هۆلی کۆنفرانسی پەیمانگە ڕاگری پەیمانگە وتارێکی پێشکەشکرد، لەهەمان کاتدا کونسۆلی وڵاتی هیندستان باس لە ئەو سکۆلەر شیپانە کرا کە پێشکەش بە خەلکی کوردوستان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر کراوە کە لە ئێستادا دەتوانن درێژە بە خوێندنیان بدەن لە وڵاتی هیندستان کە تێچووی خوێندن بە سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لەلایەن ئەو وڵاتە دابین دەکرێت.

لە کۆتایی چالاکییەکە سیمینارێک لەلایەن د.دیلیج پێشکەشکرا لەژێر ناونیشانی (Yoga an overview ) ‎باس لە وەرزشی یۆگا کرا،کە ئەم وەرزشە دەگەڕیتەوە بۆ پێنچ هەزار ساڵ لەمەو پێش، ئەمەش بەهۆی هەوڵی زاناو دانای هیندی (پاتانجالی)یەوە بووە یۆگا وەک ڕێگەیەک بڵاوبووەوە بە هەموو جیهاندا، هەر لە سەرەتاوە هەتا ئەمرۆ پێشکەوتن و گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە ، لە هەموو جیهاندا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، لە هەموو بوارێکدا سوودی لێدەبینن.

ڕاگەیاندنی پەیمانگەت تەکنیکی مێرگەسۆر

لە بەریتانیا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر چەند دیدارێکی زانستی و ئەکادیمی ئەنجامدا

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەفتەی رابردوو لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە لە ژمارەیەک راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆکی زانکۆکانی سەڵاحەددین و سلێمانی و دهۆک و گەرمیان لەسەر بانگهێشتی British Council سەردانێکی فەرمی بۆ بەریتانیا ئەنجامدا.

‎ئامانجی سەرەکی سەردانی شاندەکە دروستکردنی هاوبەشی و هەماهەنگیی بوو لەنێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی بەریتانیا و لەم چوارچێوەیەشدا سەردانی ژمارەیەک لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە کرا و زنجیرەکە کۆبوونەوە و دیداری ئەکادیمی و زانستی ئەنجامدرا.

‎لە میانی سەردانی شاندی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بۆ زانکۆی نۆتینگهام، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی تیشکی خستە سەر پێکهاتەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئەو بەشە زانستیانەی کە زانکۆمان پێویستییان بە هاوکاری و پشتیوانی زیاتر هەیە بەتایبەتی ئەو بەشانەی کە نوێن و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەشدا دەگمەنن.

‎هاوکات تیشک خرایە سەر بە نێودەوڵەتیکردنی زانکۆ و بەشدارییکردن و هاوبەشیکردنی زانکۆمان لە بوارەکانی توێژینەوە و ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و قوتابیان و پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەکانی خوێندن و هاوکاری بۆ پێگەیاندنی مامۆستا لەو بوارانەی کە زانکۆمان پێویستی پێی هەیە.

‎هەر لە میانی سەردانی شاندی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا، سەردانی زانکۆی لاڤبرا کرا و لەوێ سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمینارێکی پێشکەش کرد.

‎لە سیمینارەکەدا، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی تیشکی خستەسەر مێژوو و پێکهاتەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و داتا و پڕۆگرامەکانی خوێندن لە زانکۆ، هەروەها پڕۆگرام و بەرنامەکانی خوێندنی باڵا و ژمارەی قوتابیانی خوێندنی باڵا لە دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرای لە زانکۆماندا خستەڕوو.

‎دواتر سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر باسی لە پێداویستییەکانی ئەو بەشە زانستیانە کرد کە تازەن لە زانکۆماندا و وەک پێویستی بازاڕی کار کراونەتەوە و پێویستیان بە پالپشتی زیاترە.

‎هەر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا، شاندەکە سەردانی هەردوو زانکۆی ئەستۆن و ساسێکس-یان کرد و دوای دیدار و کۆبوونەوەکانیان تاقیگە و بەشە زانستییەکانی زانکۆکانیان بەسەرکردەوە.

‎سەرۆکایەتی زانکۆمان پلانی ئەوەی داناوە کە پەیوەندی ئەکادیمی و زانستی درێژخایان لەگەڵ ئەو زانکۆیانە دابنێت و بەداواداچوون بۆ ناوەڕۆکی ئەو لێکتێگەیشتنانە بکات کە لەگەڵ ئەو زانکۆیانەدا دروستکراون.