Daily Archives: كانونی یه‌كه‌م 20, 2023

مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری خولێکی راهێنان لە وڵاتی ئەڵمانیا دەکات

مامۆستایەکی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بە نوێنەرایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری کرد لە خولێکی راهێنان لە ژێر ناونیشانی (3D Scanning in Additive manufacturing) کە لە رۆژانی 11 تا 15ی 12ی 2023، لە زانکۆی فرایبێرگ بەڕێوەچوو.

ئەم خولە بە سپۆنسەری رێکخراوی (DAAD) ئەڵمانی بەڕێوەچوو و د. دلێر عەبدوڵڵا ئەحمەد مامۆستا لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بەشداری تێدا کرد. کە لە لایەن (Prof. Dr. Zeidler) وەک سەرپەرشتیاری خول و (Dr.  Abdulkader Kadauw) وەک سەرۆکی پرۆژە و رێکخەری پرۆژە و خولەکە بەڕێوەچوو.

 

سەرۆکی زانکۆ لەگەڵ قوتابیانی بەڵگەکانی تاوان کۆبووەوە و پێشانگایەکی لە پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی ھەولێر کردەوە

پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر سەردانی پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی ھەولێری کرد و لەلایەن پ.ی.م.ئومێد ئەرشەد حەوێزی راگری پەیمانگا و یاریدەدەر راگر و ژمارەیەک لە سەرۆک بەشەکانەوە پێشوازیی لێکرا.

دواتر سەرۆکی زانکۆ لەگەڵ قوتابیانی بەڵگەکانی تاوان کۆبووەوە کە وەک یەکەم بەشی زانستی لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق لە پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی ھەولێر تایبەت بە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان کراوەتەوە.

سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بە گرننگی خوێندن لەو بەشە زاننستییە کرد و ھەموو پشتیوانییەکی زانکۆی بۆ دووپات کردنەوە.

ھاوکات پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی پێشانگایەکی شێوەکاری تایبەت بە قوتابیانی کچ لە پەیمانگای تەکنیکی ھەولێر کردەوە.

دوای بەسەرکردنەوەی پێشانگاکە، سەرۆکی زانکۆ دەستخۆشی لە رێکخەرانی پێشانگاکە و ئەو قوتایبانە کرد کە بەرھەم و کارەکانیان لە پێشانگاکەدا نمایش کرد.

ھەروەھا لە نزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ بەشداربووانی پێشانگاکە کرد و وێڕای ئومێدی سەرکەوتن، ھاوکات پشتیوانی خۆی و زانکۆی بۆ بەرەپێشچوونی زیاتری کارەکانیان نیشاندا.

سەرۆکی زانکۆ خولی پێداگۆجی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەسەرکردەوە

رۆژی چوارشەممە 20ی دیسەمبەری 2023، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆ سەردانی سەنتەری پێداگۆجی کرد و لە نزیکەوە بەشداری کرد لە وانەیەکی ئەو خولە و تیایدا وتەیەکی پێشکەش کرد دەربارەی لێهاتوویی و کاراماییەکانی مامۆستای سەردەم هەروەها ئەو تایبەتمەندییانەی کە پێویستە مامۆستای سەردەم بە دەستی بهێنێت و گوتی: “پێویستە مامۆستا ژینگەی فێربوون بکات بە ژینگەیەکی فێربوونی سەردەمی لە ڕێی ئەم لێهاتوویی کاراماییانەوە هەوڵ بدات کە وا لە فێرخوازان بکا کۆمەڵە لێهاتوویی و کارامەیەک بە دەست بهێنن کە بە کردار سوودی لێوەرگرن بێ بۆ ئەوەی لە بازاڕی کاردا جێی خۆیان بکەنەوە”.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆکی زانکۆ بەپێویستی زانی کە مامۆستا لینکێک یاخود پەیوەندییەک لەگەڵ بازاڕی کار دروست بکات بۆ ئەوەی لە ڕێیەوە بزانێت پێداویستییە سەردەمییەکانی بازاڕی کار چییە لێهاتوو کارامەیەکانی کە بازاڕی کار پێویستی پێی چییە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە پڕۆگرامی خوێندنی خۆی دابڕێژێ، بەمەش زانکۆ دەبێتە ئەو دامەزراوەیەی کە بە کردارەکی خزمەتی بە کۆمەڵگە بکات.

لە کۆتایی وتەکەیدا د. ئیدریس دەستخۆشی لە سەنتەری پێداگۆجی و مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی خولەکە رد و هیوای سەرکەوتنی بۆ بەشداربووانی خولەکە خواست.

قوتابیانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەرکەوتنێکی مەزنیان لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتی تۆمار کرد

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوی (IREX)ی ئەمریکی لەڕێگەی سەنتەرەکانی کاری زانکۆکان، پۆلێک لە قوتابیانی زانکۆی پۆڵی تەکنیکی هەولێر لە چالاکییەکی نێودەوڵەتی شان بە شانی زانکۆکانی عێراق و ئەمەریکا و ئوردن بۆ ماوەی (٨) ھەفتە بەشداربوون.

چالاکییەکە بریتی بوو لە پێشبرکێیەک لە ژێر ناونیشانی (Global Solutions Sustainability Challenge), تایبەت بوو بە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ یەکێک لە ئاڵنگارییەکان لە ڕێگەی دورستکردنی بەرھەمێک و ناساندنی بۆ بازاڕی کار. قوتابییانمان توانییان بەرھەمێک بۆ مەبەستی گشتوکاڵ و کاتی وشکەساڵی پێشکەش بکەن.

شایانی باسە، تیمی زانکۆمان لە قۆناغی پێش کۆتایی توانی یەکێک بێت لە (٥) تیمی سەرکەوتوو. لە قۆناغی کۆتایش وەک تاکە زانکۆی ھەرێمی کوردستان و عێراق توانی پارێزگاری لە مانەوەی بکات. لەسەر ئاستی جیھانیش توانی پلەی دووەم بەدەست بێنێت و ببێتە یەکێک لە براوەکانی خەڵاتی دارایی چالاکییەکە. جێگەی دڵخۆشییە، تیمەکەی زانکۆمان (Team 1 the Rising Sun) لە لایەن ئامادەبووانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و توانیمان زۆرترین ژمارەی دەنگ بۆ تیمی دڵخواز بەدەست بێنین، ئەمەش لە ئەنجامی پێشکەشکردنی ئەدایەکی نایابەوە بوو.

وەک سروشتی چالاکییەکان، تیمی زانکۆکانی عێراق و ئوردن لەگەڵ تیمی زانکۆکانی ئەمریکا یەکدەگرن بەمەبەستی دروستکردنی تیمێکی نێودەوڵەتی. بۆ ئەم جارە تیمی زانکۆمان لەگەڵ تیمی (Lone Star College, Houston, Texas )ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یەکیان گرت.

شایانی باسە، تیمی زانکۆ لە لایەن مامۆستایان (سەروان سدیق حەسەن و ئەژین صابر علی) مامۆستایانی بەشی شیکاری کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە سەرپەرشتی دەکران.

ئەم سەرکەوتنە مەزنە پیرۆز بێت لە تەواوی قوتابی، مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆ.