قوتابیانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەرکەوتنێکی مەزنیان لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتی تۆمار کرد

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوی (IREX)ی ئەمریکی لەڕێگەی سەنتەرەکانی کاری زانکۆکان، پۆلێک لە قوتابیانی زانکۆی پۆڵی تەکنیکی هەولێر لە چالاکییەکی نێودەوڵەتی شان بە شانی زانکۆکانی عێراق و ئەمەریکا و ئوردن بۆ ماوەی (٨) ھەفتە بەشداربوون.

چالاکییەکە بریتی بوو لە پێشبرکێیەک لە ژێر ناونیشانی (Global Solutions Sustainability Challenge), تایبەت بوو بە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ یەکێک لە ئاڵنگارییەکان لە ڕێگەی دورستکردنی بەرھەمێک و ناساندنی بۆ بازاڕی کار. قوتابییانمان توانییان بەرھەمێک بۆ مەبەستی گشتوکاڵ و کاتی وشکەساڵی پێشکەش بکەن.

شایانی باسە، تیمی زانکۆمان لە قۆناغی پێش کۆتایی توانی یەکێک بێت لە (٥) تیمی سەرکەوتوو. لە قۆناغی کۆتایش وەک تاکە زانکۆی ھەرێمی کوردستان و عێراق توانی پارێزگاری لە مانەوەی بکات. لەسەر ئاستی جیھانیش توانی پلەی دووەم بەدەست بێنێت و ببێتە یەکێک لە براوەکانی خەڵاتی دارایی چالاکییەکە. جێگەی دڵخۆشییە، تیمەکەی زانکۆمان (Team 1 the Rising Sun) لە لایەن ئامادەبووانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و توانیمان زۆرترین ژمارەی دەنگ بۆ تیمی دڵخواز بەدەست بێنین، ئەمەش لە ئەنجامی پێشکەشکردنی ئەدایەکی نایابەوە بوو.

وەک سروشتی چالاکییەکان، تیمی زانکۆکانی عێراق و ئوردن لەگەڵ تیمی زانکۆکانی ئەمریکا یەکدەگرن بەمەبەستی دروستکردنی تیمێکی نێودەوڵەتی. بۆ ئەم جارە تیمی زانکۆمان لەگەڵ تیمی (Lone Star College, Houston, Texas )ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یەکیان گرت.

شایانی باسە، تیمی زانکۆ لە لایەن مامۆستایان (سەروان سدیق حەسەن و ئەژین صابر علی) مامۆستایانی بەشی شیکاری کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە سەرپەرشتی دەکران.

ئەم سەرکەوتنە مەزنە پیرۆز بێت لە تەواوی قوتابی، مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆ.