Monthly Archives: كانونی دووه‌م 2024

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی لە کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر دەکات

ڕۆژی سێشەممە 30ی کانوونی دووەمی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پێشوازی لە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا هەر یەکە لە پ.د. ئازاد حەسەن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، پ.ی.د. بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، پ.ی.د. رەنج سیروان عەبدوڵا بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و د. طالب محەمەد شەریف راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر ئامادەیبوون.

سەرۆکی زانکۆ وێڕای بەخێرهێنانی کونسوڵی گشتی ئەمریکا و شاندی یاوەری، کورتەیەکی دەربارەی زانکۆ و پێکهاتەی زانکۆی و کۆلێژ و بەشە جیاوازەکان بۆ شاندی میوان خستەڕوو، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە زانکۆمان ژمارەیەک بەشی زانستی لەخۆدەگرێت کە جیاوازن لەگەڵ بەشەکانی دیکە و هەندێک بەش لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان تەنها لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بوونیان هەیە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆکی زانکۆ باسی لەوە کرد کە ئێمە وەک زانکۆ کاردەکەین بۆ ئەوەی پسپۆڕییەکانمان لەگەڵ بازاڕی کاردا بگونجێت و دواتر دەرچووانمان کاریان دەستبکەوێت.

لای خۆیەوە کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر وێڕای دەستخۆشی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد کە بەشێوازێک بایەخیان بەکردنەوەی ئەو بەشانەداوە کە گرنگن و لە ئێستادا لەگەڵ بازاڕی کار دا دەگونجێن، هەروەها بە بایەخەوە باسی لە کردنەوەی پێشانگای هەلیکار کرد کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو بۆ دەرچووانی زانکۆکە کردبووەوە و بووە هۆی ژمارەیەکی بەرچاو لە هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.

بۆ ئەمەش هەموو پشتیوانییەکی خۆی بۆ زانکۆ دووپاتکرەوەوە و رایگەیاند کە لە ئایندەدا هەماهەنگییان زیاتر دەبێت وئامادەیی کونسوڵخانەی بۆ زانکۆ دووپاتکرەوە و خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیکردنی زانکۆ نیشاندا.

دواتر سەرۆکی زانکۆ پلاکێتی تایبەت بە زانکۆی پێشکەش بە کونسوڵی گشتی ئەمریکا کرد، و کونسڵی ئەمریکاش دیاری تایبەتی کونسوڵخانەی پێشکەش بە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کرد.

 

ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران لەگەل فەرمانبەران کۆبووەوە

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 30/1/2024 پ.ی.د. سیروان له‌تیف حاجی-ڕاگری كۆلێژی ته‌كنیكی سۆران، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌رانی كۆلێژی ته‌كنیكی سۆران ئه‌نجامدا.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆلێژ به‌ڕێووه‌چو، پاش به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان، پ.ی.د. سیروان له‌تیف حاجی، ئامانج و مه‌به‌سته‌كانی بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی به‌رپرسیارییه‌ته‌كه‌ی خسته‌ڕوو و ڕایگه‌یاند:ئێمه‌ بۆ پێكانی ئامانجه‌كانی دامه‌زراندنی كۆلێژی ته‌كنیكی سۆران لێرانه‌ین، ئه‌ویش پێگه‌یاندن و دروستكردنی ده‌رچوویه‌كی وشیار و پڕ زانسته‌، بۆیه‌ به‌ ئه‌ركی ستافی كۆلێژی زانی، هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان بۆ خزمه‌تكردن و فه‌راهه‌مكردنی كه‌شێكی ئارام و داهێنه‌رانه‌ بۆ قوتابییان بخه‌نه‌گه‌ڕ.
ڕاگری كۆلێژی ته‌كنیكی سۆران، له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان فه‌رمانبه‌ران، تیشكی خسته‌ سه‌ر گرنگی ڕۆحی هاوكاری و ڕێزگرتن و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تی، باوه‌ڕیشی وابوو، ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌ران ئه‌ركه‌كانیان به‌ باشی به‌ڕێوه‌ببه‌ن، ئه‌وه‌ ژینگه‌یه‌ك له‌ كۆلێژ دێته‌ ئارا كه‌ ستافه‌كه‌ی وه‌كو ماڵی دووه‌می خۆی بڕوانێته‌ دامه‌زراوه‌كه‌ی و به‌رهه‌مێكی باشتریش پێشكه‌ش به‌ كۆمه‌ڵگا بكات.
پ.ی.د. سیروان له‌تیف حاجی، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئامانجه‌كانی له‌ گه‌یاندنی باشترین خزمه‌تگوزاری به‌ قوتابییان بهێنێته‌ دی، بیرۆكه‌ی فۆرمی زانیاری خسته‌ ڕوو، كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ ستافی كۆلێژ، دید و تێڕوانیینه‌كانییان و جۆری ڕۆڵیان له‌ قۆناغی داهاتووی كۆلێژ دیاریبكه‌ن، چونكه‌ ڕاگری كۆلێژ باوه‌ڕی وابوو ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك ئه‌و ئه‌ركه‌ی پێده‌سپێردرێت له‌ چوارچێوه‌ی حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی بێت، به‌رهه‌مدارتر ده‌بێت.
فۆرمی ئاماژه‌ پێكراو له‌لایه‌ن ڕاگری كۆلێژی ته‌كنیكی سۆران و ستافی كۆلێژ به‌ شێوه‌ی ئۆنڵاین و ده‌ستی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران دابه‌شكرا، كه‌ له‌ چه‌ند بڕگه‌ی جیاواز پێكهاتبوو، له‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌كاندا وێڕای ئاماژه‌ كردن به‌ ڕۆلی ئێستای فه‌رمانبه‌ر جه‌خت له‌ داخوازی فه‌رمانبه‌ر بۆ بینینی ڕۆلی تر كرابووه‌وه‌، له‌ هه‌مانكاتدا داواشیان لێكرابوو ئامانجه‌كانییان له‌ باره‌ی داخوازییه‌كانی له‌مه‌ڕ ئه‌ركی نوێی به‌ نووسین تۆماربكه‌ن، تا له‌و ڕێگه‌یه‌ باشترین و گونجاوترین كاره‌كته‌ر بۆ بینینی ڕۆله‌ سه‌ره‌كی و لاوه‌كییه‌كانی كۆلێژ ده‌ستنیشان بكرێن و له‌ چوارچێوه‌ی حه‌ز و ئاره‌زووی فه‌رمانبه‌ریش بێت.
پ.ی.د. سیروان له‌تیف حاجی له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا كه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر له‌ هه‌ولێر، له‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 22/1/2024 به‌ڕێوه‌چوو له‌لایه‌ن سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیك پ.د. ئدریس محه‌مه‌دتاهر هه‌ركی فه‌رمانی ده‌ستنیشانكردنی وه‌كو ڕاگری كۆلێژی ته‌كنیكی سۆران ڕاده‌ستكرا.
له‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 24/1/2024 له‌ كۆمه‌ڵگای كۆلێژی ته‌كنیكی سۆران و له‌ سۆران، به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر پ.د. ئدریس محه‌مه‌دتاهرهه‌ركی، له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر- د.بۆتان مەجید ئاسنگەر، ڕاگری كۆلێژی تەكنیكی شەقڵاوە- د.عەبدولخالق نادر و سەرمەد حەمید سەدرەددین- بەڕێوەبەری كارگێڕی سەرۆكایەتی زانكۆ، فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك ڕاگری كۆلێژی ته‌كنیكی سۆران ڕاده‌ستی پ.ی.د. سیروان له‌تیف حاجی كرا.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە چالاکییەکی بەشی بازاڕگەری نێودەوڵەتی و زمان دەکات

ڕۆژی دووشەمە 29ی کانوونی دووەمی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پ.د.ئازاد حەسەن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و پ.ی.د.یوسف مستەفا ڕەسوڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و بەشەناوخۆییەکان بەشدارییان لە چالاکییەکی بەشی تەکنیکی بازاڕگەری نێودەوڵەتی و زمانەکانی کرد لەکۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر.

ئەو چالاکییە بریتیبوو لە ڕێکخستن و بەرێوەبردنی پرۆگرمێکی تایبەت لەلایەن بەشی تەکنیکی بازاڕگەری  نێودەڵەتی و زمانەکان لەژێر ناوی ڕاهێنانی پراکتیکی ، کە سەرۆکی زانکۆ  و یاوەرانی بەشدارییان تێدا کرد و چەند قوتابییەک بەشێوەی سیمینار ڕاهێنانی پراکتیکی خۆیان پێشکەش کرد دەربارەی بازاڕگەری و هەلی کار .

سیمینارەاکانی قوتابییان لەلایەن لێژنەیەکی تایبەتی مامۆستایانی هەمان بەش سەرپەرشتی دەکرا، دوای گفتوگۆی زانستیانە لەنێوان قوتابیان و سەرپەرشتیارانیان، سەرۆکی زانکۆ بەمەبەستی گرنگیدانی زیاتری بەو بەشە پێشنیاری کرد کۆبوونەوەی زیاتر بکرێت تا قوتابیان سوودی زیاتر وەربگرن و لە ڕێگایەوە هەلی کار بدۆزنەوە، دواتر گوێی لەقوتابیان گرت و بەڵێنی جێبەجێ کردنی داواکارییەکانی پێدان، قوتابیانیش دڵخۆش بوون بەپاڵپشتی و هاوکارییەکانی سەرۆکی زانکۆ .

شایەنی باسە مامۆستایانی بەشەکە مانگانە سیمیناری هاوشێوە بە قوتابیان ئەنجام دەدەن تاوەکو کەم و کورییەکانیان دیاری بکەن، دواتر داوای بۆ ئەنجامدانی سیمیناریان لێدەکەن.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە تائێستا 80٪ی قوتابیانی ئەو بەشە کاریان دەست کەوتووە، ئەو بەشە پشتگیری بڕیاری حکومەت دەکات کەداوا دەکات گەنج و لاوان و قوتابیان دەبێت خۆیان کار بۆ خۆیان بدۆزنەوە، قوتابیانی ئەو بەشەش وا ڕاهێناون کە بەهۆی لێهاتوویی خۆیان دەرفەتی کار بدۆزنەوە .

 

سەرۆکی زانکۆ هۆڵی تاقیکردنەوەکانی خوێندنی باڵا لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر بەسەردەکاتەوە

ڕۆژی دووشەممە 29ی کانوونی دووەمی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەیاوەری پ.د.ئازاد حەسەن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی ، پ.ی.د.یوسف مستەفا ڕەسوڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و بەشەناوخۆییەکان سەردانی کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێری کرد، لەلایەن پ.ی.د. محسین شریف ڕاگری کۆلێژ پێشوازی لێکرا .

سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرانی بەئامادەبوونی ڕاگری کۆلێژ لێژنەی تاقیکردنەوەی بروانامەی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرای بۆ سمستەری یەکەمی ساڵی 2023-2024 لەکۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێری بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی بەسەرکردەوە لەگەڵ سەیرکردنی شێوازی پرسیارەکان و کەش و هەوای هۆڵەکانی تاقیکردنەوە.

سەرۆکی زانکۆ لە نزیکەوە هیوای سەرکەوتنی بۆ قوتابیانی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا خواست .

 

 

1 2 3 5