Daily Archives: كانونی دووه‌م 22, 2024

سڵاو و ڕێز مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابياني خۆشەویست

مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابياني خۆشەویست
سڵاو و ڕێز
من وەکو ڕاگری پەیمانگە ١- ٧ ـ ٢٠١٨ دەستبەکاربووم توانیمان لەماوەی ئەو (٥) پینج سال و ٨ هەشت مانگە کە کارمان کردووە درێغیمان نەکردووە لە کارکردن و خزمەت کردنی پەیمانگە لە ڕووی زانستی و پەروەردەیی و خزمەتگوزاری یەوە، لەگەڵ بوونی چەندین گرفت و کوسپ و تەگەرە وقەیران و پەتای کۆڕۆنا دژایەتی کردن، ئێمە بەردەوام هەوڵمان داوە ناوی پەیمانگەکەمان بە دڕەوشاوەیی بمێنێتەوە و جێگەی بایەخی زانکۆ بێت کارەکانمان و دڵسۆزیمان و خۆشەویستیمان بۆ ئەو پەیمانگایە بەگشتی وای لێکردووین زۆر شتی بۆ بکەین کە جێ بەجێ کردنی ئەستەم بووە بەهیمەتی ستافی ڕاگرایەتی و سەرۆک بەشەکان کارەکانمان ڕاپەڕاندووە.
لێرەوە بە پێویستی دەزانم سەرەتا سوپاسی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی کابینەی نۆیەمی حکومەت ئەوەندە پالپشتمان بوون کە ھۆکاری کارکردن و ھەولدانی زیاترمان بوو لە ئیش وکارەکانی رۆژانەمان.
هەروەها زۆر سوپاسی ( پ د کاوە شیروانی) سەروکی زانکوی پۆلیتەکنیکی پیشوو دەکەم.
هەروەها زۆر سوپاس بۆ بەرێز سەرۆکی زانکۆمان
(پ. د. ادریس طاهر هەرکی) کە لە ماوەی دەست بەکاربوونی پالپشتی تەواوی پەیمانگەکەمان بووە.
زور خۆشحال بووم کە لە گەل ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ لە ماوەی رابردوو بە یەکەوە کارمان کرد. داهاتمان زياد كرد و زور پرۆژەمان ئەنجامدا دواینیان دروست کردنی هولی بونەکان و ئامادەکردنی بەشە ناوخۆیی لە ناو پەیمانگە بو قوتابیان زور شتی تر .
سوپاسی زۆرم بۆ ياریدەری راگر و سەرۆك بەش و بریاردەری بەشەکان و بەرپرسی یەکە کارگێریەکان کە لەماوەی ئەو ساڵانە کاریان لەگەڵ کردم ئەوان بوون ھۆکاری کاریگەر بۆ بەرزی ئاستی پەیمانگەکەمان.
هەروەها سوپاسی یەکەیەکەی کارگوزاران و باخچەوانانی پەیمانگە بکەم هەردەم پاکو خاوێنی و ڕێکخستنی پەیمانگەیان بەوپەڕی لێبووردەییەوە ئەنجام داوە.
سوپاس بۆ فەرمانبەرانی پەیمانگە کە سیستەماتیک کارەکانی خۆیان کردووە.
سوپاسی یەکەیەکەی مامۆستایانی پەیمانگە دەکەم هەردەم خەمخۆری وانە و بابەتەکانیان بووینە لەکاتی دەوام.
سوپاس بۆ قوتابیان کە خەمخۆری پەیمانگەکەمان بوون وهەموو کات هاوکار بوونە لەپابەندبوونیان بە دەوام و راگرتنی پاك و خاوینی پەیمانگە.
هەموو شتێک سەرەتای هەبێت کۆتاییشی هەیە،
هیواخوازم ئەوەی شایستە و شیاوە ببێتە ڕاگری چوارساڵی داهاتووی پەیمانگە ئێمەش وەکو شارەزایی خۆمان درێغی ناکەین لە پێشکەش کردنی ڕاوبۆچوون و پێشنیاز بۆسەرخستنی ئەو ئەرکە پیرۆزەی پێی سپێردراوە.
لەکۆتایی هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووتان دەخوازم لە
کەموکوڕیەکانمان ببورن.
براتان
م سوران ذنون یاسین
راگري پ ت خەبات

مەراسیمێکی شایستە تایبەت بە ماڵئاوایی کردنی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک راگری کۆلێژ و پەیمانگەکان بەڕێوەچوو

رۆژی دووشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئاسۆی (پ.د.ک) و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و فەرمانبەران، مەراسیمی ماڵئاوایی لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک راگر بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وتەیەکی پێشکەش کرد تیایدا بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و گوتی:

“بەڕێزان ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی ڕێز لە کۆمەڵێک مامۆستا بگرین کە ماوەیەکە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە پلە و پۆستی جیاجیا خزمەت دەکەن لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ، لە ڕاگر، لە بەرێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی زانستی، لەبەرێوەبەری تۆماری گشتی زانکۆ خزمەتی زۆری زانکۆیان کردووە، ئێمە دەزانین ئیدارە و پۆست بەتایبەتی لەو کاتەی ئەوان پلە و پۆستیان تێدا وەرگرتووە کارێکی ئەستەم و زۆر زەحمەت بوو هەر لە قەیرانی ئابووری، شەڕی داعش، پەتای کۆرۆنا، کە هەمووی بەربەست بوونە لەبەردەم کارەکانی ئەو بەڕێزانە، لەگەڵ هەموو ئەو قەیرانانە بەڵام هەر بەردەوام بوون و کۆلیان نەداو هەوڵێکی زۆریان دا تا بەو ڕۆژەیان گەیاند، دەبێت ئەو خزمەتە پڕ زەحمەتیەی ئەوانمان لەبەرچاوبێت کە کێشاویانە، بەگەرما و بەسەرما، بەهەموو گلەییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانیان، ‌کە ئێمە دەزانین شەو و ڕۆژ کاریان کردووە و کە حەقیان بوو مامۆستا و فەرمانبەران ئەو  گلەییە بکەن، بەڵام بە پلەی یەکەم ئەو بەڕێزانە بوون کە بەرگەیان گرتووە و توانیویانە سەرکەوتوانە ئیش و کارەکانیان ڕاپەرێنن و تا بەو ڕۆژەیان گەیاندووە”.

هەروەها لە بارەی گۆڕانکارییەوە سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوەدا کە ، “بابەتی گۆرانکاری بابەتێکە هەر لە دوای پێکهێنانی حکومەتی هەرێم هەر لەکابینەی یەکەمەوە تا بەمڕۆ دەگات ئێمە لە هەرێمی کوردستان ‌سوپاس بۆخوا فێری ئەوەبووین کە هەموو پلە و پۆستێک دەستا و دەست دەکرێت و هیچ پۆستێک تا کۆتایی بۆ کەسێک نامێنێتەوە، ئەوەی بینیمان لە سەرۆکی هەرێمەوە تا ڕاگرو سەرۆک بەشێک، چۆن بەجوانی فێری ئەو دابونەریتە بووین کە بتوانین بەو شێوەیە  ئیدارەی دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم بدەین، ئەمە هەنگاوێکی زۆر جوانە کە لە دوای ڕاپەرینەوە توانیومانە ئەو کارە جوانە ببینین بەچاوی خۆمان، هەموومان خەباتمان لەپێناوی ئەو کارە کردووە کە کارێکی دیموکراسیە، بۆیە دەبێت ئەو گۆرانکارییانە بەدڵێکی فراوان وەربگرین بۆ ئەوەی بتوانین بوار بەخەڵکانی تریش بدەین تا ئەوانیش خۆیان ئەزموون بکەن و بزانن لە کوێ دەتوانن کاری باشتر بکەن، گومان لەوەشدا نییە کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر زۆر پێویستی بەو بەڕێزانە هەیە کە شارەزاییەکی باشیان پەیداکردووە لەبابەتە کارگێڕییەکان، وە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کە هەموومان دەزانین پێویستی زیاتری بەمامۆستا هەیە، بۆیە بەدڵنیاییەوە پێویستی بەشارەزایی ئەو مامۆستا بەڕێزانە هەیە، لەمەدواش دەبێت یارمەتیدەرو هاوکاربن لەگەڵ ئەو بەڕێزانەی تازە دەست بەکاردەبن لەزانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆ.

بەڕێزان ئێمە وەک مامۆستای زانکۆ دەبێت شانازی بە مامۆستایەتی خۆمانەوە بکەین، پلەی هەرە بەرزی ناو کۆمەڵگا مامۆستای زانکۆیە، ئەوەنییە یەکێک ببێتە سەرۆک زانکۆ ئەوە پلە هەرە بەرزەکەیە یان ڕاگرو یان یاریدەدەری سەرۆک زانکۆ، ئەوە پلە بەرزەکە نییە، بەڵکو پلە بەرزەکە ئەوەیە کە مامۆستای زانکۆیە، بۆیە هەموومان شانازی بەخۆمانەوە دەکەین کە مامۆستای زانکۆین یەکەمجار، دەبێت‌ ئەوەمان لەپێش چاوبێت، تەماشا دەکەین لەوڵاتە پێشکەوتووەکان بەتایبەتی لەوڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەماوەی تەواوبوونی دەسەڵاتی سەرۆکی ئەو وڵاتە سەیردەکەین بەدوای کارێکدا دەگەڕێت کە ماوەی سەرۆکایەتی کۆتایی هات، باشترین کار کە بیدۆزێتەوە ئەوەی لە یەکێک لە زانکۆکان دەبێتە مامۆستا تا وانە بڵێتەوە، کەواتە مامۆستایەتی هاوشانی ئەو کەسەیە کە دەبێتە سەرۆکی ئەمەریکا، بۆیە هیوادەخوازین ئەو بەڕێزانە ئەو گۆرانکاریانە بەدڵێکی فراوان وەربگرن و خۆیان بەمامۆستایەکی سەرکەوتوو بزانن و لەبوارەکەی خۆیاندا بتوانن زیاتر خزمەتی ئەو وڵات و ئەو زانکۆیە بکەن، هیوادارین تەمەنێکی درێژ و بە تەندروستیەکی باشەوە بتوانن بەردەوام بن لەسەر کارەکانیان، خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ ڕێز لەماندوبونی ئەو بەڕێزانە دەگرین بۆیە مەراسیمێکی شایستەمان سازکرد بۆیان”.

دواتر دەستکرا بە بەخشینی پلاکێتی تایبەت بە رێزلێنانەکە و نووسراوێکی سوپاس و پێزانین ئاراستەی هەر یەک لەو بەڕێزانە کرا.

ئەو بەڕێزانەی کە رێزلێنانەکەیان بۆ رێکخرا بریتیبوون لە :

پ.د. جەودەت جەعفەر خەتاب، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری کارگێری و دارایی.

پ.ی.د. نەجیب تۆما بەتۆ، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا.

د. برزۆ هەمزە دزەیی، راگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر.

پ.ی.د. ئازاد ئەحمەد مەحموود، راگری کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر.

پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر، راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر.

پ.ی.مامۆستا ئومێد ئەرشەد حەوێزی، راگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر.

مامۆستا سەروەر جەمال حەیدەر راگری پەیمانگەی تەکنیکی چۆمان.

مامۆستا سۆران ذنون یاسین پەیمانگەی تەکنیکی خەبات.

مامۆستا پاکستان محمەد ئەمین کۆلێژی تەکنیکی سۆران.

پ.ی.د. هێمن کاکەخان عەوڵا بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی.

پ.ی.د. رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوبەری ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتی زانکۆ.

پ.ی.د. سەرسام خەلیل عومەر بەڕێوبەری تۆماری گشتی لە سەرۆکایەتی زانکۆ.