Daily Archives: كانونی یه‌كه‌م 17, 2023

بەبۆنەی رۆژی ئاڵا، رێورەسمێك لە کۆلێژی تەكنیكی سۆران بەڕێوەچوو

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/١٢/١٧ بەبۆنەی رۆژی ئاڵا، بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەن و ماموستایان و قوتابیانی کۆلێژی تەكنیكی سۆران رێورەسمێكی سازكرد.

رێورەسمەكە ووتار و شیعر و شانۆگەری و سروودی نیشتمانی لەخۆی گرتبوو، كە تەواویان باسیان لە بەرز و پیرۆزی ئاڵای كوردستانیان دەكرد.

سەرەتای رێورەسمەكە دوای گوێگرتن لە سرودی نیشتمانی ئەی رەقیب، یاریدەدەری ڕاگری کۆلێژ بەڕێز ( م.فتحی زێرۆ ) ووتارێكی پێشكەش كرد، پاشان ووتاری لێژنەی نوێنەرایەتی قوتابیان لەلایەن بەرپرسی لقی سۆرانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بەڕێز ( شۆرش میران مەلا ) خوێندرایەوە.

قوتابیان كە بەشدارییەكی كارای رێورەسمەكەبوون، بە چەندین پارچە شیعر و گۆرانی ڕێزی خۆیان بۆ ئاڵای كوردستان دەربڕی و بە پێشكەش كردنی شانۆگەری خۆشەویستی خۆیان گەیاندە لوتکە.لە چوارچیەوەی چالاکییەکان لە مەراسیمی بەرز کردنەوەی ئاڵای کوردستان لە ناو کۆمەلگەی کۆلێژ بەڕێوەچوو.

لە چەند رێورەسمێکی جیادا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رۆژ ئاڵای کوردستان بەرز راگیرا

رۆژی یەکشەممە 17ـی 12ـی 2023، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابییان، چەند چالاکی و رێوڕەسمی شایستە بۆ رۆژی ئاڵا لە سەرۆکایەتی و هەردوو کامپی یەک و دووی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکدا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەشکرد و تیایدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە یادکردنەوەی ئەو بۆنە پیرۆزە و گوتی: “ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، دروستکردنی ئاڵا مێژوویەکی زۆرکۆنی هەیە و بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، بیرۆکەی بەکارهێنانی ئاڵا لە وڵاتانی هیندستان و چین سەریهەڵداوە، پاشان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بڵاوبووەتەوە.

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ئاڵاکان بۆ چەند مەبەستێکی جۆراوجۆر بەکار دەهێنراون وەک دیاریکردنی شوناس و جیاکردنەوەیی چینایەتی لە شارەکاندا، هاوکات بۆ پەرستگا و شوێنە ئاینیی و بۆنە و یادە ئاینییەکان، هەروەها لە جەنگ و شۆڕشەکانیش بەکارهاتووە و هەر سوپایەک ئاڵای تایبەت بە خۆی هەبووە.

نەتەوەی کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی دیکەی جیهان ئاڵای تایبەت بەخۆی هەبووە بەپێی قۆناغەکانی مێژوو گۆڕانکاری بەسەر شێوە و رەنگاکانیدا هاتووە.

ئەو ئاڵایەی کە ئەمڕۆ ئێمە لێرەدا بە شانازییەوە بەرزی دەکەینەوە، ئاڵای یەکەم کۆماری کوردستانە کە لەلایەن پێشەوا قازی محەمەدەوە هەڵکرا.

لەدوای رووخانی کۆماری کوردستان، لەبەر گرنگی و بایەخ و پیرۆزی ئاڵا، پێشەوا قازی تاکە یادەوەری کۆمار کە ئاڵای کوردستان بوو، رادەستی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کرد.

لە دوای راپەڕینیشەوە، ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان بە بڕیاری ژمارە ٤٨ لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٠٤، رۆژی ١٧ی١٢ی وەک رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دیاریکرد.

لە مێژووی پڕ خەبات و سەروەریی گەلی کوردستاندا ئاڵا پیرۆزی خۆی هەبووە و هەیە و لەم پێناوەشدا سەدان قوربانی بۆ پاراستن و پارێزگاریکردنی دراوە.

ئەگەر چی دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق هەمیشە پلانیان لاوازکردن و لەناوبردنی کورد بووە و بۆ ئەمەش لە چەند قۆناغێکدا رووبەڕووی خەباتی چەکداریی گەلی کوردستان بوونەتەوە، بەڵام ئاڵای کوردستان هەمیشە وەک رەمز و هێمای سەرکەوتن هەر بە شەکاوەیی ماوەتەوە.

لەکاتێکدا کە گەلانی جیهان شانازی بە شوناس و ئاڵای خۆیانەوە دەکەن، ئێمەش وەک گەلی کورد شانازی بە پیرۆزی ئاڵامانەوە دەکەین و لەژێر فەرمایشتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، هەموو دەقیقەیەک ئامادەین لەژێر سێبەری ئەو ئاڵایە و بۆ ئەو ئاڵایە بمرین.

ئومێدەوارین رۆژێک بێت ئاڵای کوردستانمان لەتەک ئاڵای وڵاتانی جیهان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان و لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا بشەکێتەوە.

بەرز و پیرۆزبێت رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردسان لە کوردستان خۆراگر و ئاوەدان.

هەموولایەکتان بەخێربێن ودووبارە سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.”

دواتر بە پێشکەشکردنی چەند پارچە هۆنراوەیەکی تایبەت بە ئاڵا و کوردستان لە لایەن مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابییانەوە یادەکە رازاوەتر کرا.