لە بەریتانیا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر چەند دیدارێکی زانستی و ئەکادیمی ئەنجامدا

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەفتەی رابردوو لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە لە ژمارەیەک راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆکی زانکۆکانی سەڵاحەددین و سلێمانی و دهۆک و گەرمیان لەسەر بانگهێشتی British Council سەردانێکی فەرمی بۆ بەریتانیا ئەنجامدا.

‎ئامانجی سەرەکی سەردانی شاندەکە دروستکردنی هاوبەشی و هەماهەنگیی بوو لەنێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی بەریتانیا و لەم چوارچێوەیەشدا سەردانی ژمارەیەک لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە کرا و زنجیرەکە کۆبوونەوە و دیداری ئەکادیمی و زانستی ئەنجامدرا.

‎لە میانی سەردانی شاندی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بۆ زانکۆی نۆتینگهام، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی تیشکی خستە سەر پێکهاتەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئەو بەشە زانستیانەی کە زانکۆمان پێویستییان بە هاوکاری و پشتیوانی زیاتر هەیە بەتایبەتی ئەو بەشانەی کە نوێن و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەشدا دەگمەنن.

‎هاوکات تیشک خرایە سەر بە نێودەوڵەتیکردنی زانکۆ و بەشدارییکردن و هاوبەشیکردنی زانکۆمان لە بوارەکانی توێژینەوە و ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و قوتابیان و پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەکانی خوێندن و هاوکاری بۆ پێگەیاندنی مامۆستا لەو بوارانەی کە زانکۆمان پێویستی پێی هەیە.

‎هەر لە میانی سەردانی شاندی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا، سەردانی زانکۆی لاڤبرا کرا و لەوێ سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمینارێکی پێشکەش کرد.

‎لە سیمینارەکەدا، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی تیشکی خستەسەر مێژوو و پێکهاتەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و داتا و پڕۆگرامەکانی خوێندن لە زانکۆ، هەروەها پڕۆگرام و بەرنامەکانی خوێندنی باڵا و ژمارەی قوتابیانی خوێندنی باڵا لە دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرای لە زانکۆماندا خستەڕوو.

‎دواتر سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر باسی لە پێداویستییەکانی ئەو بەشە زانستیانە کرد کە تازەن لە زانکۆماندا و وەک پێویستی بازاڕی کار کراونەتەوە و پێویستیان بە پالپشتی زیاترە.

‎هەر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا، شاندەکە سەردانی هەردوو زانکۆی ئەستۆن و ساسێکس-یان کرد و دوای دیدار و کۆبوونەوەکانیان تاقیگە و بەشە زانستییەکانی زانکۆکانیان بەسەرکردەوە.

‎سەرۆکایەتی زانکۆمان پلانی ئەوەی داناوە کە پەیوەندی ئەکادیمی و زانستی درێژخایان لەگەڵ ئەو زانکۆیانە دابنێت و بەداواداچوون بۆ ناوەڕۆکی ئەو لێکتێگەیشتنانە بکات کە لەگەڵ ئەو زانکۆیانەدا دروستکراون.