Monthly Archives: ئازار 2023

پەیمانگەی تەکنیکی کۆیە وۆرکشۆپێکی دەربارەی بومەلەرزە و کاریگەرییەکانی لەسەر سیستەمی ئەندازیاری رێکخست

لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی بەشی تەکنەلۆجیای نەوت-شیکاری کیمیایی لە پەیمانگای تەکنیکی کۆیە ئەمرۆ رێکەوتی 7ـی ئاداری 2023 وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگای کۆنکریتی ئەمریکی(ئەی.سی.ئای) کوردستان چاپتەر لە ژێر ناونیشانی “بومەلەرزە و کاریگەرییەکانی لەسەر سیستەمەکانی ئەندازیاری: نەوت، بینا، پێکهاتەی هایدرۆلیکی” بەڕێوە چوو.

لە وۆرکشۆپەکەدا هەریەکە لە سەرۆکی زانکۆی کۆیە و قائیمقامی کۆیە و راگری پەیمانگەی تەکنیکی کۆیە د. محمد خدر ، راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر پ.ی.د. بۆتان مجید ئاسنگەر و پ. د. ئەیاد زەکی راگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری و پ.ی. ئومێد ئەرشەد راگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی و تەندروستی ژمارەیەک لە مامۆستا و کەسانی پسپۆڕ لە بوارەکانی ئەندازیاری ئامادەبوون. دوای ووتەی بەخێرهاتن لە لایەن راگری پەیمانگای کۆیە بەرێز سەرۆکی زانکۆ لە ووتارێکدا بەخێرهاتنی میوانانی کرد و تیشکی خستە سەر گرنگی بابەتەکە و ووتی ؛ کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەردەم هەوڵی داوە پەیوەندی نێوان زانکۆ و کۆمەڵگە پتەو بکات بۆ زیاتر خزمەت گەیاندن بە کۆمەڵگە و باسی لەوە کرد کە یەکێک لە کارە گرنگەکانی زانکۆ ئەوەیە بتوانێت خزمەت بە کۆمەڵگە بکات هاوکار بێت بۆ ئەوەی ئیستقراری کۆمەڵایەتی و ئیستقراری ئابووری بەرجەستە بێت .

لە کۆتایی ووتەکانیدا دەست خۆشی لە رێکخەرانی وۆرک شۆپەکە و پەیمانگەی تەکنیکی کۆیە و پسپۆڕانی بەشدار لە وۆرکشۆپەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

بابەتەکانی وۆرکشۆپەکە لە لایەن چەند مامۆستا و توێژەرێکی پەیمانگای تەکنیکی کۆیە بە بەشداری کردنی زانای جیۆلۆجی عێراقی پ. د. صالح محمد عوض لە زانکۆی بەغداد وە پ.د. سامان علی عبدللە لە زانکۆی تێکساس لە ئەمریکا هەروەها دکتۆر سیروان لە زانکۆی سەلاحەدین و مامۆستایانی بەشی تەکنۆلۆجیای نەوت لە پەیمانگای کۆیە پێشکەشکرا.

ئامانجی وۆرکشۆپەکە ئاسانکارییە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر نوێترین توێژینەوە و تەکنیک و ئامرازەکان بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسی بوومەلەرزە و کەمکردنەوەی زیانەکانی بومەلەرزەو بۆ بەرزکردنەوەی سەلامەتی و خۆڕاگری ئەم سیستێمانە لە بەرامبەر بوومەلەرزەدا.

وۆرکشۆپەکە سەکۆیەک بوو بۆ پسپۆڕان لە بوارەکانی ئەندازیاری نەوت، ئەندازیاری بیناسازی، و ئەندازیاری هایدرۆلیک بۆ ئەوەی زانیاری و ئەزموونەکانیان بەیەکەوە باس بکەن لەسەر چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی کاریگەری بوومەلەرزە لەسەر ئەم سیستەمانە.

لە کۆتاییشدا لە لایەن بەشداربووان و پێشکەشکارانی وۆرکشۆپەکەوە گفتۆگۆی چڕ کرا دەربارەی بومەلەرزە و کاریگەرییەکانی لەسەر سیستەمەکانی ئەندازیارییەکان.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێکی دەربارەی هەلی کار (فەیر جۆب) ئەنجام دا

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 7ـی ئاداری 2023 لە سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەرێوەبەرایەتی سەنتەری گەشەپێدان بۆکار بەهاوکاری رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆواتر وۆرکشۆپی پەرەپێدانی سەرچاوەی مرۆیی و ئامادەکاری بۆ کردنەوەی پێشانگای هەلی کاری ئەنجامدا.

وۆرکشۆپەکە بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، بەرێوەبەری سەنتەری گەشەپێدان، بۆ ژمارەیەک لە مامۆستایانی کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان رێکخرابوو بە مەبەستی هاوکاری و بەشداریکردن لە پێشانگای هەلی کار کە بڕیارە لە مانگی ئایاردا بەڕێوەبچێت.

پاشان شارەزای نێودەوڵەتی لە بواری پێشانگای هەلی کار و سەرچاوە مرۆییەکان بەرێز مارک بابەتێکی پێشکەش کرد و تیایدا بە پێی ستانداردە جیهانیەکان دەرچوانی زانکۆ سوودمەندی یەکەم دەبن بۆ دەست خستنی کار لە بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان.

ئەم وۆرکشۆپە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوبەشە لەلایەن دامەزراوەی (کۆواتەر ئینتەرناشناڵ) و (جی.ئای. زی)ـی ئەڵمانی جێبەجێ دەکرێت و لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە کۆمەکی دارایی دەکرێت.

پرۆژەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت کە دوو بواری سەرەکی لەخۆدەگرێت کە ئەوانیش: پەرەپێدان و پێشخستنی پرۆگرامەکانی خوێندنی بەشی ڤێتێرنەری لە کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە ناردنی ستافی ئەکادیمی بەشی ناوبراو بۆ زانکۆیەکانی یەکێتی ئەوروپا بەتایبەتی بۆ وڵاتی بەلجیکا و هۆڵەندا بەمەبەستی ئاشناکردنیان بە نوێترین شێوازی تەکنیکی بەشی ڤیتێرنەری و چۆنیەتی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی سەردەمییانە و چارەسەرکردنی کەمکردنەوەی کێشە کشتوکاڵیەکان و زیاترکردنی بەرهەم.

لایەنی دووەمی جێبەجێکردنی پرۆژەکە گرنگی دانە بە ستافی کارگێری بەرێوەبەرایەتی گەشەپێدان بۆ کار لە سەرۆکایەتی زانکۆ، ئەنجامدانی چەند وۆرکشۆپ لە بواری پەرەپێدانی تواناکان و دروست کردنی پەیوەندی نێوان زانکۆ و بازاری کار.

وۆرکشۆپی پەرەپێدانی سەرچاوەی مرۆیی و ئامادەکاری بۆ کردنەوەی پێشانگای هەلی کاری ئەنجامدا.

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 7ـی ئاداری 2023 لە سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەرێوەبەرایەتی سەنتەری گەشەپێدان بۆکار بەهاوکاری رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆواتر وۆرکشۆپی پەرەپێدانی سەرچاوەی مرۆیی و ئامادەکاری بۆ کردنەوەی پێشانگای هەلی کاری ئەنجامدا.
لەم وۆرکشۆپەدا مامۆستا ( هاوکار جبار حمدعلی ) لە بەشی ئەندازیاری سیستەمی زانیاری و مامۆستا ( جامي خيرالدين احمد ) لە بەشی ئەندازیاری شارستانی
وەکو نوێنەرانی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر بەژدار بوون ، بە مەبەستی ڕێکخستن هاوکاری و بەشداریکردنی قوتابیانمان لە( پێشانگای هەلی کار ) کە بڕیارە لە مانگی ئایاردا بەڕێوەبچێت.

ئەم وۆرکشۆپە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوبەشە لەلایەن دامەزراوەی (کۆواتەر ئینتەرناشناڵ) و (جی.ئای. زی)ـیئئئ
ئەڵمانی جێبەجێ دەکرێت و لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە کۆمەکی دارایی دەکرێت

سەرۆکی زانکۆ بەشداری لە سیمپۆزیۆمی ناساندنی یاسا و مافەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەکات

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 6ـی ئاداری 2023 شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە سەرۆکایەتی پ.د. ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی بەشدارییان کرد، لە سیمپۆزیۆمی (ناساندنی یاسا و مافەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی) کە لەلایەن هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زاستی و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەهەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) لە هۆتێلی رامادا لە هەولێر بەڕێوەچوو.

لەم سیمپۆزیۆمەدا کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەهەماهەنگی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی(ILO)  ڕێکخراوە، بریکارەکانى هەریەک لە وەزارەتەکانى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و ڕاوێژکار و  سەرۆک زانکۆکان و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى هەردوو وەزارەت و د.مەها قەتاع ڕێکخەرى ڕێکخراوى کارى نێودەوڵەتى لە عێراق و ژمارەیەکى بەرچاو لە پسپۆڕان و شارەزایانى بوارەکە ئامادەیبون، لە ڕێوڕەسمى کردنەوەدا چەند وتەیەک پێشکەشکرا.

لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریش هەریەکە لە پ.ی.د. نەجیب تۆما پتۆ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، مامۆستا کۆڤان عمر حسن بەڕێوبەری سەنتەری گەشەپێدانی کار، د.امیرە جعفر و د.رزگار عبدال لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر، مامۆستا طارق نامیق پەیمانگەی تەکنیکی خەبات، مامۆستا رەقیب عبدللە لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر بەشداربوون، بابەتەکانی سیمپۆزیۆمەکە پێکهاتبوون لە مافەکانی کار و ناساندنی یاسا و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەگشتی.

د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتارێکدا کە بەناوى هەردوو وەزارەت پێشکەشیکرد،  لەسەرەتادا خۆشحاڵی خۆى دەربڕى، کە لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆمەڵێک پرسی گرنگ دەربارەی یاسا و ڕێنماییەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی پێکەوە تاوتوێ بکەین، بۆ ئەمەش باسى لە چۆنیەتى ڕەخساندنى دەرفەتى کار و ئاستەنگەکان کردو ڕایگەیاند: پرسی دەستکەوتنی هەلی کار و پەرەپێدانی توانای گەنجانی وڵاتەکەمان پرسێکی نیشتمانی گرنگ و پڕبایەخە، وتیشى ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا هەموو تواناکانمان خستۆتە گەڕ بۆ پەرەپێدانی توانای گەنجان و دەرچوانی زانکۆکانمان، بۆ ئەوەی گەنجانی وڵاتەکەمان بتوانن بە ئاسانی پێشبڕکێی بەدەستهێنانی هەلی کار بکەن.

هەروەها وتىشی: ئێمە لە ئێستادا کار دەکەین بۆ ئەوەی ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار باشتر پێکەوە ببەستینەوە و بابەتەکانی خوێندن و ڕاهێنان پەیوەندیدار بن بەو کارامەییانەی کە بۆ بازاری کار پێویستن. وتیشى: لە ناو پرۆسەی خوێندن دا گرنگی زیاتر بە ڕاهێنانی پراکتیکی و ڕاهێنانی لە شوێنی کار بدەین. هەر لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەى بە پڕۆژەیەکى گرنگى وەزارەتەکەى کرد و ڕایگەیاند: لە مانگی (2)ی ئەمساڵدا پرۆژەی پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندنمان دەستپێکرد. هاوکات بۆردی راوێژکاری ئەکادیمیا و کەرتی تایبەت و کەرتی پشەسازیم (Industry Advisory Board)مان پێک هێناوە، ئاشکراشیکرد هەفتەی داهاتو بە هاوکاری هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان پرۆژەی ڕوپێوی زانستیانەی بازاڕی کار دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە بەشێکى دیکەى مەراسیمى کردنەوەى سمپۆزیۆمەکەدا د. مەها قەتاع ڕێکخەرى ڕێکخراوى کارى نێودەوڵەتى لە عێراق وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى خستنەڕوى گرفتەکانى کار لە عێراق بەگشتى و هەرێمى کوردستان بەتایبەت، دەستخۆشى لە پەڕلەمانى کوردستان کرد بۆ پەسندکردنى یاسای کار، هیواشى خواست ئەم سیمپۆزیمە ببێتە درفەتێک بۆ ئاشناکردنى گەنجان و دەرچوانى زانکۆکان بەماف و کارەکانیان بەتایبەت لە کەرتى تایبەت.

لە بەشى دووەمى سمپۆزیۆمەکەدا، دوو پانێڵ بەناونیشانەکانى (خواستى دەرچوان بۆ کارکردن لە کەرتى گشتى) و، (یاساکانى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و پاراستنى ماف لە کەرتى تایبەت) لەلایەن لێپرسراوانى و شارەزانى بوارەکە پێشکەشکرا و لەلایەن ئامادەبوانەوە گفتوگۆى چڕى لەبارەوە کرا.