زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێکی دەربارەی هەلی کار (فەیر جۆب) ئەنجام دا

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 7ـی ئاداری 2023 لە سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەرێوەبەرایەتی سەنتەری گەشەپێدان بۆکار بەهاوکاری رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆواتر وۆرکشۆپی پەرەپێدانی سەرچاوەی مرۆیی و ئامادەکاری بۆ کردنەوەی پێشانگای هەلی کاری ئەنجامدا.

وۆرکشۆپەکە بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، بەرێوەبەری سەنتەری گەشەپێدان، بۆ ژمارەیەک لە مامۆستایانی کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان رێکخرابوو بە مەبەستی هاوکاری و بەشداریکردن لە پێشانگای هەلی کار کە بڕیارە لە مانگی ئایاردا بەڕێوەبچێت.

پاشان شارەزای نێودەوڵەتی لە بواری پێشانگای هەلی کار و سەرچاوە مرۆییەکان بەرێز مارک بابەتێکی پێشکەش کرد و تیایدا بە پێی ستانداردە جیهانیەکان دەرچوانی زانکۆ سوودمەندی یەکەم دەبن بۆ دەست خستنی کار لە بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان.

ئەم وۆرکشۆپە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوبەشە لەلایەن دامەزراوەی (کۆواتەر ئینتەرناشناڵ) و (جی.ئای. زی)ـی ئەڵمانی جێبەجێ دەکرێت و لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە کۆمەکی دارایی دەکرێت.

پرۆژەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت کە دوو بواری سەرەکی لەخۆدەگرێت کە ئەوانیش: پەرەپێدان و پێشخستنی پرۆگرامەکانی خوێندنی بەشی ڤێتێرنەری لە کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە ناردنی ستافی ئەکادیمی بەشی ناوبراو بۆ زانکۆیەکانی یەکێتی ئەوروپا بەتایبەتی بۆ وڵاتی بەلجیکا و هۆڵەندا بەمەبەستی ئاشناکردنیان بە نوێترین شێوازی تەکنیکی بەشی ڤیتێرنەری و چۆنیەتی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی سەردەمییانە و چارەسەرکردنی کەمکردنەوەی کێشە کشتوکاڵیەکان و زیاترکردنی بەرهەم.

لایەنی دووەمی جێبەجێکردنی پرۆژەکە گرنگی دانە بە ستافی کارگێری بەرێوەبەرایەتی گەشەپێدان بۆ کار لە سەرۆکایەتی زانکۆ، ئەنجامدانی چەند وۆرکشۆپ لە بواری پەرەپێدانی تواناکان و دروست کردنی پەیوەندی نێوان زانکۆ و بازاری کار.