پەیمانگەی تەکنیکی کۆیە وۆرکشۆپێکی دەربارەی بومەلەرزە و کاریگەرییەکانی لەسەر سیستەمی ئەندازیاری رێکخست

لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی بەشی تەکنەلۆجیای نەوت-شیکاری کیمیایی لە پەیمانگای تەکنیکی کۆیە ئەمرۆ رێکەوتی 7ـی ئاداری 2023 وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگای کۆنکریتی ئەمریکی(ئەی.سی.ئای) کوردستان چاپتەر لە ژێر ناونیشانی “بومەلەرزە و کاریگەرییەکانی لەسەر سیستەمەکانی ئەندازیاری: نەوت، بینا، پێکهاتەی هایدرۆلیکی” بەڕێوە چوو.

لە وۆرکشۆپەکەدا هەریەکە لە سەرۆکی زانکۆی کۆیە و قائیمقامی کۆیە و راگری پەیمانگەی تەکنیکی کۆیە د. محمد خدر ، راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر پ.ی.د. بۆتان مجید ئاسنگەر و پ. د. ئەیاد زەکی راگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری و پ.ی. ئومێد ئەرشەد راگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی و تەندروستی ژمارەیەک لە مامۆستا و کەسانی پسپۆڕ لە بوارەکانی ئەندازیاری ئامادەبوون. دوای ووتەی بەخێرهاتن لە لایەن راگری پەیمانگای کۆیە بەرێز سەرۆکی زانکۆ لە ووتارێکدا بەخێرهاتنی میوانانی کرد و تیشکی خستە سەر گرنگی بابەتەکە و ووتی ؛ کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەردەم هەوڵی داوە پەیوەندی نێوان زانکۆ و کۆمەڵگە پتەو بکات بۆ زیاتر خزمەت گەیاندن بە کۆمەڵگە و باسی لەوە کرد کە یەکێک لە کارە گرنگەکانی زانکۆ ئەوەیە بتوانێت خزمەت بە کۆمەڵگە بکات هاوکار بێت بۆ ئەوەی ئیستقراری کۆمەڵایەتی و ئیستقراری ئابووری بەرجەستە بێت .

لە کۆتایی ووتەکانیدا دەست خۆشی لە رێکخەرانی وۆرک شۆپەکە و پەیمانگەی تەکنیکی کۆیە و پسپۆڕانی بەشدار لە وۆرکشۆپەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

بابەتەکانی وۆرکشۆپەکە لە لایەن چەند مامۆستا و توێژەرێکی پەیمانگای تەکنیکی کۆیە بە بەشداری کردنی زانای جیۆلۆجی عێراقی پ. د. صالح محمد عوض لە زانکۆی بەغداد وە پ.د. سامان علی عبدللە لە زانکۆی تێکساس لە ئەمریکا هەروەها دکتۆر سیروان لە زانکۆی سەلاحەدین و مامۆستایانی بەشی تەکنۆلۆجیای نەوت لە پەیمانگای کۆیە پێشکەشکرا.

ئامانجی وۆرکشۆپەکە ئاسانکارییە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر نوێترین توێژینەوە و تەکنیک و ئامرازەکان بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسی بوومەلەرزە و کەمکردنەوەی زیانەکانی بومەلەرزەو بۆ بەرزکردنەوەی سەلامەتی و خۆڕاگری ئەم سیستێمانە لە بەرامبەر بوومەلەرزەدا.

وۆرکشۆپەکە سەکۆیەک بوو بۆ پسپۆڕان لە بوارەکانی ئەندازیاری نەوت، ئەندازیاری بیناسازی، و ئەندازیاری هایدرۆلیک بۆ ئەوەی زانیاری و ئەزموونەکانیان بەیەکەوە باس بکەن لەسەر چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی کاریگەری بوومەلەرزە لەسەر ئەم سیستەمانە.

لە کۆتاییشدا لە لایەن بەشداربووان و پێشکەشکارانی وۆرکشۆپەکەوە گفتۆگۆی چڕ کرا دەربارەی بومەلەرزە و کاریگەرییەکانی لەسەر سیستەمەکانی ئەندازیارییەکان.