Daily Archives: ئه‌یلول 7, 2022

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە کۆبوونەوەی ئامادەکاری کۆنفرانسی (ئای. سی. تی) دەکات

ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی 7ـی ئەیلولی 2022 لە هۆتێلی رۆتانا لە هەولێر یاریدەدەری سەرۆکی زاکۆ بۆ کاروباری زانستی د. نجیب تۆما بەشداری لە کۆبوونەوەی ئامادەکاری تایبەت بە سازدانی یەکەمین کۆنفرانسی (ئای. سی. تی) لەسەر ئاستی کوردستان کرد.

ئەم کۆنفرانسە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سەرپەرشتی دەکرێت بە بەشداری ئەو زانکۆیانەی کە سەنتەری هەواوی تیایاندا دامەزراوە کە بریتین لە زانکۆکانی ( پۆلیتەکنیکی هەولێر، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، سەلاحەدین، دهۆک و گەرمیان)، شیاوی باسە کۆنفرانسەکە بە بەشداری و پاڵپشتی دارایی کۆمپانیای هەواوی ئەنجام دەدرێت.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وێرشۆپێک بۆ سەرجەم سەرۆک بەشەکانی کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان بەڕێوەدەبات

رۆژی چوار شەممە رێکەوتی 7ـی ئەیلولی 2022 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک بەرێوبەری سەرۆکایەتی زانکۆ، بەرێوبەرایەتی دڵنیایی جۆری وێرکشۆپێکی بۆ سەرۆکی بەشە زانستییەکانی گشت کۆلێژ و پەیمانگەکان ئەنجامدا کە ئەم بابەتانەی لەخۆ گرتبوو (هونەری سەرکردایەتی کردن، کارگێڕی بەکردار، یاسای خزمەتی زانکۆیی، گۆڕانکاری لە سیستەمی ئی.سی.تی. ئێس و بۆلۆنا پرۆسێس) وە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.

لە دەستپێکی وێرکشۆپەکەدا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد تیایدا بەخێرهاتنی سەرۆک بەشەکانی کرد و پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندنی لە ئامادەبووان کرد. لە درێژەی وتەکەیدا د. ئیدریس ئەنجامدانی چالاکییەکەی بە گرنگ وەسف کرد بۆ بەرزتر کردنەوەی توانای سەرۆک بەشەکان لەرووی کارگێری و زانستی و تەکنەلۆجییەوە، تاکو لە رێگەیەوە پرۆسەی خوێندن و پەوەرەدەکردن بگاتە ئاستێکی بەرزتر.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ وتی: پۆستی سەرۆک بەش ئەرکێکی پیرۆز و گرنگە، هەروەها خاڵی بەیەک بەستنەوەی قوتابی و مامۆستایە و پێشکەوتنی پرۆسەی خوێندن بەندە بە کارامەیی و لێهاتووی ئەو مامۆستایەی کە لەو ئەرکەدایە، بۆیە هیوادارم ئەم وێرکشۆپە بە دەرفەتێک ببینن و زۆرترین سوودی هەبێت بۆ باشتر بەڕێوەبردنی ئەرکەکەتان.

پاشان سیمناری یەکەم لەژێر ناونیشانی هونەری سەرکردایەتی لە لایەن پ.ی.د. فەرهاد علی مصطفى پێشکەشکرا و بەشێوەیەکی زانستی تایبەتمەندییەکانی سەرکردەی رونکردەوە  باسی لە هونەرەکانی سەرکردایەتی کرد.

لە دوای پشوودانێکی کورت سیمناری دووەم لەژێر ناونیشانی کارگێڕی بەکردار لە لایەن پ.د. هیمداد عبدالقهار محمـد پێشکەشکرا کە تیایدا بەشێوەیەکی چڕوپڕ باسی لە زانستی کارگێری و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کاروبارەکان هەروەها باسی لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان کرد کە لە کاتی کارکردندا دێتە بەردەم پرۆسەی بەڕێوەبردن.

لە کۆتاییدا دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و ئامادەبووان پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لە لایەن بەڕێزان د. فەرهاد و د. هیمداد وەڵامدرانەوە.

لە رۆژی دووەمی وێرکشۆپەکەدا سێ سیمناری دیکە بەڕێوەدەچوو کە بەشێوەیەکی زانستی و ورد هەریەک لەم بابەتانە (بۆلۆنا پرۆسێس لە لایەن پ.ی.د. بۆتان مجید ئاسنگەر) و (یاسای خزمەتی زانکۆیی لە لایەن مامۆستا دیندار حسین احمد) و (گۆڕانکاری لە داتابەیسی ئی.سی.تی.ئێس لە لایەن مامۆستا یاسین حمید رشید) پێشکەش کران پاشان دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و ئامادەبووان پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لە لایەن بەڕێزان د. بۆتان و م. دیندار و م. یاسین وەڵام درانەوە.

لە کۆتایی سیمنارەکانی رۆژی دووەمدا سەرۆکی زانکۆ بروانامەی رێزلێنانی بەخشییە پێشکەشکاری سیمنارەکان و سوپاسی ماندووبوونیانی کرد.

وێنەکانی رۆژی یەکەمی وێرکشۆپەکە

وێنەکانی رۆژی دووەمی وێرکشۆپەکە