شاندێکی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی وەزارەتی ناوخۆ دەکەن

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 14ـی ئەیلولی 2021 شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی وەزارەتی ناوخۆیان کرد کە پێکهاتبوون لە راگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر پ.ی.م. اومێد ارشد حەوێزی، بەرێوبەری دڵنیایی جۆری م. کمال محمد عبدالله و بەرێوبەری پرۆگرامەکانی خوێندن م. کۆڤان عمر حسن.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هەریەک لە بەرێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ پ.ی.د. سامی جلال حسین، بەرێوبەری بەڵگەکانی تاوانی هەرێم عمید سەرکەوت جلال حسن، بەرێوبەری تاقیگەی بایۆلۆجی/دی ئێن ئەی مقدمی بایۆلۆجی ئاراز محمد مولود گفتوگۆ کرا لەسەر پێشنیاری کردنەوەی بەشی بەڵگەکانی تاوان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.

کردنەوەی بەشەکە لەسەر پێشنیاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێربووە بەمەبەستی پێگەیاندنی ئەفسەر و کارمەندانی بەڵگەکانی تاوان لە گشت پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکە کۆنووسێک ئامادە کرا کە تیایدا کۆمەڵێک پێشنیار و رێنمایی تایبەت بە وەرگرتنی کارمەندان خراونەتە روو و ئاراستەی بەرێزان وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزیری ناوخۆ دەکرێت بەمەبەستی پەسەند کردنی، شایانی بەبیرهێنانەوەیە کارەکانی کردنەوەی بەشەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بەرێوەدەچن.