رۆژى یەکشەممە ٢٤ى ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، سەرۆکى زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر پێشوازى كرد لە خاتوو ماریا مارتی ئەنتۆنیۆ، بەڕێوبەری پڕۆگرام- بەشی هاوکاری لە یەکێتى ئەوروپا، خاتوو مەها کەتا رێکخەری ووڵات لە رێکخراوی نێودەوڵەتى کار لە عێڕاق، و بەڕێز رۆمان حوسێن لە رێکخراوى یونسکۆ.
لە کۆبوونەوەکە، ئامادەبووان باسیان لە جێبەجێکردنى پڕۆژەى هاوبەش کرد بۆ پاڵپشتیکردنى بێنەوایان و ئاوارە سورییەکان. پاشان، زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر یاداشتنامەیەکى لەیەکگەیشتنى لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتى کار (ئای.ئێڵ.ئۆ) واژووکرد بۆ گەشەپێدانى کارامەیى پیشەگەران و کارکەرانى کەڵتوری رۆشنبیری. ئەم رێکەوتنە بەشێکە لە جێبەجێکارەکانى ستراتیژییەتى زانکۆکەمان بۆ بەنێودەوڵتیبوون.
ئەم هاوبەشییە نوێیە ئامانجی گەشەپێدان و پەرەسەندنى کارامەییەکانى پڕۆگرامەکانى دامەزراندنە بۆ رەخساندنى هەلى کار بۆ بێنەوایان، ئاوارە سورییەکان، و ئەندامانى کۆمەڵگەى میواندار. رێکخراوی نێودەوڵەتى کار (ئای.ئێڵ.ئۆ) بەهەماهەنگی لەگەڵ یونسکۆ پرۆژەکە جێبەجێدەکەن و یەکێتى ئەوروپاش کۆمەکی دارایى دەکات. رێکخراوی نێودەوڵەتى کار لەرێگەى ئەم یاداشتنامەی لەیەکگەیشتنە تواناى راهێنەرانى زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر بنیاتدەنێت بۆ جێبەجێکردنى پڕۆگرامەکانى راهێنان لەسەر کارامەییەکان و چاودێریکردنى چالاکییەکانى راهێنانەکانیان.


