Daily Archives: شوبات 17, 2024

پەیامی ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆربەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستاندا

پەیامی ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر
بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستاندا

لە رۆژی (١٨) شوبات و (٧١) یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوە مێژووییە پیشەییەکەتان، ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، لە کانگای دڵمەوە پیرۆزبایتان لێ دەکەم.

جێگای شانازیمانە، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ لە ساڵی (١٩٥٣)دا، ئەم ڕێکخراوە لەسەر دەستی ڕابەری ڕۆحیی نەتەوەیی کورد (بارزانی نەمر) دامەزراوە. تا ئێستاش بەبێ وەستان لە خزمەتکردنی ڕەوتی زانست و مەعریفە بەردەوامە. سەرباری خزمەتکردنی ڕەوتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان.

ئەوەی جێگای باسە، ئەم ڕێکخراوە لە قۆناغە جیاجیاکانی سەردەمی شاخ و دوای ڕاپەڕین و تائێستاش لە خەباتی شارستانیانەی خۆی بەردەوامە، وەک پێشەنگ لە داکۆکیکردن و نوێنەرایەتیکردنی مافەڕەواکانی قوتابیان. هەر ئەم پێشەنگی و خەمخۆریەی ئێوەیە، وایکردوە کە بارزانی نەمر بە سەری ڕم ناوزەندتان بکات.
یەکێتی قوتابیانی کوردستان ڕێکخراوی متمانەپێکراوی قوتابیانی شاخ و شارە، بەردەوامە لە خەباتی مەدەنیانە و ڕێکخراوەیی خۆی. لەم سۆنگەیەوە توانیویەتی لەگەڵ هەمو قۆناغەکانی سەردەم و گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکان خۆی بگونجێنێ، هاوتەریب بەرەوپێشچونی تەواو بەخۆیەوە ببینێ.

فەخرە بۆ هەموان کە یەکێتی قوتابیانی کوردستان قوتابخانەی پێگەیاندنی دەیان و سەدان کادیر و نیشتیمانپەروەری دڵسۆزی ئەم کوردستانە بووە، کە لە ڕابردو و ئێستاش خزمەت بەم نیشتیمانە دەکەن.
لەم یادەدا، وێڕای پیرۆزبایی، پشتیوانی خۆم بۆ کار و چالاکی و خەباتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان دەردەبڕم، لە پێناو بەدیهێنانی خەون و مافەکانی قوتابیان.
دڵنیام ڕێکخراوە دڵسۆز و تێکۆشەرەکەتان، پشت ئەستور بە مێژو و خەبات و ئەزمونی خۆی، هەمیشە لە پێشەنگ دەمێنێتەوە لەخزمەتکردنی ڕەوتی زانست و قوتابیان، هەر ئەوەشی لێ چاوەڕوان دەکرێ.

لە کۆتاییدا، دەمەوێ جارێکی تر پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە گەورەو مێژوییەتان لێبکەم، دەخوازم بەگڕوتینێکی زیاتر لە ڕابردو لەخزمەتکردنی قوتابیان بەردەوام بن، بە مەبەستی هاندان و پەروەردەکردنیان بە نوێترین زانستی سەردەم لە پێگەیاندنیان بۆ خزمەتی نیشتیمان و نەتەوەکەمان.

سەرفراز بن، بژین بۆ خزمەتکردنی قوتابیان، کە نەوەی داهاتوو و ئومێدی گەلەکەمانن.
د.طالب محمدشریف عمر

ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

17 ی شوباتی 2024

سەرۆکی زانکۆ بەشداری لە دیداری ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر و ئەنجوومەنی کاری عێراقی- بەریتانی کرد

پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و بەرێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی پ.ی.د.رەنج سیروان عبداللە لەسەر بانگھێشتی فەرمی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر بەشدارییان کرد لە دیدارێکدا کە بۆ پێشوازی خاتوو بارۆنا ئێما نیکڵسن، دامەزرێنەر و سەرۆکی ئەنجوومەنی کاری عێراقی- بەریتانی IBBCدا کرد.

لە دیدارەکەدا کە ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر، جەیمس گۆلدنمان کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەولێر، سەروەر کەمال ھاواری بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی و دیپلۆماتکاران و ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر و ژمارەیەک لە بازرگانانی شاری ھەولێر و ئەندامانی یەکیتی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، چەند وتارێک پێشکەش کرا.

بارۆنا ئێما نیکڵسن، دامەزرێنەر و سەرۆکی ئەنجوومەنی کاری عێراقی- بەریتانی IBBC کە ھاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی لۆرداتی شانیشینی بەریتانیشە لە وتارەکەیدا، لەدوای باسکردن لە خەبات و قوربانیدانی گەلی کورد و مێژووی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ کوردستان و شاری ھەولێر باسی لە گرنگی ئامادەبوونی شاندی زانکۆی کرد لەو دیدارەکەدا کرد و باس لە رۆلی زانکۆی کرد لە پێشخستنی ئابووری وڵاتدا.

لە دانیشنەکاندا دیدار و کۆبوونەوە ئەنجام درا و شاندی زانکۆ لەگەل ئەندامانی رێخراوی IBBC کۆبوونەوە کە تیایدا باس لە گرنگی زانکۆ لە کۆمەلگا و بە تایبەتی لە ئامادەکردنی گەنج بۆ بازاری کار و بەشداربوونی زانکۆ لە چالاکییەکانی تایبەت بە ژووری بازرگانی و پیشەسازی لە کوردستاندا کرد.

ھەر لە پەراوێزی دیدارەکەدا، پ.د. ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی چاوی کەوت بە کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە ھەولێر و لە دوای گفتوگۆکردن لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ، ھاوکات بانگھێشتی کۆنسولی گشتی بەریتانیای لە ھەۆلێر کرد بو سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و ناوبراویش وێڕای خۆشحاڵی نیشاندان بە بانگھێشتەکە، رایگەیاند کە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر دەکات.

لە کۆتایدا، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر کۆبوونەوەی لەگەڵ خاتوو بارۆنا ئێما نیکڵسن، دامەزرێنەر و سەرۆکی ئەنجوومەنی کاری عێراقی- بەریتانی IBBC ئەنجامدا.

لە دیدارەکەدا چەخت لەسەر گرنگی زانکۆ لەم قۆناغە بۆ کۆمەلگا و دەستەبەرکردنی کار و پیشە بۆ گەنجانی ولات جگە لە گرنگی زانکۆ بۆ چارەسەری کێشەکانی بازار و کەرتی پیشەسازیی لە ھەرێمی کوردستاندا کرا.