پەیامی ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆربەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستاندا

پەیامی ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر
بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستاندا

لە رۆژی (١٨) شوبات و (٧١) یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوە مێژووییە پیشەییەکەتان، ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، لە کانگای دڵمەوە پیرۆزبایتان لێ دەکەم.

جێگای شانازیمانە، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ لە ساڵی (١٩٥٣)دا، ئەم ڕێکخراوە لەسەر دەستی ڕابەری ڕۆحیی نەتەوەیی کورد (بارزانی نەمر) دامەزراوە. تا ئێستاش بەبێ وەستان لە خزمەتکردنی ڕەوتی زانست و مەعریفە بەردەوامە. سەرباری خزمەتکردنی ڕەوتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان.

ئەوەی جێگای باسە، ئەم ڕێکخراوە لە قۆناغە جیاجیاکانی سەردەمی شاخ و دوای ڕاپەڕین و تائێستاش لە خەباتی شارستانیانەی خۆی بەردەوامە، وەک پێشەنگ لە داکۆکیکردن و نوێنەرایەتیکردنی مافەڕەواکانی قوتابیان. هەر ئەم پێشەنگی و خەمخۆریەی ئێوەیە، وایکردوە کە بارزانی نەمر بە سەری ڕم ناوزەندتان بکات.
یەکێتی قوتابیانی کوردستان ڕێکخراوی متمانەپێکراوی قوتابیانی شاخ و شارە، بەردەوامە لە خەباتی مەدەنیانە و ڕێکخراوەیی خۆی. لەم سۆنگەیەوە توانیویەتی لەگەڵ هەمو قۆناغەکانی سەردەم و گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکان خۆی بگونجێنێ، هاوتەریب بەرەوپێشچونی تەواو بەخۆیەوە ببینێ.

فەخرە بۆ هەموان کە یەکێتی قوتابیانی کوردستان قوتابخانەی پێگەیاندنی دەیان و سەدان کادیر و نیشتیمانپەروەری دڵسۆزی ئەم کوردستانە بووە، کە لە ڕابردو و ئێستاش خزمەت بەم نیشتیمانە دەکەن.
لەم یادەدا، وێڕای پیرۆزبایی، پشتیوانی خۆم بۆ کار و چالاکی و خەباتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان دەردەبڕم، لە پێناو بەدیهێنانی خەون و مافەکانی قوتابیان.
دڵنیام ڕێکخراوە دڵسۆز و تێکۆشەرەکەتان، پشت ئەستور بە مێژو و خەبات و ئەزمونی خۆی، هەمیشە لە پێشەنگ دەمێنێتەوە لەخزمەتکردنی ڕەوتی زانست و قوتابیان، هەر ئەوەشی لێ چاوەڕوان دەکرێ.

لە کۆتاییدا، دەمەوێ جارێکی تر پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە گەورەو مێژوییەتان لێبکەم، دەخوازم بەگڕوتینێکی زیاتر لە ڕابردو لەخزمەتکردنی قوتابیان بەردەوام بن، بە مەبەستی هاندان و پەروەردەکردنیان بە نوێترین زانستی سەردەم لە پێگەیاندنیان بۆ خزمەتی نیشتیمان و نەتەوەکەمان.

سەرفراز بن، بژین بۆ خزمەتکردنی قوتابیان، کە نەوەی داهاتوو و ئومێدی گەلەکەمانن.
د.طالب محمدشریف عمر

ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

17 ی شوباتی 2024