Monthly Archives: حوزه‌یران 2023

پەیمانگای تەکنیکی چۆمان بەشی کارگێڕی دارایی بۆ ساڵی خویندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ دەکاتەوە.

پەیمانگای تەکنیکی چۆمان بەشی کارگێڕی دارایی بۆ ساڵی خویندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ دەکاتەوە.
ئەو بەشە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ دەرچوانی هەردوو بەشی ئامادەیی وێژەیی و زانستی وەردەگرێت ،دەرچوانی ئەو بەشە پسپۆڕی بەدەست دێنن لە بواری کارگێری دارایی و مەشق پێكردنیان لەسەر ئەو كارامەیی و لێهاتنە پێشكەوتوانەی كە پێویستن بۆ خەمڵاندنی مەترسیەكان و قازانجە داراییەكان بەشێوەیەك كە دەرچووان بتوانن لە رێكخراوەكان كاربکەن و لێهاتوویی و ژیریان لە بواری كار زیاتر بكەن .ئەو بابەتانەی لەو بەشە ئەخوێندرێن تایبەتمەندن بە پرۆسە دارایەکان و کارگێری و ژمێریاری دوای تەواوکردنی خوێندن لەو بەشەدا فێرخوازان دەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن و بەردەوامبن لەم پسپۆڕیانە.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و هەفتەی جیهانی داهێنان و نوێگەری – عێراق یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژوو دەکەن

رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣، پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجومەنی داھێنان لە عێراق – ھەفتەی جیھانی داھێنان و نوێگەری کرد شاندی ئەنجومەنی داھێنانی عێراق پێکھاتبوون لە عەبدولسەلام مەدەنی، سەرۆکی دەزگای روانگە هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی داهێنان و م. زانیار جەبار ڕەشید، باڵیۆزی داھێنان و ئەندامی ئەنجوومەنی داھێنان لە عێراق – ھەفتەی جیھانی داھێنان و نوێگەری، و عەبدوڵڵا ساڵح، شادمان کەریم و ڕێژوان محەمەد ئەندامانی ئەنجوومەنی داھێنان لە عێراق – ھەفتەی جیھانی داھێنان و نوێگەری.

لە دیدارێکدا کە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و بەڕێوبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبەری گارگێری سەرۆکایەتی زانکۆ ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ وێڕای بەخێرھاتنی شاندی میوان، باسی لە ستراتیژیەت و پلانی زانکۆ کرد و رایگەیاند زانکۆ دەبێت وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی بازاڕی کاربێت و خۆی بگونجێنێت لەگەڵ سرووشتی ناوچەکەی بۆیە ئێمە وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر کارمان بۆ ئەوە کردووە کە ئەو پسپۆڕییانەی کە بازاڕی کاری ھەرێمی کوردستان پێویستی پێیەتی ئامادە بکەین، ھەر بۆیە ئامادەیی زانکۆی دەربڕی بۆ ھەر ھاوکاری و ھەماھەنگییەک.

لای خۆیانەوە شاندی میوان زۆر سوپاسی سەرۆکی زانکۆیان کرد بۆ پێشوازی و میوانداری ھەروەھا خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە کارکردن لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر وەک یەکەم زانکۆ لەسەر ئاستی عێراق ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی تاکو لەڕێگەیەوە خزمەت بە کۆمەڵگە بەگشتی و لاوان و قوتابیانی کوردستان بە تایبەتی بکەن.

ھەر لە دیدارەکەدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ھەردوو لا واژۆ کرا کە خۆی لە ئەنجامدانی ھەماھەنگی لە نێوان تیمی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و ھەفتەی جیھانی داھێنان لە عێراق بە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ھەر چالاکییەک کە ھانی داھێنان و نوێگەری بدات وەک: پێشکەشکردنی سمینار و وۆرکشۆپ لە زانکۆ و کۆلێژەکانی سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر دەربارەی نوێگەری و داھێنان لە لایەن ھەفتەی جیھانی داھێنان و نوێگەریەوە.

دەربارەی ھەفتەی جیھانی داھێنان و نوێگەری:
ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠٠١ لە کەنەدا دامەزراوە، ئێستا لە لایەن زانکۆی مەیامی لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا میوانداریی دەکرێت. ڕۆژی جیھانی داھێنان و نوێگەری ٢١ ی نیسان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمی لە ساڵی٢٠١٧دا ناسێنراوە بۆ ئاھەنگگێڕان و ھاندانی داھێنان و نوێگەری لە ئاستی جیھانیدا. بە ئەنجامدانی بۆنە و چالاکییەکان لە ١٦٠ وڵاتدا تیشک دەخرێتە سەر گرینگی داھێنان و نوێگەری لە ژیان کە لە ڕێگای داھێنان و نوێگەریەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ببینەوە و ھانی گەشەی ئابووری بدەین بە شێوەیەکی گشتی.

بە ئامادەبوونی هەر سێ سەرۆکی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی کوردستان کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری بەنوێنەرایەتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی هەر سێ سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بەڕێوەچوو، تیایدا باس لە پرۆژەی (TVET.2) کرا کە لەلایەن رێکخراوی یونیسکۆوە سەرپەرشتی دەکرێت بە ئامانجی بەرەوەپێشبردن و پێشخستنی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە رووی پڕۆگرام و کواڵێتی و بەنێودەولەتییکردنی ستراتیجییەتی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێوەبەری رێکخراوی یۆنیسکۆ لە عێراق و بەڕێوەبەری پڕۆژەی (TVET.2) بە شێوەی ئۆنڵاوین ئامادەی بوون، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە سەرنج و تێبینی و پشنیازەکانی خۆیان لەبارەی بەرەپێشبردن و سوودوەرگرتنی زیاتر لەو پرۆژەیە خستەڕوو.