Daily Archives: حوزه‌یران 6, 2023

سەرۆکی زانکۆ هۆڵ و تاقیگەکانی بەشی تەکنیکی ددان لە پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر بەسەر دەکاتەوە

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، هۆڵ و تاقیگەکانی بەشی تەکنیکی ددانی لە پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر بەسەرکردەوە.

لە چوارچێوەی بەدواداچوونی مەیدانی بۆ کۆلیژ و پەیمانگاکان، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەردانی پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی هەولێری کرد و لەلایەن پ.ی.ئومێد ئەرشەد حەوێزی، راگری پەیمانگە و ژمارەیەک لە مامۆستایانەوە پێشوازیی لێکرا.

لەو سەردانەدا کە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، پ.ی.د.نەجیب توما بتو یاوەری دەکرد، سەرۆکی زانکۆ هۆڵ و تاقیگەکانی بەشی تەکنیکی ددانی لە پەیمانگاکە بەسەرکردە و لەلایەن پ.ی.ئومێد ئەرشەد حەوێزی زانیاریی لەبارەی کارەکانەوە پێدرا.

هاوکات سەرۆکی زابکۆ لەنزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ مامۆستایان کرد و داوای لێکردن کە پڕۆپۆزەڵ ئامادە بکەن بۆ بەرەپێشچوونی زیاتری بەشی تەکنیکی ددان و پێداچوونەوە بە بەرنامە و پڕۆگرامەکانی خوێندن بکرێت بەجۆرێک کە گونجاوبێت لەگەڵ بازاڕی کار هەروەها داوای لێکردن کە ئامادەکاری بکرێت بۆ کردنەوەی نووسینگەی راوێژکاری بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا.

 

سەرۆکی زانکۆ ئەو پڕۆژانەی بەسەرکردەوە کە لە قۆناغی جێبەجێکردندان

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەو پڕۆژانەی زانکۆی بەسەرکردەوە کە لە قۆناغی جێبەجێکردندان.

بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆژانە زانکۆی بەسەرکردەوە کە لە قۆناغی جێبەجێکردندان، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی پرۆژەی دروستکردنی باڵەخانەی تاقیگەکانی لە کۆلیژی تەکنەلۆجی هەولێر بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ ئەندازیارانی سەرپەرشتیار و بەڵێندەری پڕۆژەکە کرد.

هەر لەمیانی بەداواداچوونەکانیدا، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر باڵەخانەی سەنتەری چالاکی قوتابیانی بەسەرکردەوە کە لە قۆناغی کۆتاییدایە و سەردانی بەشەکانی باڵەخانەکەی کرد. هەروەها سەردانی پڕۆژەی دروستکردنی باخچەی مودێرنی ناو کەمپی ژمارە ١ی زانکۆی کرد و لەنزیکەوە بەدواداچوونی بۆ کارەکان کرد و رێنوێنی بە ئەندازیاران دا و داوایان لێکرا بۆ خۆئامادەکردن بۆ قوناغی دووەمی پڕۆژەکە.

جێی ئاماژەیە، لە دوای دەستبەکاربوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی وەک سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا چەندین پڕۆژەی گرنگ کە بەشێکە لە پلانی بنیاتنانی ژێرخانی زانکۆ، خراونەتە بواری جێبەجێکردن و بەشێکیشیان تەواوبوون و خراونەتە خزمەتی زانکۆوە.

 

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ فێستیڤاڵی ساڵانەی قوتابیانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بەڕێوەچوو

لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پێنجەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی قوتابیانی قۆناغی دووەمی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر لەژێر ناوی ( تەکنەلۆجیا و داهێنان) بەرێوەچوو.

دوای کردنەوەی فێستیڤاڵەکە کە هەریەک لە پ.ی.د.نەجیب توما بتو، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و راگرانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر و بەرپرسی لیژنەی ناوچەی ئایندە و ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان ئامادەی بوون، بەشەکانی فێستیڤاڵەکە بەسەرکرایەوە و کار و چالاکییە نمایشکراوەکان نیشانی ئامادەبووان درا.

لای خۆیەوە سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەستخۆشی لە رێکخەر و سەرپەرشتیاران و قوتابیانی بەشداربوونی فێستیڤاڵەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بەرهەم و کارە دەستییەکانی قوتابیان رەنگدانەوی لەناو کۆلیژ و زانکۆکان هەبێت و بۆ ئەمەش قوتابیانی بەشداربووی هاندا کە بەشێک لە کارە دروستکراوەکانیان وەک دیاریی ئامادەبکرێن بۆ پێشکەش بە ئەو شاند و میوانانەی دێنە زانکۆ و لایەنە پەیوەندارەکان بکەن تاوەکو ئاشنای کارەکانیان ببن.