بە ئامادەبوونی هەر سێ سەرۆکی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی کوردستان کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری بەنوێنەرایەتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی هەر سێ سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بەڕێوەچوو، تیایدا باس لە پرۆژەی (TVET.2) کرا کە لەلایەن رێکخراوی یونیسکۆوە سەرپەرشتی دەکرێت بە ئامانجی بەرەوەپێشبردن و پێشخستنی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە رووی پڕۆگرام و کواڵێتی و بەنێودەولەتییکردنی ستراتیجییەتی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێوەبەری رێکخراوی یۆنیسکۆ لە عێراق و بەڕێوەبەری پڕۆژەی (TVET.2) بە شێوەی ئۆنڵاوین ئامادەی بوون، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە سەرنج و تێبینی و پشنیازەکانی خۆیان لەبارەی بەرەپێشبردن و سوودوەرگرتنی زیاتر لەو پرۆژەیە خستەڕوو.