Monthly Archives: ئایار 2023

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک کۆتایی بە خولێکی دیکەی راهێنان دەهێنن

رۆژی چوار شەممە ٣١ـی ئایاری ٢٠٢٣ لە شاری دهۆک بە ئامادەبوونی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان دانا عەبدولکەریم و نوێنەری سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر، رێورەسمی کۆتاییهاتنی خولێکی ئەندازیاریی تایبەت بە رەوشی رێگاوبان و پرد لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رێگاوبانی دھۆک بەڕێوەچوو.


هەر لە رێورەسمەکەدا کە بریکارانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ژمارەیەک لە راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی سنورەکە ئامادەیبوون، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەئامادەبوونی لەو رێورەسمەدا و رایگەیاند؛ خۆشحاڵم لەم شارە خۆشەویستە لەگەڵ ئەندازیاران و مامۆستایان و تیمی وەزارەت کۆبووینەتەوە بۆ بەخشینی بڕوانامە بە ئەندزیارانی بەشداربوو، بێگومان کردنەوەی ئەم جۆرە خولانە رۆڵ و کاریگەری گرنگی دەبێت لە پەرەپێدان و ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.

خولەکە بە سەرپەرشتی هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک بەرێوەچوو کە٤٠ ئەندازیاری وەزارەتی ناوبراو بەگشتی بەشداربوون، و وانەکان لە لایەن مامۆستایانی هەردوو زانکۆ پێشکەش دەکران. لەکۆتایی رێورەسمەکەدا بڕوانامەی دەرچوون بەخشرایە ئەندازیاران و بڕوانامەی رێزلێنان بە مامۆستایان بەخشرا.

جێی ئاماژەیە، پێشتر بە سەرپەرشتی هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک خولێکی سێ مانگە بۆ ٧٠ ئەندازیاری دیکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کرایەوە و وانەکان لە لایەن ١٠ مامۆستای هەردوو زانکۆ گوترانەوە.

وەزیری خوێندنی باڵا بەردی بناغەی پرۆژەی دروستکردنی باڵەخانەی تاقیگەکانی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دانا

رۆژی سێشەممە رێکەوتی 30ـ ئایاری 2023 ب ئامادەبوونی د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پ.د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، د. توانا نەجەف بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەت و مامۆستا هەژار عوسمان بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئاسۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ لە رێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی پرۆژەی دروستکردنی باڵەخانەی تاقیگەکان لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێردانرا.

لەسەرەتای مەراسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس وتەیەکی پێشکەش کرد و ئەمەش دەقەکەیەتی:

“بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

هەموو لایەک بەخێر بێن

بەناوی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

بەخێرهاتنی بەرێزان وەزیری خوێندنی باڵا د. ئارام و بریکاری وەزیر د. عەبدولفەتاح  بەڕێوبەری گشتی دیوان د. توانا و بەڕێز مامۆستا هەژار بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئاسۆ دەکەین

خۆشحاڵین  بە ئامادەبوونیان لەم مەراسیمە.

بەڕێزان هۆکاری راگەیاندنی ئەم پرۆژەیە ئەوەبوو کە دەبێت لە ناو زانکۆکان کەشێکی گونجاو بۆ قوتابیان ئامادەبکرێت بۆ ئەوەی خوێندنی تێدا تەواو بکەن، ئەوەی کە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بەتایبەتی لەم کەمپە هەبوو چەند هۆڵێک و چەند تاقیگەیەک بوو کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی هەشتا ئەو کاتەی کە دروستیش کراوە بە تایبەت بۆ خوێندن دروست نەکرابوو، بۆیە بیرمان لەوەە کردەوە کە پێویستە ئەم تاقیگە و هۆڵانە بگۆڕدرێن بە هۆڵی تازە و مۆدێرن و بۆ فراوانکردنی زانکۆ،

بەرێزان ئەوەی ئێستا تێبینی دەکرێت لەسەر ئاستی جیهان ئاراستەی فێرخوازانی زانست لە هەموو جیهان بەرەو زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانە لەبەر ئەوەی ئەم زانکۆیانە بەشێوەیەکی گشتی لە سەرتاسەری جیهان دەتوانێت بە ئاسانتر خۆی بگونجێنێت لەگەڵ بازاڕی کار، بۆ ئەمەش زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان بەردەوام پێویستییان بە فراوانکردن هەیە، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان چونکە تازەن، لەبەر ئەوە داوا وەزارەتی خوێندنی باڵا و حکومەتی هەرێم دەکەین زیاتر ئاوڕ لە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان بدرێتەوە.

لە لای خۆمەوە زۆر سوپاسی بەڕێزان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکەین کە لە هەموو دانیشتنەکانیاندا لەگەڵ شاندە بیانییەکان فۆکەس دەخەنە سەر خوێندنی تەکنیکی و پیشەییەکان دەکەنەوە لەم روانگەیەوە.

ئەوەی کە گرنگە باسی بکەین ئەوەیە کە پلانێکی ستراتیژیمان داناوە و کاری لەسەر دەکەین بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنی سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەربە زانکۆمان، دروست کردنی ئەم باڵەخانەیە بەشێکە لەو پلانە کە پێکهاتووە لە سێ نهۆم 22 هۆڵی خوێندن و 39 ژووری تایبەت بە کارگێڕی و ئۆفیسی مامۆستایانی تێدایە، هەروەها هۆڵێکی گەورەی سیمنار کە زیاتر لە 100 کورسی لەخۆدەگرێت وە گوژمەی دابینکراو لەسەر داهاتی زانکۆ تەرخانکراوە ئەمەش دوای رێکخستنەوە و پێداچوونەوەمان بە داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی زانکۆ توانیمان ئەو گوژمەیە دابین بکەین و لە ماوەی ساڵێکدا بتوانین ئەم پرۆژەیەی پێ ئەنجام بدەین، جگە لەم پرۆژەیە زۆر پرۆژەی دیکەشمان ئەنجامداوە لەسەر داهاتی زانکۆ هیوادارین هەروەها کاریشی بۆ دەکەین بۆ ئەوەی کەشێکی لەبار بۆ قوتابیان فەراهەم بکەین لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زیار زانکۆکەمان بەرەو پێش ببەین، زۆر سەپاستاد دەکەم و دووبارە بەخێربێن.”

دواتر د. ئارام وەزیری خوێندنی باڵا وتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی:

“سەرەتا بە پێویستی دەزانم سوپاسی برای بەڕێزم  پ.د. ئیدریس هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئەنجومەنی زانکۆکە و مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیانی خۆشەویستی ئەم زانکۆیە بکەم، ئەمرۆ دڵخۆشم کە سیاسەتی لەخۆگرتنەوە و سیاسەتی بەفیڕۆنەدانی ئەو داهاتە کەمەی کە لەبەر دەستی زانکۆکانماندا هەیە لێرە وا گوڵی دەستکەوتەکەی دەپشکوێت ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین بەرهەمی ڕەنج و تەقەلای مامۆستایان ئەنجومەنە بەڕێزەکە و سیاسەتی سەرۆکی زانکۆیە بۆ ئەوەی ئەو داهاتەی کە هەمانە بیخەینە خزمەتی پەرەپێدانی تواناکان و کەمپەسەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی تاقیگە و هۆڵەکان و ژینگەی خوێندنی قوتابیانی زانکۆکان.

بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە کە بارودۆخی ئابووری لە هەرێمی کوردستان چۆنە، ئێمە لە ماوەی سێ ساڵی کارکردنی کابینەی نۆیەم تووشی قەیران و ئاڵنگارییەکی زۆر بووینەوە بەجۆرێک هەندێک کەس پێیان وانەبوو کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆ بەڕێزەکان و مامۆستا و فەرمانبەرەکانی دەتوانن لەژێر باری ئەو قەیران و ئاڵنگارییە قورسانە دەربچێت، بۆیە جێگەی خۆیەتی سوپاسی هەموو مامۆستا و فەرمانبەر و ئەنجومەن و سەرۆکی زانکۆکان بکەین کە پێکەوە توانیمان سوپاس بۆ خوا ئەوەندەی پێمان کرا لە پرۆسەکان دەرباز بین و ئێستا ئاسۆیەکی روونتر لەبەردەم ئێمەدا هەیە.

بەشێوەیەکی گشتی لە ئەجێندای ریفۆرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان رۆڵی یەکجار گرینگیان هەیە و جێگەی سوپاسە ئەو قورساییانەی کە لە وەرگتنی قوتابی و خوێندکار، دابینکردنی ژینگەی خوێندن، دابینکردنی هەلی خوێندن و بەشەناوخۆیی بۆیان بەشی هەرە زۆری دەکەوێتە ئەستۆی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان. ئێمە دڵخۆشین کە کوالیتی خوێندن لەو زانکۆیانە زۆر زۆر باشە وە دەتوانن ساڵ بە ساڵ قۆناغ بە قۆناغ بەشێکی پێویست لە پێداویستیی بازاڕی کار لەو بۆشاییانەی بازاڕی کار لە دروستکردنی ئەو سکیڵانەی کە بازاڕی کار لە کوردستان پێویستی پێیەتی پێبگەیەنن.

هەمیشە وتومانە و دەیڵێنەوە وەزارەت سەرباری ئەرکە ئەکادمییەکانی سەرباری سکیڵ و پسپۆڕییەکانی ئەرکێکی گەورەتریشی لەسەر شانە ئەویش دروستکردنی ئینتیمای نیشتمانییە، چونکە نیشتمانەکەمان پێویستی بەوەیە کە بە هەموومانەوە دڵسۆزانە کاری بۆ بکەین و کاربکەین بۆ ئەوەی گەنجەکانمان کە بۆ ماوەی چوار ساڵ  لە زانکۆ دەخوێنێت و 12 ساڵ لە تەمەنی خۆی لە پەروەردەدا بەڕێ کردووە کارێکی دەست بکەوێت و بێکار نەمێننەوە بە هۆی کارەکەیەوە ژیانێکی شەرەفمەندانە و سەربەرزانە بۆ خۆی دابین بکات و خزمەتێکی نیشتمانەکەشی بکات.

جارێکی دیکە سوپاسی برای بەڕێزم د. ئیدریس سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەنجومەنی زانکۆ و یەک بەیەکی مامۆستاکان دەکەم، دووخاڵی گرنگ هەیە دەمەوێت باسی بکەم لە کۆتایی قسەکانمدا:

 خاڵی یەکەمیان: لە ماوەی رابردوودا جۆرناڵی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دڵخۆشییەکی زۆری پێبەخشیم کە چووەتە سەر ئێلسڤیێر کە ئەوە یەکێکە لە ئامانجە هەرە گەورەکانی وەزارەتمانە بۆ ئەوەی ژینگەیەکی تەندروست بۆ توێژینەوەکانمان وە بۆ توێژەرەکانمان دابین بکەین. لە ئێڵسڤیێر زۆربەی هەرەزۆری هەڵسەنگێنەرەکان دەرەکین هیچ جۆرە چاوپۆشی و واستە و واستەکاری بەدەر دەبن لەو گلەیی و گازاندانەی کە لە ئاست و نەوعیەتی توێژینەوەکانی ئێمە دەکرێت، ئەمەش خاڵێکە جێگەی شانازی و دەستخۆشییە بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هیواداریم زانکۆکانی دیکە چاو لە ئێوە بکەن و بتوانن بەم ئاراستەیە بەم کوالیتییە بەم لیڤڵە بەرزە دەرفەت و ژینەگە و هەلومەرجی گونجاو بۆ توێژینەوە و گۆڤارەکان بڕخسێنن.

خاڵی دووەم: پشکۆکردنی ئەم خونچەیەیە کە ئێمە ئێستا لێرەین لە رێگەی دەستەبەرکردن و کەمکردنەوەی خەرجییەکان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر 22 هۆڵ و تاقیگەی زانستی دەخاتە خزمەتی قوتابییەکانەوە ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە دەستپێشخەرییەکی گەورەیە ئەتوانم بڵێم رەچەشکێنێکی تازەی گەورەیە من هیوادارم زانکۆکانی دیکە لەم رووەشەوە چاو لەم زانکۆ بەڕێزە بکەن لەو کار و پرۆژانەی کە هەیانە، جارێکی تر سوپاس بۆ ئەم زنکۆیە و هەموو ئەو بەڕێزانەی کە لەم زانکۆیەن بە مامۆستا و فەرمانبەر و بە قوتابییە خۆشەویستەکانییەوە، ئێمەش وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی ئەم زانکۆیە، زۆر سوپاس و دووبارە پیرۆزبایی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەکەم.”

دواتر لە لایەن وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی زانکۆ و بریکاری وەزیر و سەرۆکی زانکۆ و بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بەردی بناغەی پرۆژەکە دانرا.

شیاوی باسە ئەم پرۆژەیە پێکهاتووە لە سێ نهۆم و لە 22 هۆڵی خوێندن و تاقیگە و 39 ژووری تایبەت بە کارگێڕی و ئۆفیسی مامۆستایان و هۆڵێکی گەورەی سیمنار و لەسەر داهاتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە گوژمەی (947.000.000) ملیۆن دینار، لە لایەن ئەندازیارانی بەڕێوبەرایەتی ئەندازە و پرۆژەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ دیزاین کراوە و هەر ستافی بەڕێوبەرایەتییەکەش سەرپەرشتی دروستکردنەکەی دەکەن.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەرفەتی مەشقی هاوینە بۆ قوتابیانی قۆناغی سێیەمی زانکۆمان لە وڵاتانی عەرەبی رادەگەیەنێت

دوای ئەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری کرد لە 28ـەمین کۆڕبەندی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ راهێنانی هاوینە لە وڵاتی مەغریب، لە ئێستادا قوتابیانی قوناغی سێیەمی کۆلێژەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە بوارە جیاوازەکان دەرفەتی پێشکەشکردنیان هەیە کە لە وڵاتانی عەرەبی (میسر و سەڵتەنەتی عومان) مەشقی هاوینە ئەنجام بدەن، کە ماوەی 21 رۆژ دەخایەنێت.

هەر قوتابییەک ئارەزووی بەشداریکردنی هەیە لە رێگەی ئەو لینکەی خوارەوە دەتوانێت ناو و زانیاری خۆی تۆمار بکات بە پێی ئەم مەرجانەی خوارەوە:

1-قوتابی قۆناغی سێیەم بێت.
2-زمانی عەربی بەباشی بزانێت.
3-بلیتی فرۆكە لەسەر ئەستۆی قوتابی خۆیەتی (خواردن و شوێنی مانەوە و هاتووچۆی ناو وڵاتی میواندار لەسەر زانکۆیە).
4- کۆتا کات بۆ پێشکەشکردن رۆژی 31/5/2023 دەبێت.

*تێبینی:- رێژەکە دیاریکراوە و تەنها 7 قوتابی دەتوانن بەشداربن لەم مەشقە (5 قوتابی لە وڵاتی میسر، 2 قوتابی لە وڵاتی عومان).

بۆ خۆتۆمارکردن لێـــــــــــرە کلیک بکە:

یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی بەغدا واژۆ کرا

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پ.د.مونیر حەمید ئەلسعەدی، سەرۆکی زانکۆی بەغدا واژۆیان لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو زانکۆ کرد.

رۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٣، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەردانی زانکۆی بەغدای کرد لە لایەن پ.د.مونیر حەمید ئەلسعەدی بە گەرمی پێشوازیی لێکرا.

لە دیدارەکەدا کە پ.ی.د.نەجیب تۆما، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا ئامادەی بوو، باس لە پێویستی هەماهەنگیی لەنێوان هەردوو زانکۆ بەتایبەت لە بواری ئەکادیمی و زانستی کرا.

هەر لە دیدارەکەدا، سەرۆکی زانکۆی بەغدا کورتەیەکی لەسەر مێژووی زانکۆی بەغدای بۆ شاندی میوان باس کرد کە یەکەم خولی دەرچووانی زانکۆکە لە ساڵی ١٩١١ بووە، هاوکات باس لە مێژووی دروستبوونی یەک بەیەکی کۆلێژەکانی سەربە زانکۆکەی کرد.

لای خۆیەوە پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سوپاسی سەرۆکی زانکۆی بەغدای کرد بۆ پێشوازییان، هاوکات کورتەیەکی لەبارەی مێژووی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و کۆلێژەکانی بۆ سەرۆکی زانکۆی بەغدا خستەڕوو.

هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا بەشێک لە کار و چالاکییەکانی زانکۆی بەغدا نیشانی ئامادەبووان درا.

پاشان یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو زانکۆ لە لایەن پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی و پ.د.مونیر حەمید ئەلسعەدی، سەرۆکی زانکۆی بەغدا واژۆ کرا.

بەگوێرەی یاداشتەکە کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاری پێدەکرێت، وێڕای پەرەپێدان بە هەماهەنگیی ئەکادیمی و زانستی لەنێوان هەردوو زانکۆ، هاوکات هەردوولا کار دەکەن بۆ ناردنی مامۆستا و توێژەران و فەرمانبەرانی کارگێری بۆ زانکۆکانی یەکتر بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی یەکتر.

هەروەها هەردوو زانکۆ قوتابیانیان بۆ مەشقی هاوێنە بۆ زانکۆکانی یەکتر دەنێرن، هاوکات کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش و وۆرکشوپ و ئاڵۆگۆڕی زانیاریی، پڕۆگرامەکانی خوێندن، توێژینەوەی زانستی بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی، هەروەها هەردوو زانکۆ بە هەماهەنگیی کاردەکەن بۆ رێکخستنی چالاکی ئەکادیمی و زانستی.

دوای ئاڵوگۆڕی دیاری و لۆگوی هەردوو زانکۆ، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەرۆکی زانکۆی بەغدا گەڕانێکیان بەناو زانکۆی بەغدا کرد و لەناو تاوەری زانکۆوە شوێنی مێژوویی بەغدا و زانکۆی بەغدا لەسەر رووباری دیجلە نیشانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر درا.