Daily Archives: حوزه‌یران 19, 2023

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دامەزراوەی وێستگە بۆ کارگێڕی وپێگەیاندنی گەنجانی عێراقی و کوردستانی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 19ـی حوزەیرانی 2023 پرۆفیسۆر د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆ پێشوازی کرد لە فادی جۆرج زێباری، رێکخەری کۆمەڵگە لە دامەزراوەی وێستگە (The Station) بۆ دەستپێشخەری کار و پێگەیاندنی گەنجانی عێراقی و کوردستانی.

لە دیدارێکدا کە هەریەکە لە پ.ی.د. نەجیب تۆما یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، پ.ی.د. رەنج سیروان بەڕێوبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مامۆستا کۆڤان عومەر بەڕێوبەری سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار لە سەرۆکایەتی زانکۆمان ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا دەربارەی پێکەوە کارکردن و هەماهەنگی لەرێگەی ئەنجامدانی خوولی پەرەپێدانی تواناکانی قوتابیان و دەرچووانی زانکۆمان لە لایەن دامەزراوەکەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دامەزراوەی وێستگە واژووکرا کە خۆی دەبینێتەوە لە پێکەوە کاردن بۆ کردنەوەی چەندین خوولی بەهێزکردنی گەنجان و پێگەیاندنی خوێندکار و تازە دەرچووانی زانکۆکەمان و شارەزاکردنیان بە بازاری کار و بواری کارسازی و پشتگیری کردنی ئەوانەی خاوەن بیرۆکەی داهێنەرانە و بیرۆکەی بزنسی سەربەخۆن.

لەو چوارچێوەیەشدا پرۆژەیەک راگەیەندرا کە پێکهاتووە لە چەند قۆناغێک و قۆناغی یەکەم کە لە تەواوبووندایە بریتی بوو لە پێدانی خولی ڕاهێنانی ڕاهێنەران (TOT) بۆ ئامادەکردنی چەندین ڕاهێنەری بەتوانا لە بواری کارسازی و دیزاینکردنی بیرۆکە, بۆ ئەوەی لە قۆناغی دووەمی پڕۆگرامەکە هەمان ئەو ڕاهێنەرانە مەشق بدەن بە قوتابیان لەنێو زانکۆکەماندا.

ئەم ‎شیاوی باسە ئەم پرۆژەیە لەلایەن ئاژانسی ئەڵمانی بۆ هاریکاری نێودەوڵەتی (GIZ) وەک نوێنەری وەزارەتی فیدراڵی بۆ هاریکاری و گەشەپێدانی ئابوری (BMZ) پاڵپشتی دارایی دەکرێت بە سپۆنسەری کۆڕەک تیلیکۆم, وە لەلایەن دامەزراوەی المحطة جێبەجێ دەکرێت.

دامەزراوەی وێستگە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2018 وەک ڕێکخراوێکی سەربەخۆ و ناحکومی و قازانج نەویست دامەزراوە و هاوکاری گەنجی خاوەن بیرۆکەی تازە و داهێنەرانە دەکات بۆ ئەوەی پێیان بخەنە ناو جیهانی بازرگانی و کەرتی تایبەتەوە. بە گشتی بەرنامەکانی دامەزراوەکە بۆ بەرزکردنەوەی لێهاتوویی کۆمەڵگە داڕێژراون، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر کۆمەڵگە دەبێت و دڵنیایدانە لەوەی نەوەی داهاتوو بە کارامەیی پێویست بۆ ئەوەی پڕۆژەکانیان بەرەو داهاتوو ببەن.