Daily Archives: حوزه‌یران 11, 2023

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆتایی بە خولی حەوتەمی پێداگۆجی هێنا و بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکە دابەشکرا

 

بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە رێوڕەسمێکدا کۆتایی بە خولی حەوتەمی پێداگۆجی هات و بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکە دابەشکرا.

 

لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا، بەڕێوەبەری سەنتەری پێداگۆجی، د.خەلیل حەسەن یونس بەناوی خۆی و بەشداربووانی خولەکەوە بەخێرهاتنی سەرۆکی زانکۆی کرد و سوپاسی کرد بۆ ئامادەبوونی لەو رێوڕەسمەدا.

 

د.خەلیل حەسەن یونس راشیگەیاند، لە خولی حەوتەمی پێداگۆجی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، ٨٢ کەس بەشداربوون  لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا بۆ ماوەی شەش مانگ لەلایەن مامۆستایانی پێداگۆجی چۆنییەتی رێگاکانی وانەگوتنەوەیان بەشێوازی سەرەمییانە پێدرا.

 

دواتر پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە گوتەیەکدا وێڕای پیرۆزبایی و ئومێدی سەرکەوتن بۆ بەشداربووانی خولەکە، هاوکات باسی لە گرنگی رۆڵی مامۆستای لە بەرەوپشبردنی زانکۆکان بەشێوەیەکی گشتیی کرد.

 

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئاماژەدان بە گرنگی خولی پێداگۆجی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆر وەک یەکێک لە پێداویستییەکانی بەخشینی نازناوی زانستی، هاوکات ئاماژەی لە رۆڵی مامۆستایانی وانەبێژی خولەکە بۆ گەیاندنی شێوازی سەرەدمییانە بۆ وانەگوتنەوە بە بەشداربووانی خولەکە لە زانکۆکاندا.

 

سەرۆکی زانکۆ باسی لەوەشکرد کە تەنیا ئەم خولە بەس نییە بۆ بوون بە مامۆستایەکی پێشەنگی لە زانکۆ، بەڵکو پێویستە مامۆستای زانکۆ بەتوانا بێت لە پسپۆری خۆی و هەوڵ بدات پەرەبە خۆی بدات پەیڕەوی ئەو سێکوچکەیە بکات کە بریتییە لە ( التعليم ، التعلم ، البحث العلمي) و ستراجیاتی وانەگوتنەوەی جیاواز بەکار بێنێت، هەروەها تەکنەلۆجیای سەردەم بۆ وانەگوتنەوە بەکاربهێنێت.

 

هەر لە گوتارەکەیدا، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، باسی لە گرنگی ئەرکەکانی مامۆستا لە ناو زانکۆ کرد و پێگەی مامۆستایانی زانکۆ لەناو کۆمەڵگە و رۆلیان لە بەرەپێشبردنی ئاستی مەعریفی و ئابووری و کۆمەڵایەتییدا بەرزنرخاند.

 

دواتر م.فوئاد عەلی سمایل، بەڕێوەبەری پێداگۆجی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەناوی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان دەستخۆشی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و مامۆستایانی وانەبێژی خولەکە کرد و پیرۆزبایی لە دەرچووانی خولەکە کرد.

 

بەڕێوەبەری پێداگۆجی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی لە گرنگی لە خولی پێداگۆجی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا کردەوە.

 

هاوکات سوپاسی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری کرد بۆ پشتیوانی بەردەوامی لە خولەکە و بەناوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پشتیوانی بۆ زانکۆ و سەنتەری پێداگۆجی دووپات کردەوە.

 

پاشان لەلایەن سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژمارەیەک لە مامۆستایانی وانەبێژی خولەکە و ئامادەبووانی دیکەوە بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکە دابەشکرا.

 

ڕاگری کۆلێژ بەدواداچوون بۆ باخچە و چیمەن و دار و نەمامەکانی کۆلێژ دەکات

ڕاگری کۆلێژ بەدواداچوون بۆ باخچە و چیمەن و دار و نەمامەکانی کۆلێژ دەکات

“هەر کەس یەک ڕۆژ سەردانی (کۆلێژی تەکنیکی سۆران) ی کردبێت، گەواهی ڕازاوەیی و سروشت و ژینگەی باخچە و چیمەن و دارەکانی دەدات”

ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٦/١١ ، بە مەبەستی زیاتر گرنگیدان بە باخچە و چیمەن و دار و نەمامەکان و چاودێریکردنی زیاتر بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی دڵڕفێنی کۆلێژەکەمان ، (م. پاکستان محەمەدامین یوسف ) ڕاگری کۆلێژ لەگەڵ ( م. شیرین ئیسماعیل ) بەرپرسی هۆبەی کارگێری ، لەگەڵ سەرجەم کارمەند و باخەوانانی کۆلێژ کۆبوونەوە و لە نزیکەوە یەکە یەکە باخچە و چیمەنەکانی کۆلێژیان بەسەرکردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کەموکووڕی و پێشنیازی گرنگ بۆ پاراستن و بەرفراوانکردنی سەوزایی کۆلێژەکەمان ئاڵوگۆڕکرا، تێیدا ڕاگری کۆلێژ بە وردی گوێی بە داواکارییانیان گرت و پشتگیری کردن، هەروەها لەلایەن خۆیانەوە باخەوانانیش بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییە نوێیەکان لە پێناو پاراستن و گرنگیدان بە سەوزایی خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و ئامادەکارییان نیشاندا.

ڕاگری کۆلێژ هیوای خواست لە ڕووی فەراهەمکردن و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەباری زانستیی، لەگەڵ ژینگەیەکی دڵڕفێن و سروشتی زیاتر بۆ قوتابیانمان دەستەبەربکەین، بە هەموو لایەک پارێزگاری لەو دەستکەوتە ژینگەییە بکەین.

لێژنەی ئامادەکاری تاقیکردنەوەی توانستی زانستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئاگادارییەکی بۆ پێشکەشکارانی خوێندنی باڵا ( دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا ) بڵاوکردەوە

لە ئاگادارییەکەی لێژنەی ئامادەکاری تاقیکردنەوەی توانستی زانستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هاتووە ، ئاگاداری سەرجەم پێشکەشکارانی خوێندنی باڵا ( دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا )ـی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەکەینەوە کە کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 12ـی 6ـی 2023 تاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەستپێدەکات.

بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەکەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر داوا لەگشت پێشکەشکاران دەکات ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:

  1. پێویستە پێشکەشکار وێنەیەکی ڕەسەنی یەکێک لەم بەڵگەنامانە(پاسپۆرت، کارتی نیشتمانی یان ناسنامەی باری شارستانی)ـی پێ بێت.
  2. تاقیکردنەوەکان لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر لە هۆڵەکانی ( بەشی ئەندازیاری شارستانی، ئەندازیاری میکانیک و وزە و ئەندازیاری سیستەمی زانیاری ) ئەنجامدەدرێت.
  3. هەموو جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی زیرەک ( مۆبایل، کاتژمێری زیرەک و هاوشێوەکانی ) قەدەغەیە بەپێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن.
  4. بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان تەنها بە پێنووسی جاف (شین) دەبێت کە لەلایەن زانکۆوە دابین دەکرێت.
  5. پێویستە پێشکەشکار یەک کاتژمێر بەر لە دەستپێکی تاقیکردنەوە لە باڵەخانەی تاقیکردنەوەکان ئامادەبێت بەمەبەستی دۆزینەوەی ناوەکەی و هۆڵی تاقیکردنەوە و وەرگرتنی ڕێنمایی پێویست.

بە هیوای سەرکەوتن بۆ سەرجەم پێشکەشکاران

ڕاگەیاندنی کۆلێژی تەکنیکی سۆران

……دەستخۆشی و پێزانین……

دوابەدوای گۆڕانکاری و گۆڕینی ناوی ( پەیمانگەی تەکنیکی سۆران ) بۆ ( کۆلێژی تەکنیکی سۆران )، بەرپرسیارەتی و ئەرکی سەرشانمانی قورستربووە و ئامادەکاری و دابینکردنی پێداویستییەکانی زیاتربوونە، وەکو: کەرەستە و پێداویستی پزیشکی و ئامێرەکانی تاقیگەی زۆرتر و کوالێتی باشتر، هەروەها دابینکردنی شوێنی گونجاو و هۆڵی خوێندن و تاقیگەی تازە، … هتد.

خۆشبەختانە ( پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی ) سەرۆکی زانکۆ و سەرۆکایەتی زانکۆمان ( زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ) بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی کەموکوڕییەکان بە پەرۆش و هاریکار و پاڵپشت هاتوونەتە پێشەوە، ئەم پێداویستییانەی بۆ کۆلێژ دابینکردووە:
– کۆمپیوتەر
– تاقیگە

سەرەڕای ئەم پێداویستییانەی سەرەوە، بڕیاری دروستکردنی نهۆمی دووەمی دراوە و ئێستا بەشێکی باشی کارەکانی نهۆمەکە تەواو بووە، کە پێکهاتووە لە : ( 5 هۆل و ژوورەکانی مامۆستایان و سەرۆک بەش و بڕیاردەر ) ، کە جێگەی دەستخۆشی و پێزانینمانن و بە هیوای بەردەوامی و پاڵپشتی زیاتر.

بە پێویستی دەزانین ئەم دەستکەوتە مەزنانە لە دەڤەرەکەمان پیرۆز بکەین ، دەستخۆشی لە هەموو لایەک بکەین، کە پاڵپشتی زانست و بەرەوپێشچوونە.

هەمیشە شاد و تەندروست بن.

پاکستان حەمەدامین یوسف
ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران 
٢٠٢٣/٦/٦