زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆتایی بە خولی حەوتەمی پێداگۆجی هێنا و بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکە دابەشکرا

 

بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە رێوڕەسمێکدا کۆتایی بە خولی حەوتەمی پێداگۆجی هات و بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکە دابەشکرا.

 

لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا، بەڕێوەبەری سەنتەری پێداگۆجی، د.خەلیل حەسەن یونس بەناوی خۆی و بەشداربووانی خولەکەوە بەخێرهاتنی سەرۆکی زانکۆی کرد و سوپاسی کرد بۆ ئامادەبوونی لەو رێوڕەسمەدا.

 

د.خەلیل حەسەن یونس راشیگەیاند، لە خولی حەوتەمی پێداگۆجی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، ٨٢ کەس بەشداربوون  لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا بۆ ماوەی شەش مانگ لەلایەن مامۆستایانی پێداگۆجی چۆنییەتی رێگاکانی وانەگوتنەوەیان بەشێوازی سەرەمییانە پێدرا.

 

دواتر پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە گوتەیەکدا وێڕای پیرۆزبایی و ئومێدی سەرکەوتن بۆ بەشداربووانی خولەکە، هاوکات باسی لە گرنگی رۆڵی مامۆستای لە بەرەوپشبردنی زانکۆکان بەشێوەیەکی گشتیی کرد.

 

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئاماژەدان بە گرنگی خولی پێداگۆجی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆر وەک یەکێک لە پێداویستییەکانی بەخشینی نازناوی زانستی، هاوکات ئاماژەی لە رۆڵی مامۆستایانی وانەبێژی خولەکە بۆ گەیاندنی شێوازی سەرەدمییانە بۆ وانەگوتنەوە بە بەشداربووانی خولەکە لە زانکۆکاندا.

 

سەرۆکی زانکۆ باسی لەوەشکرد کە تەنیا ئەم خولە بەس نییە بۆ بوون بە مامۆستایەکی پێشەنگی لە زانکۆ، بەڵکو پێویستە مامۆستای زانکۆ بەتوانا بێت لە پسپۆری خۆی و هەوڵ بدات پەرەبە خۆی بدات پەیڕەوی ئەو سێکوچکەیە بکات کە بریتییە لە ( التعليم ، التعلم ، البحث العلمي) و ستراجیاتی وانەگوتنەوەی جیاواز بەکار بێنێت، هەروەها تەکنەلۆجیای سەردەم بۆ وانەگوتنەوە بەکاربهێنێت.

 

هەر لە گوتارەکەیدا، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، باسی لە گرنگی ئەرکەکانی مامۆستا لە ناو زانکۆ کرد و پێگەی مامۆستایانی زانکۆ لەناو کۆمەڵگە و رۆلیان لە بەرەپێشبردنی ئاستی مەعریفی و ئابووری و کۆمەڵایەتییدا بەرزنرخاند.

 

دواتر م.فوئاد عەلی سمایل، بەڕێوەبەری پێداگۆجی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەناوی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان دەستخۆشی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و مامۆستایانی وانەبێژی خولەکە کرد و پیرۆزبایی لە دەرچووانی خولەکە کرد.

 

بەڕێوەبەری پێداگۆجی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی لە گرنگی لە خولی پێداگۆجی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا کردەوە.

 

هاوکات سوپاسی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری کرد بۆ پشتیوانی بەردەوامی لە خولەکە و بەناوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پشتیوانی بۆ زانکۆ و سەنتەری پێداگۆجی دووپات کردەوە.

 

پاشان لەلایەن سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژمارەیەک لە مامۆستایانی وانەبێژی خولەکە و ئامادەبووانی دیکەوە بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکە دابەشکرا.